Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 23:39

سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای کار لە هەرێمی کوردستان دەکات

کوردستان TV
100%

 سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بە بۆنەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای کار لە هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ئەم یاسایە، هەموو مافەکانی کرێکاران لە ڕووی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی و مافە یاساییەکانی کرێکاران دابین دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 01ـی 03ـی 2023 پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیاسای کار لە هەرێمی کوردستان پەسەندکرد، لەمبارەیەوە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دەستخۆشی لە پەرلەمانی کوردستان دەکەم کە ئەمڕۆ بە کۆی دەنگ، (پڕۆژەی یاسای کار لە هەرێمی کوردستان)ی پەسەند کرد. هەروەها دەستخۆشی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئامادەکردنی ئەم پڕۆژەیاسا گرنگە و پێشکەشکردنی بە پەرلەمانی کوردستان.

ڕاشیگەیاند: پیرۆزبایی لە کرێکارانی کوردستان دەکەم کە ئەم یاسایە، ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە پاراستنی مافەکانی کرێکاران بەگشتی و بەتایبەتی دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکارانی ئافرەت و نەهێشتنی هەموو جۆرە کارێکی زۆرەملێ و سنووردانان بۆ هەموو ستەم و چەوساندنەوەیەکی کرێکاران و نەهێشتنی کارکردنی منداڵان.

سەرۆکی حکوومەت لە پەیامەکەی هەروەها دەڵێت: ئەم یاسایە، هەموو مافەکانی کرێکاران لە ڕووی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی و مافە یاساییەکانی کرێکاران دابین دەکات. ئەم یاسایە یارمەتی خاوەنکارانیش دەدات بۆ دۆزینەوەی کرێکاری گونجاو و ڕێکخستنەوەی هەلومەرجەکانی کارکردن و پەیوەندییەکانی کرێکاران و خاوەنکاران، لە سەر بنەمایەکی تەندروست و دادپەوەرانە.

مەسرور بارزانی دەشڵێت: پاراستنی مافي کرێکارانی کوردستان، بە تایبەتی ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لە پێناو پاراستنی مافە یاساییەکانیان و دابینکردنی داهاتووی کرێکارانی کوردستان.

سەرۆکی حکوومەت لە کۆتایی پەیامەکەی ئاماژەی بەوەش داوە کە "بەم بۆنەیە، پابەندبوونی خۆمان بە بەردەوامبوون لە سەر پاراستنی مافی کرێکاران و  کارکردن لە پێناو باشترکردنی دۆخی ژیانیان دووپات دەکەینەوە."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.