Erbil 38°C شەممە 28 کانونی یەکەم 03:10

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان : بەپێی پێشبینییەكان مانگی 3 و 4 بارانێكی باش لە ناوچەكەمان دەبارێت

ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان نەگەیشتۆتە ساڵی پار 
کوردستان TV
100%

سامان ئیسماعیل محەمەد، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، ئاماژە بەوە دەكات كە لەم كاتەدا، گلدانەوەی ئاو یەك ملیار و 35 ملیۆن مەتر سێجایە كە دەكاتە لەسەدا 37ی رێژەی گلدانەوەی بەنداوەكە و بەراورد بە ساڵی پار لەم كاتانەدا، 100 ملیۆن مەتر سێجا كەمترە.
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان لە لێدوانێكدا ئاماژە بەوە دەكات كە ماوەی چوار ساڵە ئاست و داهاتی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان كەم بووەتەوە، چونكە لە دوای ساڵی 2019ـەوە ناوچەكە بە وشكەساڵیدا تێپەڕیوە دەڵێت :لەو ماوەیەدا بەشێوەیەكی بەرچاو باران كەم بووە، ئەمساڵ نەبێت كە رێژەی بارانبارین لە هەموو ناوچەكان بەگشتی باشە تاكو ئێستا.
سامان ئیسماعیل محەمەد ئاماژە بەوە دەكات كە لەئێستادا، گلدانەوەی ئاو یەك ملیار و 35 ملیۆن مەتر سێجایە لە بەنداوی دەربەندیخان و گوتی: لەم رێژەیەش نزیكەی لەسەدا 37ی رێژەی خەزنی بەنداوەكەمانە. خەزنی ئاومان بەراورد بە ساڵی پار ئەم كاتانە، نزیكەی 100 ملیۆن مەتر سێجا كەمترە، لەبەرئەوەی داهاتمان لە مانگی یەك و دوو لە ساڵی پار كەمتر بووە.
گوتیشی: 'ئاستی بەردانەوەی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان بەپێی پلانێكە خۆمان دایدەڕێژین. پلانی زستانە و هاوینەمان هەیە و بەپێی گونجاندنە لەگەڵ ناوچەكەمان. لەئێستادا نزیكەی 15 مەتر ئاو سێجا لە چركەیەكدا بەردەدەینەوە. ئەمەیش كەمترین ئاستی بەردانەوەی ئاوە لە مانگی دوودا، چونكە داهاتی ئاومان كەمە و دەمانەوێت ئاوی زیاتر گل بدەینەوە بۆ وەرزی هاوین.
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، لەبارەی هۆكاری كەمبوونی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان گوتی: 'داهاتمان لە ماوەی سێ چوار ساڵی رابردوودا كەمی كردووە، ئەوەی پەیوەستە بە ناوخۆوە لە ئێرانەوە بۆمان دێت و ئەویش كەمی كردووە. ئەوەی ئێمە گوێمان لێی بووە كە زانیاریی فەرمی نیین، ئاستی بەنداوەكانی ئێرانیش كەمی كردووە و لە نیوەدایە. كەمیی ئاو لە ئێراندا وا دەكات ئێمەیش داهاتی ئاومان كەم بێت. ئەوەی لەم چوار ساڵەدا لە ئاستی داهاتی ئاو روویداوە لە مێژووی بەنداوی دەربەندیخاندا نەبووە. بەراورد بە ساڵی پار، نزیكەی دوو مەتر و حەفتا سانتیمەتر ئاستی ئاومان كەمترە، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە و بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی مانگی سێ و چوار بارانێكی باش لە ناوچەكەمان دەبارێت.
سامان ئیسماعیل محەمەد لەبارەی چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەی كەم بەردانەوەی ئاو بۆ دەریاچەكان لەلایەن ئێرانەوە، بە ئەركی وەزارەتی دەرەوەی حكوومەتی عێراقی دەزانێت كە ئەو كێشەیە چارەسەر بكات و گوتی: 'سەبارەت بە بەردانەوەی ئاو لە ئێرانەوە، ئەوە زیاتر ئیشی وەزارەتی دەرەوەیە لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو لە حكوومەتی عێراقی كە دەستوەردان لەو مەسەلەیە بكەن تاكو ئێمە، لەبەرئەوەی ئێمە لەوبارەیەوە هیچ دەسەڵاتێكمان نییە.
سامان ئیسماعیل محەمەد سەبارەت بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەگەری روودانی بومەلەرزە گوتی: 'وەك بەنداوی دەربەندیخان بەدوداچوون و چاودێریی بەردەواممان هەیە لە دوای روودانی بوومەلەرزەكەی ئەمدواییانەی توركیا، بۆمان دەركەوتووە كە هیچ زیانێكی لەسەر بەنداوەكەی ئێمە نەبووە، بەڵام خەزنیشمان ئەوەندە بەتاڵە، ئەگەر هەر لافاو یان شتێكی دیكەیش ڕووبدات توانای خەزنی ئەو بڕە ئاوەمان هەیە كە ئەگەر وەك لافاو بێت بەرەو ناوچەكەی ئێمە.
سامان ئیسماعیل محەمەد سەبارەت بە پرسی ئاودێریی لە زەوییە كشتوكاڵییەكانی پشتی بەنداوەكە دەڵێت ''ئاودێریی لە سنووری قەزای دەربەندیخان كەمە تا دەگاتە قەزای كەلار. لە دەربەندیخان هەتا دەگاتە سنووری كەلار ئاوی رووباری سیروان تەنها بۆ ئاوخواردنەوە بەكاردەهێنرێت و تاكو ئێستا سوودی دیكەمان لەم رووبارە نەبینیوە. ئاوەكەیش ئەوەندە كەم بووەتەوە كە رەنگە بەشی ئاودێرییش نەكات.
ڕووباری سیروان لە زنجیرە چیاكانی زاگرۆس لە ئێران لە نزیك شاری سنە و لە چیای چلچەمە نزیك شارەكانی سەقز و دیواندەرەوە ھەڵدەقوڵێت و سەرچاوە دەگرێت. پاشان لە رێی ناوچەی ھەورامانەوە دێتە هەرێمی كوردستانی عێراق دواتر لە باشووری شاری بەغدای پایتەختی عێراقەوە دەڕژێتە رووباری دیجلەوە.
رووباری سیروان درێژییەكەی لە ھەردوو دوو دیوی هەرێمی كوردستان و عێراقدا دەگاتە 445 كیلۆمەتر، چەندین شار دەكەونە سەری لەوانە دەربەندیخان، كەلار، باقووبە. دوو بەنداوی لەسەر دروستكراوە كە بەو ھۆیەشەوە دوو دەریاچەی دروستكردووە كە دەریاچەی دەربەندیخان و دەریاچەی حەمرین-ن.
لە هەرێمی كوردستان 17 بەنداو هەن، گەورەترینیان بەنداوەكانی دووكان و دەربەندیخانن؛ بەنداوی دووكان لە ساڵی 1959 لەلایەن كۆمپانیایەكی بەریتانی دروستكراوە ‌و بەنداوی دەربەندیخانیش لە ساڵی 1961 لەلایەن كۆمپانیایەكی ‏ئەمریكییەوە دروستكراوە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.