Erbil 38°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 10:25

شه‌ماڵ سائیب ..داهێنه‌ر، پێشه‌نگ و ئاڵاهه‌ڵگری ئاوازدانان له‌سه‌ر هۆنراوه‌ ...!

( 1931_ 7/11/1986)
کوردستان TV
100%

كاتێك گوێبیستی هەریەك لە گۆرانیەكانی ( ئەرێ‌ لەیلێ‌ ، هاتی بۆهاتی ، لەیارەوە ، هاوار سه‌دهاوار ،ئازیز بەهارە و وه‌ره‌ وه‌ره‌  و...تاد ) ده‌بین ڕاسته‌وخۆ هزر و هۆشمان دەدات له‌ شەقەی باڵ و بەرەو دونیا ساكار و پڕ له‌جوانی  و هه‌واره‌ ئارام به‌خشه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند شەماڵ سائیب دەمان بات ، گۆرانیەكانی لەدڵ و دەروونی هەریەك لەئێمەدا جێگەی گرتووە و چێژ و خۆشی مان پێدەبەخشێت و لاپەڕەی یاده‌وه‌رییه‌كانمان هەڵدەداتەوە و ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ساته‌ وه‌خته‌ی بۆیه‌كه‌م جارهونه‌رمه‌ند به‌ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی ئه‌و گۆرانیانه‌ی به‌ڕۆح و هه‌ستمان ئاشناكردووه‌.

هونه‌رمه‌ند شه‌ماڵ سائیب،  تا له‌ژیاندا بوو گەلێك ئازار و سەختی و تاڵی رۆژگار و نه‌بوونی چەشتووە،  زۆرجاران ئه‌و مرۆڤه‌ هه‌ست ناسكه‌، دڵی ڕەنجاوە و بۆماوه‌یه‌ك لە هونەرەكەی دابڕاوە، بەڵام تائەو جێگەیەی دەرفەتی بۆ ڕەخسابێت هونەرەكەی پەراوێز نەخستووە و به‌دڵ تێكۆشاوه‌و خزمەتی بەهونەری نەتەوەكەی كردووە.

ئەو هونەرمەندەی توانی بەهەوڵ و تێكۆشانی دڵسۆزانه‌ی ئاسته‌نگییه‌كانی به‌رده‌می خۆی وه‌ك داب و نه‌ریت و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووری دواكه‌وتووی ئه‌وكاتی كۆمه‌ڵی كورده‌واری ڕاماڵێت و بوونی خۆی بسەلمێنێت وەك هونەرمەندێكی نوێخواز لە دونیای هونەرو مۆسیقای كوردی دا ڕچه‌شكێن و كاری داهێنه‌رانه‌ له‌مۆسیقا و گۆرانی كوردیدا بنیات بنێت.

دەنگ و هونەری هونه‌رمه‌ند شەماڵ سائیب بۆ هەمیشە زیندووە و هەرگیز نامرێت، چونكە لەسەر ئەو پەیامە پیرۆزە

كاری هونەری ئەنجامداوە، ئەویش پاراستن و بەرزڕاگرتنی ڕەسەنایەتی هونەری نەتەوەكەی بووە.

شه‌ماڵ سائیب ...

شه‌ماڵ جه‌لال ئه‌حمه‌دسائیب مه‌لاحه‌سه‌ن ، له‌بنه‌ماڵه‌و خانه‌واده‌یه‌كی ناسراو و ناوداری پابه‌ند به‌داب و نه‌ریتی كۆمه‌ڵی كورده‌واری له‌ساڵی ( 1931) له‌شاری سلێمانی چاوی به‌ژیان هه‌ڵهێناوه‌، به‌ڵام نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس و ڕاگه‌یاندنكار ( كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د) له‌كتێبی ( ڕۆژێ له‌ڕۆژان_ دیمانه‌ی كولتووریی و ڕۆژنامه‌نووسیی 1966_2008) له‌لاپه‌ڕه‌( 305) دا ، له‌ناسنامه‌ی شه‌ماڵ سائیب نووسیویه‌تی ( ساڵی 1931 له‌شه‌قڵاوه‌ له‌داییك بووه‌)..؟! .

بنه‌ماڵه‌كه‌یان هه‌ڵگری نازناوی ( سائیب) ن و به‌و نازناوه‌وه‌ ده‌ناسرێن ، سائیب به‌واتای (ڕاستگۆ) دێت ( جه‌لال سائیب باوكی شه‌ماڵ له‌ساڵی (1896) له‌سلێمانی له‌دایكبووه‌، باپیره‌گه‌وره‌یان له‌قه‌ره‌داغ له‌دایكبووه‌، له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی شاری سلێمانی هاتوونه‌ته‌ سلێمانی و نیشته‌جێ بوون، ئه‌م نازناوی ( سائیب) ه‌ له‌لایه‌ن مامۆستایه‌كی ئه‌حمه‌دی باوكی جه‌لال سائیبه‌وه‌ له‌ئه‌سته‌نبوڵه‌وه‌ دابڕاوه‌ به‌سه‌ریاندا، واته‌له‌وكاته‌وه‌ ئه‌حمه‌د سائیب له‌ئه‌سته‌نبوڵ قوتابی ده‌بێت، ئه‌وده‌مه‌ واباوبووه‌ هه‌رقوتابیه‌ك له‌لایه‌ن مامۆستاكه‌یه‌وه‌ نازناوێكی به‌سه‌ردا دابڕێنراوه‌، مامۆستاكه‌ی ئه‌م نازناوه‌ی داوه‌تێ ( سائیب) واته‌ ڕاستگۆ) (1) .

دایكی هونه‌رمه‌ندناوی( فاتمه‌ خان) ‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بووه ‌‌، خانه‌واده‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند شه‌ماڵ سائیب پێكهاتووه‌ له‌ ( سێ براو چوار خوشك) به‌ناوه‌كانی ( نیهال ، شه‌ماڵ و سه‌لاح ) خوشكه‌كانی بریتی بوون له‌( سوهه‌یله‌ ، له‌یلا ، په‌روه‌ر و عه‌زیزه‌) .

هونه‌رمه‌ند له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ له‌جواگرافیا و ژینگه‌یه‌كی دیاریكراودا واته‌ له‌ له‌دایكبوونیه‌وه‌ تا كۆچ كردنی به‌جێگری نه‌ژیاوه‌ ، هه‌رماوه‌و له‌شوێنێك ژیاوه‌ ، سه‌ر‌ده‌می منداڵی له‌به‌رئه‌وه‌ی ( جه‌لال سائیب) ی باوكی پۆستی ( قائیمقام) ی هه‌بووه‌ ، هه‌رساڵه ‌و له‌شوێنێك كاری كردووه‌‌ ، وه‌ك ( ئاكرێ ، ئامێدی ،چوارتا ، ڕواندز و شه‌قڵاوه‌ )

هونه‌رمه‌ند شه‌ماڵ سائیب ، له‌ته‌مه‌نی دیاریكراودا واته‌ (6) ساڵی له‌شارۆچكه‌ی( ئاكرێ) خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن و فێری ئه‌لف و بێی كوردی بووه و، پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی له‌شاری سلێمانی خوێندووه‌ و، به‌پله‌ی دووه‌م ده‌رده‌چێت و خوێندنی سه‌ره‌تایی ته‌واو ده‌كات. 

دوای ته‌واوكردنی خوێندنی سه‌ره‌تایی هونه‌رمه‌ند چۆته‌ شاری به‌غدا، به‌مه‌به‌ستی درێژه‌دان به‌خوێندن له(‌كۆلیژی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ) له‌به‌غدا وه‌رگیراوه‌ ، ئه‌م كۆلێژه‌ قوتابخانه‌یه‌كی دواناوه‌ندی بووه‌ زمانی فه‌رمی خوێندن تێیدا زمانی ئینگلیزی بووه‌، ته‌نها قوتابیه‌ یه‌كه‌مه‌كانی عێراق توانیویانه‌ له‌وكۆلێژه‌ بخوێنن.

شه‌ماڵ و سه‌ره‌تای ئاشنابوونی به‌ دنیا جوانه‌كه‌ی هونه‌ر..!

به‌هۆی كارو پیشه‌كه‌ی باوكیه‌وه قایمقام بووه،‌‌ شه‌ماڵ له‌چه‌ند شارۆچكه‌یه‌ك ژیاوه‌، چێژی له‌سروشتی جوان و ده‌نگی مه‌له‌ خۆشخوانه‌كان وه‌رگرتووه‌، هه‌میشه‌ مامۆستای وانه‌ی سروود و هونه‌ر پێشه‌نگ بوون له‌چاندنی هه‌ستی هونه‌ر له‌ناوناخی قوتابیه‌كان و هه‌ڵبژاردنی قوتابیانی ده‌نگخۆش و پشتوانیكردنیان، شه‌ماڵی هونه‌رمه‌ند له‌دیدارێكدا ده‌مانگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ساته‌ كه‌ چۆن حه‌زو ئاره‌زووی بۆ مۆسیقا ده‌ستیپێكردووه‌( بیرمه‌ له‌قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی دا مامۆستایه‌كمان هه‌بووده‌نگی خۆش بوو گۆرانی ده‌وت،كاتێ له‌شاری عه‌قره ‌له‌پۆلی یه‌كی سه‌ره‌تایی بووم،  یه‌كێك هات گۆرانی ده‌وت و یه‌كێكیشی له‌گه‌ڵ بوو كه‌مانچه‌ی بۆ لێ ده‌دا،گه‌لێ ئاره‌زووی ده‌نگی كه‌مانچه‌ ژه‌نینه‌كه‌م بوو شته‌كه‌ وه‌رگرتن نییه‌ ئه‌وه‌نده‌ی كه‌له‌ دایكبوونه‌وه‌ له ‌له‌ش و گیانا ورده‌ ورده‌ نه‌شونما ده‌كات و هه‌ست پێكردنه‌كه‌ی گه‌وره‌ ده‌بێ ڕۆژ به‌ڕۆژ له‌گه‌ڵ بوونا، من دڵنیام له‌زۆر منداڵیمه‌وه‌ ئاره‌زووی ده‌نگی خۆش و مۆسیقا و گۆرانی و ده‌نگی مه‌له‌ ده‌نگخۆشه‌كانم ده‌كرد، هه‌چ شتێ ده‌نگی خۆش بووایه‌ ، چ ئاوازێكی خۆش ، به‌تایبه‌تی چێژم له‌سروشت وه‌رده‌گرت ، ئاره‌زووم بوو باڵنده‌یه‌ك بوومایه‌ و بفڕیمایه‌ و ئه‌م چڵ و ئه‌وچڵ و ته‌لانه‌ و ته‌لان و به‌سه‌ر ئه‌و باخ و بێستانانه‌ی شاری عه‌قره‌دا بگه‌ڕامایه‌ ، به‌ڵێ حه‌زم له‌و ده‌نگه‌ چیاییانه‌یه‌ ، جل و به‌رگی ئاڵو واڵاو به‌تایبه‌تی جلی ژنانه‌ی كوردی ،ئه‌وشتانه‌ وای لێده‌كردم دڵم خۆشبێ و لام شیرین و جوان بوون و به‌هونه‌رییان داده‌نێم ) (2).

هونه‌رمه‌ند یه‌كه‌م ئامێرێكی مۆسیقا كه‌هه‌وڵی داوه‌ فێری ببێ ئامێری شمشاڵ بووه‌ و شاره‌زایی باشیی هه‌بووه‌ له‌ژه‌نینی ئه‌و ئامێره‌دا، له‌شاری به‌غدا(‌كۆلیژی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ) واته‌ قوتابخانه‌ی (ناوه‌ندی ) ته‌واو ده‌كات ، هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی ( 1946) وه‌ك یه‌كه‌م  قوتابیه‌كی به‌ڕه‌گه‌ز كورد له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی به‌غدا به‌شی مۆسیقا ده‌خوێنێ،( ته‌قدیمی معهدفنون جمیله‌م كرد،ئه‌وڵ كورد بووم كه‌مۆسیقام خوێند،فێری سێ ئاله‌ت بووم( عود ،كه‌مان و پیانۆ) به‌رله‌وه‌ی بڕۆمه‌ (معهدفنون جمیله‌)شمشاڵێكی باش فێربووم، چونكه‌ ئاله‌ته‌كه‌م به‌ئاسانی ده‌ست كه‌وت)(3).

هونه‌رمه‌ند شه‌ماڵ سائیب بۆیه‌كه‌م جار له‌ساڵی ( 1947) چۆته‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا، ئه‌و ڕادیۆ ساده‌و ساكاره‌ی ئه‌و ڕۆژگاره‌ به‌ڵام ئومێد و هیوابه‌خش بووه‌ بۆ گوێگران و هه‌وادارانی ده‌نگ و ئاوازی كوردی ، شه‌ماڵی به‌هره‌مه‌ند و عاشق به‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی به‌هیوایه‌وه‌ هه‌نگاوی بۆناو ئه‌و ڕادیۆیه‌ هه‌ڵگرتووه‌ كه‌ خزمه‌ت به‌ هونه‌ری وڵاته‌كه‌ی بكات، لێره‌شدا شه‌ماڵی خاوه‌ن حه‌زو ئاره‌زوو بۆ هونه‌ر ده‌كه‌وێته‌ به‌ر‌ده‌م به‌رداشی داب و نه‌ریتی كۆن، تانه‌و ته‌شه‌ر و ڕازی نه‌بوونی خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌كه‌ی و له‌مپه‌ردروستكردن له‌به‌رده‌م شه‌ماڵ تا له‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی دووربكه‌وێته‌وه‌، كاتێك شه‌ماڵ قوتابی قۆناغی سێی په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی به‌غدا ده‌بێت، باوكی پێده‌زانێت كه‌ كوڕه‌كه‌ی له‌به‌شی مۆسیقا ده‌خوێنێ، به‌م كاره‌ی شه‌ماڵ ڕازی نابێت..!  شه‌ماڵ ناچارده‌بێت وازبێنێ و خوێندنی په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان ته‌واو نه‌كات..؟! به‌ڵام شه‌ماڵی هونه‌رمه‌ند،  دواتر هونه‌ره‌كه‌ی هه‌ڵده‌بژێرێ و له‌وپێناوه‌شدا زۆر باج ده‌دات و تاڵی و سوێری و نه‌هامه‌تی و نه‌داری زۆر ده‌چێژێ..؟! (یه‌ك شت له‌گه‌ڵ خۆما ده‌به‌مه‌ قه‌بره‌وه‌ ئه‌ویش كه‌رامه‌تمه‌،هه‌رئه‌مه‌ش بوو له‌ منداڵییه‌وه‌ له‌كه‌س و كاری كردم ،چونكه‌ مۆسیقایان به‌لاوه‌ كارێكی ناشیرین بوو ،ئاواتم به‌رزبوونه‌وه‌ی مۆسیقاو ئاوازی كوردییه‌، هه‌روه‌ها پێش مردنم ڕووی ڕاستی و دڵسۆزیم بدیایه‌).

(ئه‌گه‌ر چاوێك به‌كژووی ته‌مه‌نی پڕ له‌تاڵی و شیرینی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌دا بگێڕین بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ئۆخه‌ی نه‌كردووه‌ و خۆزگه‌ی نه‌هاتۆته‌دی ، تووشی تاڵاوی نه‌هاتی و كۆسپی گه‌وره‌ هاتووه‌ و سینه‌یان به‌داخ و حه‌سره‌ت هه‌ڵچنیوه‌  و ژاراوی مه‌رگیان پێ چێشتووه‌، ڕێگای زۆری لێگیراوه‌، ده‌ركه‌ی فره‌ی له‌سه‌ر داخراوه‌ هه‌ر له‌ بێخانه‌و لانییه‌وه‌ بیگره‌ هه‌تائاواره‌یی و په‌ڕیوه‌بوون و دوایش دێوه‌زمه‌ی نه‌خۆشیی) (4).

كاتێك هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێ به‌ره‌و ڕادیۆی كوردی به‌غدا، به‌و حه‌سره‌ت و ئاواته‌وه‌ خواستی به‌رزڕاگرتنی هونه‌ری مۆسیقای كوردی بووه‌، جیا له‌و هه‌سته‌ هونه‌رییه‌ به‌رزه‌ی هه‌یبووه‌، شاره‌زاییه‌كی باشیی له‌ژه‌نینی ئامێری (عود) دا هه‌بووه‌،له‌و ساته‌‌ وه‌خته‌وه‌ به‌دیداری مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( عه‌لی مه‌ردان 1904_ 24/7/1981) شاد ده‌بێت.

شه‌ماڵ هونه‌رمه‌ند دوای خۆناساندن و ده‌رخستنی توانا و به‌هره‌ هونه‌رییه‌كانی یه‌كه‌م كار له‌ڕادیۆ گۆرانیه‌ك تۆمارده‌كات ( ساڵی 1948 یه‌كه‌م گۆرانی تۆماركردووه‌ كه‌ سروودێكه‌ بۆئیستگه‌ی كوردی له‌به‌غدا به‌ناوی ( موژده‌ بێ ساڵ گه‌ڕایه‌وه‌) له‌هۆنراوه‌ی ( پیره‌مێرد) كاتێ ئه‌م گۆرانییه‌ له‌ڕادیۆدا بڵاو ده‌بێته‌وه‌ دایكی پێی ده‌زانێت، زۆریان له‌لاگران ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌ك وه‌ك ده‌ڵێن ( دایكی ده‌یكات به‌شین و شه‌پۆر و هاوشێوه‌ی پرسه‌ دانانێك) (5).

شه‌ماڵی به‌هره‌مه‌ندی عاشق به‌ هونه‌ری مۆسیقا ،دوای ئه‌وه‌ی له‌ژێر پاڵه‌په‌ستۆی كه‌س و كار و داب و نه‌ریتی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ ناتوانێ خوێندنی هونه‌ر له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی به‌غدا ته‌واو بكات ، ناچار و به‌مه‌به‌ستی درێژه‌دان به‌خوێندن له‌ساڵێ (1951) له‌كۆلیژی (ئاداب) به‌شی ( مێژوو) ی زانكۆی به‌غدا وه‌رده‌گیرێت، ماوه‌ی چوارساڵ خوێندن له‌ساڵی (1956) بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس له‌مێژوودا وه‌رده‌گرێت.

دوای ته‌واوكردنی خوێندن و به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس، به‌داخه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند ڕاسته‌وخۆ دانامه‌زرێت ، به‌هۆی كاری ڕامیاری و له‌وسه‌رده‌مه‌دا( سه‌رده‌می پاشایه‌تی)له‌به‌ر پێنه‌دانی ( حسن السلوك) ماوه‌ی چه‌ندساڵێك دانامه‌زرێت ، تا ساڵی (1958) به‌مامۆستای ناوه‌ندی له‌قوتابخانه‌ی ( ئه‌عزه‌میه‌ی) كوڕان داده‌مه‌زرێت.

هونه‌رمه‌ند شه‌ماڵ سائیب له‌ نێوان ساڵی (1957 تا 1961) به‌رله‌وه‌ی گه‌شت بكات بۆ وڵاتی ( ئه‌مریكا)، له‌ به‌شی مۆسیقا و گۆرانی له‌ئیزگه‌ی كوردی به‌غدا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( عه‌لی مه‌ردان و ئه‌حمه‌د خه‌لیل)  له‌لیژنه‌ی بڕیاردان و هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌نگ و ئاوازدا كاری كردووه‌ و، هه‌روه‌ها

لوتكه‌ی ده‌ركه‌وتن و چالاكیه‌هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند بووه‌ له‌تۆماركردنی گۆرانی نه‌ك به‌ته‌نها له‌كوردستان، به‌ڵكو له‌ناو عێراقدا به‌گشتی، گۆرانیبێژێكی ناسراو زیاتر له‌ڕێی گۆرانی ( ئه‌رێ له‌یلێ) كه‌یه‌كێكه‌ له‌به‌ناوبانگترین گۆرانییه‌كانی شه‌ماڵ سائیب كه‌ له‌ناو عه‌ره‌به‌كانیشدا گۆرانیه‌كی ناسراو و خۆش و ئاسان چۆته‌ سه‌رزار ، هونه‌رمه‌ند شه‌ماڵ سائیب سه‌باره‌ت به‌ گۆرانی( ئه‌رێ له‌یلێ) وتویه‌تی( ئه‌رێ له‌یلێ خۆشه‌ویسترین كوڕی منه‌ و له‌هه‌موو گۆرانییه‌كانم زیاترم خۆش ده‌وێ) (6).

هونه‌رمه‌ندشه‌ماڵ سائیب به‌یه‌كه‌مین هونه‌رمه‌ندی كورد دێته‌ ئه‌ژمار ، له‌بواری گۆرانی و ژه‌نینی ئامێری مۆسیقا به‌تایبه‌تی ئامێری ( عود) ئاوازی له‌سه‌ر هۆنراوه‌ی شاعیران داناوه‌، پێش شه‌ماڵ سائیب، هونه‌رمه‌ندانی ده‌نگبێژ و خۆشخوانه‌ نه‌مره‌كانی گه‌له‌كه‌مان گۆرانی فۆلكلۆرییان له‌ دیوه‌خان و دانیشتن و ته‌نانه‌ت ڕادیۆكاندا خوێندووه، شه‌ماڵی  به‌هره‌مه‌ند وداهێنه‌ر گۆرانی كوردی له‌چوارچێوه‌یه‌كی نوێدا داڕشت ، كه‌ زۆرینه‌ی له‌ئاواز و تێكستی خۆی بوون و له‌ڕێی ڕادیۆی كوردی به‌غداوه‌ خوێندنی و زۆر به‌زوویی له‌ناو خه‌ڵكدا بڵاو بوونه‌وه‌،  یه‌كه‌م گۆرانیبێژی كورده‌ كه‌ دیالێكتی كرمانجی گۆرانی خوێندووه‌ و له‌هه‌وڵی زیاتر نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو دیالێكتی سۆرانی و كرمانجی دا بووه‌،هه‌روه‌ها  هێنانی كۆرس بۆ ناو گۆرانییه‌كانی، به‌ڵام هیچ گومانی تێدانییه‌ له‌پشت دروست بوونی هه‌رگۆرانیه‌ك چیرۆكێك هه‌یه‌ ، كه‌ سه‌رنج و تێڕوانینی هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژی بۆلای خۆی ڕاكێشابێ و ئه‌و ڕووداوه‌ بووبێته‌ هه‌وێنی دروست بوونی ئه‌و گۆرانییه‌ كه‌له‌ناو جه‌ماوه‌ردا زۆر به‌زوویی جێ بگرێت و له‌لای گوێگر په‌سه‌ند بێت.

 ‌ده‌با پێكه‌وه‌ بزانین چیرۆكی دروستبوونی گۆرانی ئه‌رێ له‌یلێ له‌چیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌..! هونه‌رمه‌ند شه‌ماڵ سائیب له‌ شه‌وئاهه‌نگێكدا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند( ڕه‌فیق چالاك1923_ 30/11/1973) له‌ساڵی(1972) له‌ به‌غدا، له‌ماڵی ئه‌ندازیار و به‌ڵێنده‌ر ( حه‌سیب ساڵح  1930_18/2/2012)  به‌ده‌نگ له‌لام پارێزراوه‌،‌ سه‌باره‌ت به سه‌ره‌تای ‌دروستبوونی گۆرانی ئه‌رێ له‌یلێ و ئه‌و ئیلهامه‌ له‌كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌‌ ده‌ڵێت ( شتێك تا ئێستا نه‌موتووه‌، بۆئه‌وه‌ بزانن من هونه‌رمه‌ندێكم ته‌نها پێویستیم به‌ته‌شجیعه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كه‌س ته‌شجیعی نه‌ئه‌كردم..! ڕۆژێك ( فه‌وزیه‌ محه‌مه‌د 1926_ 1992، ناوی عائیشه‌ محه‌مه‌د ئه‌حمه‌ده‌ ناسراو به‌ فه‌وزیه‌ محه‌مه‌د، خوشكی گه‌وره‌ی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند (گوڵبه‌هار1933_23/2/2010)ه‌ ، فه‌وزیه‌ محه‌مه‌د ئه‌ویش سترانبێژبووه‌) هات باوه‌ڕتان هه‌بێت نایناسم، وتی كاك شه‌ماڵ ته‌حیه‌كمان بۆبكه‌، ئه‌و زۆر مه‌شغوڵ بوو، له‌گه‌ڵ مه‌سئولین و وه‌زیرتێكه‌ڵ بوو، جارجارئه‌هات بۆ ئیزاعه‌ی كوردی ، لێوی زۆرجوان بوو..! منیش حه‌ز له‌لێوی جوان ئه‌كه‌م، به‌ڵام له‌ویا مه‌به‌ست لێوه‌كه‌ نه‌بوو، ته‌شجیعه‌كه‌ی بوو، فه‌وزیه‌ محه‌مه‌د ئه‌وه‌ڵ كه‌س بوو داوای ته‌حیی لێكردم و هه‌روه‌ها گۆرانیبێژێكی كورد بوو، چوومه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ ئه‌وگۆرانیه‌( ئه‌رێ له‌یلێ) م دانا، به‌حه‌یاتم پێكه‌وه‌ دانه‌نیشتووین باوه‌ڕتان هه‌بێت ئه‌گه‌ر( نه‌سرین شێروان1922_10/10/1990)بیوتایه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌و ئیلهامه‌ی نه‌یابا به‌من..؟! ئه‌دای لێوه‌كه‌ هانی دام ،ئه‌و گۆرانیه‌م دانا و نه‌مخوێندبوو، تاڕۆژێك ( جمعیه‌ الموسیقیین العراقیین) هاتن و وتیان گۆرانیه‌كی كوردی نوێ مان ده‌وێت نه‌بیسترابێت، جه‌ماعه‌ت وتیان تۆبیڵێ، منیش گوتم گۆرانیه‌كم هه‌یه‌ به‌س باوه‌ڕناكه‌م ناجیح بێ، وتیان هه‌رچی یه‌ك بێ به‌س تازه‌ بێ ، منیش به‌سه‌راحه‌ت متمانه‌م به‌خۆم نه‌بوو گۆرانی بڵێم ، گۆرانیه‌كه‌م یا به‌ ( باكووری 1928_2/11/2022)ئه‌وكاته‌ ته‌له‌بوو له‌ ( دارالمعلمین عالیه‌) باكووری وتی خۆش نه‌بوو..! وتم باشه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌یڵێین ئه‌وه‌ڵ جار من و باكووری پێكه‌وه‌ وتمان ، ئیتر ته‌له‌فۆن كرا بۆئیزاعه‌ و دواتر باكووری له‌گه‌ڵ كۆرس تۆماری كرد، دوایی گۆرانییه‌كه‌ زۆر مه‌رغوب بوو له‌ناو خه‌ڵك، من گۆرانیه‌كه‌ی باكووریم كوژانه‌وه‌و خۆم ته‌سجیلم كرده‌وه‌ به‌كۆرسه‌وه‌) ، هه‌ر سه‌باره‌ت به‌تۆماركردنی  گۆرانی ( ئه‌رێ له‌یلێ) مامۆستا و هونه‌رمه‌ند باكووری ده‌ڵێت ( زۆرباش له‌بیرمه‌ جارێكیان گۆرانی( هه‌ی به‌لار و به‌لار) مان وت به‌سێ قۆڵی ( شه‌ماڵ و نه‌سرین شێروان و من) هه‌رله‌وحاڵه‌تانه‌ش بوو گۆرانی ( هه‌رێ له‌یلێ) مان له‌شوقه‌ی شه‌ماڵی نه‌مر ئاماده‌كردو له‌به‌رنامه‌یه‌كی ( جمعیه‌ الموسیقیین العراقیین) شه‌وێكی چوارشه‌ممه‌ ساڵی (1955) به‌دووقۆڵی گوتمان ، دوایی له‌ئاهه‌نگێكی خۆم له‌ئیزگه‌ی كوردی تۆمارم كرد له‌گه‌ڵ كۆرسێكی قوتابیانی كۆلیجه‌كه‌مان هه‌رله‌وێ له‌گه‌ڵیانا پرۆڤه‌م كرد تافێری ده‌وری كۆرس بوون ئینجا هێنامن بۆئیزگه‌و گۆرانیه‌كه‌مان تۆماركرد) (7) .

شه‌ماڵ سائیبی دڵسۆز و كوردپه‌روه‌ر، هه‌میشه‌ له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا تێكۆشاوه‌بۆ مه‌به‌ستی پێشخستنی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی ، به‌رده‌وام له‌خه‌می ئاوازدانان و ڕێكخستن و دابه‌شكردنی مۆسیقادابووه‌، هه‌روه‌ها به‌ڕۆحێكی به‌رزه‌وه‌ هاوكاری هاوڕێیانی كردووه‌ ، له‌سه‌ره‌تای ‌ساڵی (1959)  له‌گه‌ڵ هاوڕێ و هاوكاری ڕادیۆی به‌ڕێز ( عومه‌ر مه‌جید خه‌ڵه‌ف ، ناسراو به‌عومه‌ر هه‌ڵمه‌ت 1934_ 14/12/2020) پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی دیكه‌ ( كۆمه‌ڵه‌ی ئاوازی كوردی) داده‌مه‌زرێنن،( شه‌ماڵ له‌شوباتی 1959 كۆمه‌ڵه‌ی ئاوازی كوردی دامه‌زراند له‌گه‌ڵ كاك عومه‌ر هه‌ڵمه‌ت و چه‌ند هونه‌رمه‌ندی تر ، له‌ئیزگه‌ به‌رنامه‌ی هه‌فتانه‌ی به‌ناوی كۆمه‌ڵه‌وه‌پێشكه‌ش ئه‌كرد ، زۆربه‌ی جاران گۆرانی ( هه‌رێ له‌یلێ) ی په‌خش ده‌كرد، هه‌رئه‌وه‌ش وای كرد گۆرانی ( هه‌رێ له‌یلێ) زیاتر له‌هه‌موو گۆرانییه‌كان بڵاوبێته‌وه‌ له‌سه‌ر زاران و خه‌ڵك بیڵێن لێره‌وله‌وێ) (8).

شه‌ماڵ سائیب و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی..!

كاتێك هونه‌رمه‌ند شه‌ماڵ سائیب تێكه‌ڵ به‌دنیای ئاواز و گۆرانی بووه‌و هه‌نگای بۆ ڕادیۆی كوردی هه‌ڵگرتووه‌، له‌ڕێی ڕادیۆی كوردی به‌غدا ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( قادر دیلان 1928_18/3/1999) دروست ده‌كات، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند قادر دیلان له‌ ساڵی (1954) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاری سلێمانی و له‌گه‌ڵ هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی داده‌مه‌زرێنن،ئه‌وتیپه‌ مۆسیقیه‌ گه‌لێك هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و به‌توانا له‌ده‌وری خۆی كۆده‌كاته‌وه‌ و، چه‌ندین چالاكی هونه‌ریی  له‌شاری سلێمانی و شاره‌كانی دیكه‌و شارۆچكه‌كان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، شه‌ماڵ سائیب ی ده‌نگخۆش و مۆسیقاژه‌ن هاوڕێی هه‌موو  هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی بووه‌، به‌ڵام هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌وتۆم ده‌ست نه‌كه‌وت ئاماژه‌ی پێبدات كه‌ شه‌ماڵ سائیب له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی كاری هونه‌ریی ئه‌نجام دابێت، ته‌نها یه‌ك ئاهه‌نگ نه‌بێت،  ئه‌ویش به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی قوربانه‌وه‌ له‌مانگی حوزه‌یرانی ساڵی(1958) له‌شاری سلێمانی  له‌ناو باخچه‌ی كتێبخانه‌ی گشتی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( باكووری و عومه‌رڕه‌زا و ماری خوشكی مامۆستا باكووری كه‌ ڕۆڵی گێڕانه‌وه‌ی گۆرانییه‌كانی له‌گه‌ڵ شه‌ماڵ سائیب دا بینیوه‌) به‌شداربووه‌ له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای ناوبراو.

هونه‌رمه‌ند جیاله‌وه‌ی خاوه‌نی گه‌لێك خه‌سڵه‌تی به‌رزو جوان بووه‌،  هه‌میشه‌ حه‌زو ئاره‌زووی بووه‌ هاوكارو پشتیوانی هونه‌رمه‌ندان بێت ، له‌دڵه‌وه‌ مه‌به‌ستی بووه‌ هاوكاری و ڕێنوێنیان بكات تا له‌ڕێگاپیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ردا سه‌ركه‌وتووبن ، له‌دیمانه‌یه‌كدا سه‌باره‌ت به‌هونه‌رمه‌ند (  عومه‌ر حه‌مه‌ڕه‌زا شه‌ریف ، ناسراو به‌ عومه‌ر ڕه‌زا 1942_7/8/2021 ) ده‌ڵێت : ( بۆمێژوو ئه‌یڵێم كاتێك عومه‌ر ڕه‌زا ، گۆرانی ( هاتم هاتم) ده‌ڵێت هێنام بۆ ئیزاعه‌ مامۆستا عه‌لی مه‌ردان وتی ئه‌وكوڕه‌ ده‌نگی خۆشه‌، منیش مه‌به‌ستم بوو هاوكاری بكه‌م ، دوو سێ گۆرانیم بۆ تۆماركرد، خه‌ریك بووم داخڵی مه‌عهه‌دی بكه‌م و عودی بۆ بكڕم دوای سێ ساڵ بۆخۆی ته‌خه‌ڕوجی ده‌كرد ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌خه‌ڵك ده‌یان برد بۆ حه‌فه‌لات و خراپیان كرد) (9) .

هونەرمەند عومەر ڕەزا له‌ساڵی (1959) لەئیزگه‌ی كوردی بەغدا بەهاوكاری هونەرمەند (شەماڵ سائیب) چەند گۆرانیەكی تر تۆمارئه‌كات ، گۆرانی ( بۆتۆیە دڵ بۆ تۆیە و تاكەی تاكەی ) هه‌ردوو گۆرانییه‌كه‌ی لەئاواز و هەڵبەستی هونه‌رمه‌ند شەماڵ سائیب بوون.

سەبارەت بە و گۆرانیانە و هاوڕێیەتی و دۆستایەتی لەگەڵ شەماڵ سائیب دا ، عومەر ڕەزا یاده‌وه‌رییه‌كانی ئه‌و ڕۆژگارانه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌( لەساڵی ١٩٥٩ دا بوو ڕۆژێك شەماڵ سائیب بانگی كردم و وتی وەرە دوو دیاری چاكم بۆ ئامادەكردوویت ، بەخوێندنی ئەو گۆرانیانە دەبیت بە ( فەرید ئەترەش):

 ( ئەو كاتە فەرید ئەترەش یەكێك بوو لە هونەرمەندە گەورەكانی عەرەب و كاریگەری لەسەر هونەرمەندانی كورد بەتایبەت شەماڵ سائیب دانابوو ) منیش وتم

دەستەكانت ماچ ئەكەم كاكە شەماڵ ، هەربۆیە كاكە شەماڵ بەعودەكەی خۆی لەئیستگە سووكە پرۆڤەیەكی پێكردم ، شەماڵ وتی بڕۆ بەخوا خۆیەتی..! سبەینێ‌ عەسر وەرە با بە كوێرەكانی لەبەر بكەم و تەسجیلی كەین ، مەبەستی كوێرەكان ، گرووپی مۆسیقاژه‌نه‌كانی ڕادیۆی كوردی بەغدابوو)ئەوەبوو لەكاتی دیاریكراودا كە هونەرمەند شەماڵ سائیب داینابوو ئەو دوو گۆرانیيە تۆماركراو و بڵاوكرایەوە، دەنگی دایەو و سەركەوتنێكی گەورەبوو بۆمن )(10)

دوای ماوەیەك هەردوو گۆرانی ( ئەرێ‌ لەیلێ‌ و بۆتۆیە دڵ) هونەرمەند شەماڵ سائیب بەدەنگی خۆی تۆماری كردوون و بڵاوی كردوونه‌ته‌وه‌.

هونه‌رمه‌ند شه‌ماڵ سائیب ،له‌ساڵی (1961)  به‌هاوكاری و سه‌رپه‌رشتی هونه‌رمه‌ندی مۆسیقاژه‌ن (جه‌ميل به‌شير1937 موصل _ 24/9/1977 له‌نده‌ن)سروودی ( ئه‌ی ڕه‌قیب) تۆمارده‌كات( به‌ڵێ له‌ساڵی 1961 سروودی ئه‌ی ڕه‌قیبم تۆماركرد له‌شیعری (يونس مه‌لا ڕه‌ووف مه‌لا مه‌حمود مه‌لا سه‌عيد خاديمولسه‌جاده‌، 20/2/1918 كۆيه‌ _ 12/10/1948 هه‌ولێر ، ناسراو به‌ دڵدار) و ئاوازی شێخ حسێن به‌رزنجی 1920_1963) (11).

هونه‌رمه‌ند شه‌ماڵ سائیب  به‌مه‌به‌ستی درێژه‌دان به‌خوێندن له‌ساڵی (1961) كوردستان جێدێڵێ و به‌ره‌و ولایه‌ته ‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاده‌ڕوات، له‌زانكۆی( ئیندیان) له‌ (بلوومینگتۆن)خوێندنی باڵا ده‌خوێنێ(ساڵی 1961 له‌سه‌ر مه‌سره‌فی خۆی ڕووی كردووه‌ته‌ ئه‌مریكا، گۆیا بۆخوێندنی مووسیقا، بۆیی نه‌لواوه‌ به‌كامی دڵی بخوێنێ بۆێیكا چووه‌ته‌( دانیشتگه‌ی ئیندیانا) و دوای چوارساڵ خوێندن شه‌هاده‌ی ماجستێری له‌مێژووی ئیسلامدا وه‌رگرتووه‌) (12) .

هونه‌رمه‌ند دوای به‌سه‌ربردنی ماوه‌ی (10) ساڵ له‌ ئاواره‌یی و دوور له‌ئازیزانی و به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر له‌ پایزی ساڵی(1971) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كوردستان،( بڕوانامه‌ی ماجستێرم له‌ئه‌ده‌بیات و مێژوو و مۆسیقا وه‌رگرتووه‌ ،ئه‌مه‌و سه‌ره‌ڕای ته‌واوكردنی هه‌موو پێداویست و داخوازییه‌كانی (دكتۆرا) كه‌ شه‌ش مانگم مابوو ته‌واوی بكه‌م ، كه‌چی له‌به‌رئه‌و داوا گه‌رمه‌ی كه‌ زانستگه‌ی سلێمانی لێر كردم ناچاربووم بگه‌ڕێمه‌وه‌)( 13).

هونه‌رمه‌ند وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێداوه‌ ته‌نها ماوه‌ی شه‌ش مانگی ماوه‌ كه‌ بڕوانامه‌ی ( دكتۆرا) به‌ده‌ست بێنێ ، له‌به‌ر ئه‌و هه‌سته‌ جوانه‌ی بۆ نیشتمان و هونه‌ره‌كه‌ی هه‌یبووه‌، دڵخۆشبووه‌ كه‌ زانكۆی سلێمانی دامه‌زراوه‌، وه‌رگرتنی ئه‌وبڕوانامه‌ به‌رزه‌ی فه‌رامۆش كردووه‌ و به‌هه‌ست و سۆزو خۆشه‌ویستیه‌كی زۆره‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆنیشتمان‌ تا خزمه‌ت بكات،

له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌زانكۆی سلێمانی وه‌ك مامۆستای زانكۆ داده‌مه‌زرێت، دواتر ده‌بێت به‌ڕاگری كۆلیژی ئاداب ، پاشان ده‌بێته‌ به‌رپرسی چالاكی هونه‌ری زانكۆ و، هه‌روه‌ها به‌رپرسی كتێبخانه‌ی زانكۆی سلێمانی، به‌ڵام شه‌ماڵی مامۆستاو هونه‌رمه‌ند و دڵسۆزو كوردپه‌وره‌ر ڕۆژبه‌ڕۆژ نائومێد ده‌بێت و ئه‌وه‌ی ئه‌و گه‌ره‌كی بووه‌  ئه‌نجامی بدات ، خه‌ون و خه‌یاڵه‌كانی نایه‌ته‌دی ..!( من له‌كوردستان ئه‌وه‌ڵ كه‌س بووم عودم هه‌ڵگرت،ئه‌وه‌ڵ كه‌س بووم داخڵی (معهد فنون جمیله‌) بووم،له‌دوای ئه‌وه‌ كولیه‌ی ئادابم ته‌واو كرد سه‌ری خۆم هه‌ڵگرت بۆ خوێندن به‌ره‌و ئه‌مریكا،وازم له‌مۆسیقا نه‌هێنا و له‌زانكۆی ئیندیان به‌پله‌ی نایاب ماجستێرم ته‌واوكرد،ماجستێره‌كه‌م نیوه‌ی هونه‌رو نیوه‌ی مۆسیقا بوو،به‌س كه‌هاتمه‌وه‌ زروفێك هات ئه‌ویش بووم به‌ مامۆستای زانكۆی سلێمانی، ته‌واو مه‌شغوڵ بووم،زۆرئاواتم هه‌بووبه‌جێی بێنم به‌داخه‌وه‌بهێنم ببن به‌فرقه‌ی كۆرس له‌مه‌سره‌حی جامیعه‌چونكه‌ده‌نگخۆشی كولیه‌ی ئاداب بووم،موشرفی فه‌نی بووم،یه‌عنی قسمی فه‌ننی جامیعه‌،شته‌كه‌ به‌دڵی من نه‌بوو،زۆرله‌ هونه‌رمه‌نده‌كورده‌كان وه‌كو ئه‌ڵێی به‌داخه‌وه‌ هه‌ركه‌س بۆخۆی ئیشی ده‌كرد،ئیشێكی جه‌ماعیان نه‌ده‌كرد بۆخزمه‌ت)(14).

شه‌ماڵ هونه‌رمه‌ند وجوانپۆش و خاوه‌ن زه‌وق و سه‌لیقه‌ی هونه‌ریی به‌وشێوه‌یه‌ له‌زانكۆی سلێمانی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌خزمه‌تكردن، جوانترین كارێكی هونه‌ری له‌(17/10/1979) له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ند ئه‌نجامی ده‌دات ، تۆماركردنی سروودی زانكۆی سلێمانی یه‌، له‌هۆنراوه‌ی شاعیری گه‌وره‌( شێركۆ بێكه‌س 2/5/1940_ 4/8/2013)  و له‌ ئاوازی خۆی بووه‌، هونه‌رمه‌ندانی به‌شداربووی تۆماركردنی سروودی زانكۆ هونه‌رمه‌ندان ( سه‌لاح ڕه‌ووف ، فره‌نیس داود، خالیدسه‌ركار، ئاسۆی سه‌ڵته‌و فه‌ره‌یدون دارتاش و ولیه‌م یوحه‌نا و   چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی دیكه).

هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ولیه‌م یوحه‌نا( 1934_14/9/2005) ده‌ڵێت (هونه‌رمه‌ندێكی بێگه‌ردو ڕه‌وشت به‌رز  و داهێنه‌ر ، چه‌پكه‌ گۆرانیه‌كی سه‌ركه‌وتووی دانا و به‌ده‌نگه‌ پڕ به‌جۆش و خرۆشه‌كه‌ی پێشكه‌شی كرد، سروودی زانكۆ له‌دانانی شه‌ماڵ بوو ، كۆرسی هونه‌رمه‌ندان تۆماریان كرد ، شانازیم به‌به‌شداریكردنم و مایه‌ی شانازی منیش بوو) (14).

هونه‌رمه‌ند شه‌ماڵ سائیب له‌ناو زانكۆی سلێمانی  وه‌ك مامۆستا و كاره‌ هونه‌رییه‌كانی درێژه‌ به‌ژیانی خۆی ده‌دات تا ساڵی (1982) به‌بڕیارێكی شۆڤێنیانه‌ی حیزبی به‌عس زانكۆی سلێمانی ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆشاری هه‌ولێر و ناوه‌كه‌ی ده‌گۆڕن بۆ ( زانكۆی سه‌لاحه‌دین) شه‌ماڵ سائیبی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ئه‌ویش وه‌ك مامۆستاكانی دیكه‌ ژیانی ده‌گوازێته‌وه‌ بۆشاری هه‌ولێر و ڕۆژ به‌ڕۆژ له‌گه‌ڵ ژیان و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووری  شاری هه‌ولێر ئاشناده‌بێت و هه‌ست به‌ئارامی ده‌كات له‌و شاره‌ ( له‌گه‌ڕه‌كی شۆڕش خانوویه‌كی گه‌وره‌ی به‌كرێ گرتبوو، چه‌ندمامۆستایه‌كی نزیكی هێنابووه‌ لای خۆی هه‌ریه‌كه‌و ژوورێكی پێ دابوون، له‌سه‌ره‌تای هاتنیه‌وه‌ بۆ ئه‌وێ پێوه‌ندییه‌كی زۆر پته‌وی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌خه‌ڵكی هه‌ولێر په‌یداكرد، هه‌میشه‌ باسی ده‌كردن و ده‌یوت : زۆر رێزم لێده‌گرن، دراوسێكانم زۆر خزمه‌تم ده‌كه‌ن ،هونه‌رمه‌ندان و كه‌سانی ناوداری تری شاره‌كه‌ هاتوچۆم ده‌كه‌ن زۆردڵخۆشم به‌وه‌ ، هه‌میشه‌ ده‌یوت ( كه‌مردم له‌هه‌ولێر به‌خاكم بسپێرن) (15).

به‌پێی ئه‌و وته‌یه‌ بێت دیاره‌ هونه‌رمه‌ند ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌شاری هه‌ولێر ژیاوه‌ تا دوارۆژه‌كانی ژیانی ئاسووده‌بووه‌ له‌نێو ئه‌و خه‌ڵكه‌ دڵسۆزو میواندۆست و هونه‌ردۆسته‌،هونه‌رمه‌ندی بواری شانۆ و دراماو شێوه‌كار و مۆسیقا ( چه‌تۆ حه‌سه‌ن) بۆی گێڕامه‌وه‌ ( ڕۆژێك له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له‌هونه‌رمه‌ندانی شاری هه‌ولێر له‌شوێنێك بووین، هونه‌رمه‌ند شه‌ماڵ سائیب یش له‌وێ بوو له‌وێدا وتم براده‌ران پێشنیازێك ده‌كه‌م ،له‌شاری سلێمانی گردی سه‌یوان و گردی مامه‌یاره‌ هه‌یه‌ زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندان و ڕۆشنبیران و ئه‌دیبان و نووسه‌ران ‌ ماڵئاواییان كردووه‌ له‌وێ به‌خاكیان سپاردوون و بۆته‌ مه‌نزڵگای هونه‌رمه‌ندان و ڕۆشنبیران و نووسه‌ران ، منیش ده‌ڵێم بۆئێمه‌ش له‌هه‌ولێر شوێنێك دیاری نه‌كه‌ین كه‌مردین باهه‌موومان له‌وێ بنێژرێین شوێنه‌كه‌شم دیاری كرد كه‌( خانزاد) بێت یه‌كه‌م كه‌س كه‌ پشتگیری كردم هونه‌رمه‌ند شه‌ماڵ سائیب بوو وه‌هه‌روه‌ها وتی: ( یه‌كه‌م كه‌س من له‌وێ بنێژن ) به‌داخه‌وه‌ نه‌بیرۆكه‌كه‌م سه‌ری گرت و نه‌شه‌ماڵیش له‌وێ نێژرا..؟!) (16).

شه‌ماڵ سائیب جیا له‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆش و ژه‌نیارێكی به‌توانای ئامێری عود و ئاوازدارنه‌ر و داهێنه‌ر بووه‌ له‌گۆرانی مۆسیقای كوردیدا، له‌ڕێی هه‌ستی دڵسۆزانه‌ی بۆ كه‌لتوور و فه‌رهه‌نگ و زمانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی هانای بردۆته‌ به‌رخامه ‌و له‌ته‌مه‌نی (17) ساڵیدا،‌ له‌ساڵی(1948) یه‌كه‌م بابه‌تی خۆی بڵاوكردۆته‌وه‌، واته‌ له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ تێكۆشاوه‌ و له‌گۆڤار و ڕۆژنامه‌كانی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ ده‌رباره‌ی هونه‌ر و مۆسیقاو گۆرانی بابه‌تی بڵاوكردۆته‌وه‌.

یه‌كه‌م بابه‌ت: له‌ژماره‌(12) ی گۆڤاری گه‌لاوێژی ساڵی (1948)  ده‌رباره‌ی ( مۆسیقا) بڵاوكردۆته‌وه‌.

دووه‌م بابه‌ت: له‌ژماره‌(4) ی گۆڤاری گه‌لاوێژی ساڵی (1949)  ده‌رباره‌ی ( مۆسیقا) بڵاوكردۆته‌وه‌.

سێیه‌م بابه‌ت: له‌ژماره‌(6) ی گۆڤاری گه‌لاوێژی ساڵی (1949)  ده‌رباره‌ی ( ئاوازو گۆرانی كوردی) بڵاوكردۆته‌وه‌.

چواره‌م بابه‌ت: له‌ژماره‌(7) ی گۆڤاری گه‌لاوێژی ساڵی (1949)  هونه‌رمه‌ند ئه‌م بابه‌ته‌ی وه‌ك چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ سێ هونه‌رمه‌ند( حنا بترس ، حه‌قی شبلی و غانم حه‌داد)  بڵاوكردۆته‌وه‌.

پێنجه‌م بابه‌ت: له‌ژماره‌(8) ی گۆڤاری گه‌لاوێژی ساڵی (1949)  له‌م بابه‌ته‌داهونه‌رمه‌ند شه‌ماڵ سائیب وه‌ك ڕۆژنامه‌نووسێك چه‌ندپرسیارێكی ئاراسته‌ی هونه‌رمه‌ند( سه‌لمان شوكر) كردووه‌و بڵاوی كردۆته‌وه‌.

هونه‌رمه‌ند له‌سه‌ر داوای كۆمپانیای (چه‌قماقچی) له‌ساڵی (1960) كتێبێك به‌ناوی ( له‌گه‌ڵ شه‌ماڵ سائیب) به‌چاپ ده‌گه‌یه‌نێ و پێشكه‌شی هه‌وادارانی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی ده‌كات ، سه‌ره‌ڕای ئه‌و نوسین و بڵاوكراوانه‌ هونه‌رمه‌ند له‌ماوه‌ی ساڵانی (1956 تا 1958) له‌ڕۆژنامه‌ی ژین چه‌ندین وتاری نوسیوه‌ و بڵاوی كردۆته‌وه‌ وه‌ك :

1/ ڕۆژنامه‌ی ژین  ژماره‌( 1323_ ساڵی 1956) به‌شی مۆسیقا.

2/  ڕۆژنامه‌ی ژین  ژماره‌( 1324_ ساڵی 1956)  كوردستان و مۆسیقا.

3/ ڕۆژنامه‌ی ژین  ژماره‌( 1328_ ساڵی 1956)مۆسیقا و ئافره‌ت.

4/ ڕۆژنامه‌ی ژین  ژماره‌( 1350_ ساڵی 1956)گۆرانیه‌ كۆنه‌كانمان.

5/ ڕۆژنامه‌ی ژین  ژماره‌( 1353_ ساڵی 1957) كۆمه‌ڵی ئاوازی كورد.

6/ ڕۆژنامه‌ی ژین  ژماره‌( 1379_ ساڵی 1958)چۆن مۆسیقا ناسرا.

7/ ڕۆژنامه‌ی ژین  ژماره‌( 1380_ ساڵی 1958)ئاگاداری بۆگۆرانیبێژان( 17).

هه‌ریه‌ك له‌و  نوسینانه‌ی هونه‌رمه‌ند شه‌ماڵ سائیب له‌گۆڤاری گه‌لاوێژو ڕۆژنامه‌ی ژین، ده‌هێنێ زۆر به‌ووردی توێژینه‌وه‌یان له‌سه‌ربكرێت، جێی خۆشحاڵییه‌ كه‌ مامۆستاو هونه‌رمه‌ند( عادل محه‌مه‌د كه‌ریم) له‌ كتێبی ڕه‌هه‌نده‌كانی شه‌ماڵ سائیب دا زۆر به‌ووردی خوێندنه‌وه‌ی بۆ كردوون، ئه‌وكاره‌ی جێی ستایش و ده‌ستخۆشی و به‌رزنرخاندنه‌‌.

له‌گه‌ڵ په‌یدابوونی ته‌له‌فزیۆن له‌عێراق(  كوردی  و عه‌ره‌بی) به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كان وه‌ك مۆسیقا و گۆرانی هه‌رهه‌مووی له‌ناو ستۆدیۆدا تۆماركراون و په‌خشكراون، له‌كۆتایی ساڵانی حه‌فتاكان  بۆیه‌كه‌م جار له‌ناو  هونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌ب و كورد ، شه‌ماڵ سائیبی  داهێنه‌ر به‌هاوكاری ده‌رهێنه‌رێكی ته‌له‌فزیۆنی به‌ڕه‌گه‌ز فه‌ڕه‌نسی به‌ناوی( شیراك) له‌ده‌ره‌وه‌ی ستۆدیۆ و له‌ ژینگه‌ و سروشتی جوانی هاوینه‌هه‌واره‌كانی كوردستان (10) گۆرانی كلیپ ده‌كات( ئه‌م كاره‌ ده‌نگی دایه‌وه‌ له‌عێراق دا هه‌تا ته‌له‌فزیۆنی عه‌ره‌بیش گۆرانییه‌ كلیپ كراوه‌كانی منی په‌خش ده‌كرد،له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ موباره‌ك باییان لێ ده‌كردم ،تۆئه‌م ڕۆژه‌ بخه‌ره‌ به‌رچاوت بۆ كورد ئه‌مه‌ كه‌م نه‌بوو)(18).

به‌رهه‌مه‌ تۆماركراوه‌كانی ( سروود و گۆرانی) هونه‌رمه‌ند سوودی له‌هۆنراوه‌ی شاعیران وه‌رگرتووه‌ ، به‌ڵام زۆرینه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی  له‌هۆنراوه‌و ئاوازی خۆی بوون:

 سرووده‌كانی :

1/ ئه‌وڕۆژه‌ی له‌دایك بووم ( هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند) .

2/ ئێمه‌ی ئاشتیی خواز ( هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند) .

3/ ئێمه‌ ڕۆڵه‌ی بیری ئازادی ڕاپه‌ڕین ( هۆنراوه‌ی كامیل ژیر ، ئاوازی هونه‌رمه‌ند).

4/ به‌رزانی ( هۆنراوه‌ی قه‌دری جان ، ئاوازی هونه‌رمه‌ند).

5/ سه‌ربازین ( هۆنراوه‌ی عوسمان عوزێری ، ئاوازی هونه‌رمه‌ند).

گۆرانیه‌كانی:

1/ ئازیز به‌هاره‌ ( هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند) .

2/ به‌رده‌به‌رده‌ ( هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند) .

3/ بولبول مژده‌( هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند) .

4/ بۆتۆیه‌ دڵ بۆتۆیه‌ ( هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند) .

5/ بۆمنت ناوێ ( هۆنراوه‌ی مه‌دهۆش و ئاوازی هونه‌رمه‌ند) .

6/ بابه‌ هه‌سته‌ ، گۆرانی بۆ منداڵان( هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند) .

7/ به‌سته‌ی دڵداری ( هۆنراوه‌ی عه‌بدوڵلا گۆران و ئاوازی هونه‌رمه‌ند) .

8/ هاتی بۆ هاتی ( هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند) .

9/ هیوا _ خۆزگه‌ دنیام هه‌بوایه‌  ( هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند) .

10/ ئه‌رێ له‌یلێ ( هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند) .

11/ هاوار سه‌دهاوار ( هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند) .

12/ وه‌ره‌ وه‌ره‌ ( هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند) .

13/ شوانه‌ شوانه‌ ( هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند) .

14/ جوانین ئێمه‌ جوانین ( هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند) .

15/ ده‌مه‌كه‌ت بێنه‌و ده‌ستت لابه‌ ( هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند) .

16/ زوڵێخا ( هۆنراوه‌ی ئه‌حمه‌د موخڵیس و

 ئاوازی هونه‌رمه‌ند) .

17/ سه‌راب ( هۆنراوه‌ی كه‌ریم سه‌عیدزانستی و

 ئاوازی هونه‌رمه‌ند) .

18/ گیانه‌ سوێندده‌خۆم ( هۆنراوه‌ی  هاوار  و

 ئاوازی هونه‌رمه‌ند) .

19/ له‌یاره‌وه‌ ( هۆنراوه‌ی ئه‌حمه‌دهه‌ردی و

 ئاوازی قادردیلان) .

شه‌ماڵ سائیبی هونه‌رمه‌ند له‌ زۆربه‌ی سروود و گۆرانیه‌كانی كۆرسی به‌كارهێناوه‌ و هیوا و ئاواتی بووه‌ ئافره‌ت ڕۆڵی هه‌بێت له‌ هونه‌ر به‌گشتی و له‌گۆرانییه‌كانیدا،( من هه‌میشه‌ ویستوومه‌ ئافره‌ت وه‌ك پیاو ده‌وری هه‌بێ له‌گۆرانی و مۆسیقادا ، له‌ناو كوردا به‌پیاویان ده‌گووت چاوه‌ش ، لۆتی ئه‌گه‌ر ئافره‌ت بوایه‌ شتی زۆر عه‌جایب تریان پێ ده‌گوت ، به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ ڕۆژگاری زۆر سه‌ختمان بینی ، بوختان ،تانه‌و ته‌شه‌ر ، ناوزڕاندن ، كۆڵم نه‌دا) (19).

 شه‌ماڵ سائیبی دڵسۆز و خه‌مخۆر و بۆ هونه‌ر هیچ كات مه‌به‌ستی نه‌بووه‌ له‌وڕێگه‌یه‌وه‌ ناو و ناوبانگ ده‌ربكات به‌ڵكو ته‌نها مه‌به‌ستی بووه‌ هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی پێش بكه‌وێ به‌شێوه‌یه‌كی زانستی،   هه‌ندێك له‌گۆرانیه‌كانی به‌شێوه‌ی دووقۆڵی له‌گه‌ڵ خاتوونێك به‌ناوی( گه‌لاوێژ) خوێندووه‌، سه‌ره‌تای چۆنیه‌تی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و خاتوونه‌ ده‌نگخۆشه‌مان بۆ ده‌كات( ڕۆیشتمه‌ ئیستگه‌ی به‌شی عه‌ره‌بی كچێكی زۆر ده‌نگخۆش و جوان و شیرین و میهره‌بان و زیره‌كم دۆزییه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ هه‌ردوو چاوه‌كانی كوێربوون، خۆی ناوی ساهیره‌) بوو باوكی میسری و دایكی یۆنانی بوو، سه‌ره‌تاناوه‌كه‌یم گۆڕی له‌ساهیره‌وه‌ بۆ گه‌لاوێژ، هه‌موو شیعره‌ كوردییه‌كانم پێ ده‌گووت ئه‌و خێرا له‌به‌ری ده‌كرد، دوایی مه‌عناكه‌ی لێ ده‌پرسیم، من له‌پرسیارێكیدا زۆرم به‌زه‌یی پێداهاته‌وه‌، له‌گۆرانیه‌كم كه‌ ده‌ڵێ : پێم بڵێ پێت ده‌ڵێم به‌و چاوه‌جوانه‌، من له‌جیاتی ئه‌وچاوه‌ جوانه‌ی بۆته‌رجه‌مه‌ بكه‌م ده‌ستم به‌قژی داده‌هێنا و ده‌مگوت به‌م قژه‌ جوانه‌، ئه‌میش پێده‌كه‌نی و ده‌یگوت ئه‌م شیعرانه‌ زۆر خۆشن) (20) .

هونه‌رمه‌ند له‌ ماوه‌ی ژیانیدا دووجار ژیانی هاوسه‌ری پێكهێناوه‌،جاری یه‌كه‌م له‌ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا‌ هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ خاتوونێكی ئه‌مریكایی ده‌كات و ده‌بنه‌ خاوه‌نی كوڕێك به‌كوردی ناوی ( هه‌ڤاڵ) و به‌ ئه‌مریكی( سام) بووه‌.

جاری دووه‌م شه‌ماڵ سائیب گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ نیشتمان و مامۆستای كۆلیژی ئاداب بووه‌، له‌گه‌ڵ خاتوو( نه‌زیره‌ مه‌لاكه‌ریم) هاوسه‌رگیری ده‌كات، به‌روبوومی ئه‌و ژیانه‌ هاوبه‌شییه‌ ده‌بنه‌ خاوه‌نی دوو كوڕ به‌ناوه‌كانی ( ژیمۆ و تیشكۆ) .

نه‌زیره‌خانی هاوسه‌ری هونه‌رمه‌ند شه‌ماڵ سائیب باس له‌سه‌ره‌تای یه‌كترناسینی خۆیی و هونه‌رمه‌ند ده‌كات ( سه‌ره‌تای بینینمان له‌كتێبخانه‌ی مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی  ده‌ستیپێكرد، من به‌رێوه‌به‌ری ئه‌و كتێبخانه‌یه‌بووم، ئه‌ویش هاتوچۆی ئه‌وێی زۆر ده‌كرد، له‌وێ داوای لێ كردم خۆم بگوازمه‌وه‌ بۆ كتێبخانه‌ی زانكۆ، شه‌ماڵ له‌وكتێبخانه‌یه‌ لێپرسراو بوو، من خۆم گواسته‌وه‌ ئه‌وێ و پێوه‌ندیمان زۆرتربوو له‌ئاكامدا بوو به‌هۆی خۆشه‌ویستی، من له‌ (7/3/1975) مێردم پێكرد) (21).

هونه‌رمه‌ند دواساڵه‌كانی ژیانی له‌شاری هه‌ولێر نه‌خۆشیی و ناله‌باری باری ده‌روونی ته‌نگی پێ هه‌ڵده‌چنێ و ڕۆژ به‌ڕۆژ لاواز ده‌بێت ، به‌پێویستی ده‌زانم له‌گه‌ڵ ناو هێنان و یاد و یاده‌وه‌ریی هونه‌رمه‌ند شه‌ماڵ سائیب و دواساڵه‌كانی ژیانی له‌شاری هه‌ولێر ، نابێت ڕۆڵی دڵسۆزانه‌ و چاكه‌و مرۆڤدۆستی به‌ڕێز ( شێخ سه‌لاحه‌دین شێخ سڵێمان باقلانی) و كوڕه‌كانی به‌تایبه‌ت( عه‌بدولڕه‌حمان بێلاف) ی شاعیر فه‌رامۆش بكه‌ین ، چونكه‌ ڕۆڵێكی گرنگیان هه‌بووه‌ له‌چاودێری و خزمه‌تكردن و به‌خێوكردنی ئه‌وهونه‌رمه‌نده‌ی هه‌موو ژیانی بۆ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی ته‌رخان كردبوو..!

 له‌كۆتا ڕۆژه‌كانی ژیانیدا كه‌ به‌ده‌ست نه‌خۆشیی ( توانه‌وه‌ی جگه‌ر) له‌ده‌رئه‌نجامی جگه‌ره‌كێشان و زۆر مه‌ی خواردنه‌وه‌ ده‌یناڵاند، به‌رێز ( نیهال سائیب) ی برای له‌شاری هه‌ولێره‌وه‌ ده‌یباته‌وه‌ بۆشاری سلێمانی ، له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م، چرای هیواو ئاواتی هونه‌رمه‌نده‌ جوان و شیكۆپۆش و ده‌نگخۆش و داهێنه‌ر شه‌ماڵ سائیب ده‌كوژێته‌وه‌ ، له‌رێكه‌وتی (7/11/1986) بۆ هه‌میشه‌ چاوه‌كانی لێكده‌نێ و له‌ ڕێكه‌وتی (8/11/1986) له‌گرده‌كه‌ی سه‌یوانی سلێمانی جه‌سته‌ی ساردو سڕی ده‌خرێته‌ ناو ئامێزی خاكی پیرۆزی كوردستانه‌وه‌.

هه‌تا گۆرانی كوردی بوونی هه‌بێت ده‌نگ و هونه‌ری شه‌ماڵ سائیب ده‌مێنێ ، تا سه‌یران و گه‌شت و سه‌فا بۆ ناو گوڵ و گوڵزاری كوردستان به‌رده‌وام بێت ، گۆرانی ئه‌رێ له‌یلێ هه‌رله‌سه‌رزاری كیژ و كوڕانی شۆخ و شه‌نگی كوردستان ده‌بێت.

جه‌مالی ده‌لاك ، 23/2/2023 هه‌ولێر.

سه‌رچاوه‌:

(1 و 5)كتێبی ڕه‌هه‌نده‌كانی شه‌ماڵ سائیب، ژیان و ده‌ستپێكی هونه‌ری ..هزر ..پێكهاتی ئاوازی گۆرانییه‌كانی ، نوسین و ئاماده‌كردنی  هونه‌رمه‌ند عادل محه‌مه‌د كه‌ریم ، لاپه‌ڕه‌( 23)  و (38).

(2) ده‌مه‌ته‌قێی نێوان چالاك تاڵه‌بانی و شه‌ماڵ سائیب، كتێبی شه‌ماڵ سائیب ، ژیان و هونه‌ر ، ئاماده‌كردنی ئه‌حمه‌د سالار و ژیمۆ شه‌ماڵ سائیب هه‌ولێر ساڵی (2010) لاپه‌ڕه‌ (81).

(3 و 11 و 14و18 و 19 و20  ) دیدار له‌گه‌ڵ شه‌ماڵ سائیب ، عبدولڕه‌حمان بێلاف، كتێبی شه‌ماڵ سائیب ، ژیان و هونه‌ر ، ئاماده‌كردنی ئه‌حمه‌د سالار و ژیمۆ شه‌ماڵ سائیب هه‌ولێر ساڵی (2010) لاپه‌ڕه‌ (102 و 105 و 108).

( 4 و 21 ) ناسری ڕه‌زازی  ، ستۆكهۆڵم ( 25/1/1996)  ، گۆڤری ( مامۆستای كورد ) ژماره‌(29) به‌هاری (1996).

(6 و 15)  پێشه‌كی كتێبی شه‌ماڵ سائیب ، ژیان و هونه‌ر ،  نووسینی ( دكتۆر محه‌مه‌د نوری عارف) ئاماده‌كردنی ئه‌حمه‌د سالار و ژیمۆ شه‌ماڵ سائیب هه‌ولێر ساڵی (2010) لاپه‌ڕه‌ (7 و 11).

(7 و8) كتێبی گۆرانیبێژه‌ نه‌مره‌كان ، به‌شی یه‌كه‌م ، دانانی  باكووری ، لاپه‌ڕه‌ (172 و 176).

(9) شه‌وئاهه‌نگێك له‌شاری به‌غدا له‌ساڵی (1972) له‌ماڵی ئه‌ندازیارو به‌ڵێنده‌ر ( حه‌سیب ساڵح) ، هونه‌رمه‌ندان شه‌ماڵ سائیب و ڕه‌فیق چالاك .

(10) هونه‌رمه‌ند عومه‌ڕه‌زا ، ده‌نگخۆشێكی فه‌رامۆشكراو ، نوسینی جه‌مالی ده‌لاك ، گۆڤاری چلاواز ژماره‌( 56) تشرینی یه‌كه‌می (2010) لاپه‌ڕه‌( 38).

(12)  ناس نامه‌ی شه‌ماڵ ساییب ، كتێبی ( ڕۆژێ له‌ڕۆژان) دیمانه‌ی كولتووریی و ڕۆژنامه‌نووسیی 1966_ 2008) ( ج_1)  گه‌ڵاڵه‌و تۆماركردنی ( كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د) لاپه‌ڕه‌ ( 305).

(13) له‌گه‌ڵ شه‌ماڵ سائیبدا،ئاماده‌كردنی (مه‌حمود زامدار) كتێبی شه‌ماڵ سائیب ، ژیان و هونه‌ر ، ئاماده‌كردنی ئه‌حمه‌د سالار و ژیمۆ شه‌ماڵ سائیب هه‌ولێر ساڵی (2010) لاپه‌ڕه‌ (93).

(14) هونه‌رمه‌ندی نه‌مر شه‌ماڵ سائیب _ ولیه‌م یوحه‌نا ، كتێبی شه‌ماڵ سائیب ، ژیان و هونه‌ر ، ئاماده‌كردنی ئه‌حمه‌د سالار و ژیمۆ شه‌ماڵ سائیب هه‌ولێر ساڵی (2010) لاپه‌ڕه‌ (28).

(16) دیداری جه‌مالی ده‌لاك له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( چه‌تۆ حه‌سه‌ن) بازاڕی گه‌وره‌ی شاری هه‌ولێر له‌رێكه‌وتی ( 6/5/2017 ).

(17) پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به‌نووسینه‌كانی شه‌ماڵ سائیبی هونه‌رمه‌ندا، یاسین قادر به‌رزنجی ، كتێبی شه‌ماڵ سائیب ، ژیان و هونه‌ر ، ئاماده‌كردنی ئه‌حمه‌د سالار و ژیمۆ شه‌ماڵ سائیب هه‌ولێر ساڵی (2010) لاپه‌ڕه‌ (61).

 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.