جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به توندی سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و ده‌ستدرێژییانه‌ی كرد كه ده‌كرێته سه‌ر جوتیارانی كورد له شاری كه‌ركووك و جه‌ختیشی كرده‌وه كه ده‌ستدرێژییانه به پاڵپشتی فه‌رمانده‌كانی فیرقه‌ی هه‌شتی سوپای عێراق ئه‌نجام ده‌درێت.
شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌م له به‌یاننامه‌یه‌كدا زۆر به توندی سه‌ركۆنه‌ی دووباره‌بوونه‌وه‌ی ده‌ستدرێژی و زیاده‌ڕۆیی بۆ سه‌ر جوتیاره كورده‌كان كرد، به‌رێگریکردن له به‌كارهێنانی زه‌وییه‌كانیان له سنووری پارێزگای كه‌ركووك له‌لایه‌ن فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی فیرقه‌ی هه‌شتی سوپای عێراقه‌وه بە ئامانجی دروستكردنی كێشه و قه‌یران له‌نێو پێكهاته‌كاندا .
شاخه‌وان عه‌بدوڵا داوای له محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كان كرد ده‌ستبه‌جێ دەستوەردان بکات و ئه‌و ده‌ستدرێژییانه بووه‌ستێنێت و دامه‌زراوه سه‌ربازییه‌كانی ناو پارێزگاكه كۆنترۆڵ بكات و رێگری بکات له به‌كارهێنانی سوپا له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێك لایه‌ن.
له به‌یاننامه‌كه‌دا جه‌ختیشی کرده‌وه كه ئەو کارە پێچه‌وانه‌ی یاسا و ده‌ستوورە، هاوكات لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی په‌رله‌مانی عێراقیشی راسپارد به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پرسه بکه‌ن و له ده‌ستدرێژییه‌كانی جوتیارانی كورد له شاری كه‌ركووك بکۆڵنەوە.
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له به‌یاننامه‌كه‌دا گوتیشی: سەرەڕای پەیوەندی بەردەواممان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران لە چەند رۆژی رابردوو، به‌ڵام ده‌ستدرێژییه‌كانی فیرقه‌ی هه‌شت هێشتا به‌رده‌وامه به ئامانجی ڕاگواستنی كورده‌كان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌عسییه‌كان و نیشته‌جێكردنیان له ناوچه‌كه .
شاخه‌وان عه‌بدوڵا له به‌شێکی تری بەیاننامه‌كه‌دا داوای كرد په‌له بكرێت له ده‌ركردنی یاسا بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بریاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی هه‌ڵوه‌شاوە بۆ ئه‌وه‌ی سنوورێك بۆ دیارده‌ی ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر جوتیاره كورد و توركمانه‌كانی ناوچه‌كه دابنرێت .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.