کەشناسی هەرێمی کوردستان ڕەوشی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی خستووەتەڕوو، ئاماژەی بەوە داوە کە کەش ناجێگیر دەبێت و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزن.
بەشی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کەشوهەوای ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند: کەشی ئاسمان نیمچەهەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ دابارینی نمەباران لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان، هەروەها تاوەباران و هەورەتریشقە لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان لە (ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر).
ڕاشیگەیاند: بەرزبوونەوەی تۆزوخۆڵ بەهۆی زیادبوونی خێرایی با، لە کاتەکانی ئێوارە کاریگەری خێرایی با و تۆزوخۆڵ کەم دەبێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ بە نزیکەی بە (2-3 ) پلە و خێرایى با مامناوەند دەبێت ( 15 - 30) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک دەبێت، هەندێک کات چالاک دەبێت بۆ سەرووی 30 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک.
کەشناسی لەبارەی کەشوهەوای سبەی سێشەممە ڕایگەیاند: کەشی ئاسمان هەور بۆ نیمچەهەور دەبێت، لەگەڵ بارینی نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان، هەروەها لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێم بەشێوەی تاوەباران و هەورەبرووسکە دەبێت.
ڕاشیگەیاند: لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ دابارین دەوەستێ و کەشەکە جێگیر دەبێتەوە. نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى زیاتر دەبێت و ئەگەرى بارینى تەرزە لە هەندێ ناوچەى سنوورى پارێزگاى سلێمانى هەیە.
باسی لەوەش کرد کە پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە بە (2-4 ) پلە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ، خێراى با / لەسەرخۆ- مامناوەند دەبێت ( 10 - 20) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک.
کەشناسی هەرێمی کوردستان هەروەها بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەمشێوەیە خستووەتەڕوو:-
هەولێر : 18 پلەى سیلیزى
سلێمانی : 17 پلەى سیلیزى
دهۆک : 17 پلەى سیلیزى
کەرکووک : 21 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە : 18 پلەى سیلیزى
زاخۆ : 19 پلەى سیلیزى
سۆران : 18 پلەى سیلیزى
گەرمیان : 24 پلەى سیلیزى
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.