Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 18:26

مه‌سرور بارزانی داوا له‌ تیمی وه‌زاری یه‌كێتی ده‌كات بگه‌ڕێنه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران

کوردستان TV
100%

سەرۆک وەزیران هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند كه‌ چەندین جارە داوا لە تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکرێ بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بکەن و لە ئاستی بەرپرسیارەتی خۆیان و متمانەی خەڵک و پەرلەمان بن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ڕێگەیان پێ نەدراوە بەشداری بکەن.

ئەمڕۆ دووشەم 6ی ئادار، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان کرد بە بۆنەی ساڵیادی ڕاپەرینی جەماوەری ساڵی 1991 کە وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە خەباتی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان لە پێناو ئازادیدا. سەرۆک وەزیران جەختی لە گرنگیی هاوهەڵوێستی و یەکگرتوویی و یەکڕیزی خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری کوردستان کردەوە لەپێناو پاراستنی دەسکەوتە نیشتمانییەکان و داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان .

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، سەرۆک وەزیران داوای لە تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد کە بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، چونکە بەشدارینەکردن لە کۆبوونەوەکان و ڕاکردن لە بەرپرسیارییەتی، هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات. لەمبارەیەوە سەرۆک وەزیران گوتی ”چەندینجارە داوا لە تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکرێ بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بکەن و لە ئاستی بەرپرسیارەتی خۆیان و متمانەی خەڵک و پەرلەمان بن. بە نووسراوی فەرمیش داوایان لێ کراوە کە بگەڕێنەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ڕێگەیان پێ نەدراوە بەشداری بکەن“.

سەرۆک وەزیران هەروەها گوتی ”ئەنجوومەنی وەزیران شوێنی خزمەتکردنی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکانە و بەشدارینەکردن لە کۆبوونەوەکان و ڕاکردن لە بەرپرسیاریەتی، چارەسەری هێچ کێشەیەک ناکات، بە پێچەوانەوە بەرامبەر بە سوێندی یاسایی خۆیان و خەڵکی کوردستان دەکەونە بەردەم بەرپرسیاریەتییەکی گەورە“.

پاشان لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە لە ڕاپۆرتێکی بەرفراواندا، كار و پلانە ستراتیژییەکانی وەزارەتی پەروەردەی خستەڕوو کە بریتی بوو لە پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکانی خوێندن، ڕاهێنانی مامۆستایان، هەڵسەنگاندنی قوتابخانەکان، خزمەتگوزارییە دیجیتەڵییەکان، ژێرخانی پەروەردەیی و بەشداری هەرێمی کوردستان لە هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتییەکان.
 

سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لە وەزیر و کارمەندانی وەزارەتی پەروەردە کرد بۆ کارکردنی بەردەوامیان لە جێبەجێکردنی کارنامەی چاکسازی کابینەی نۆیەم لە بواری پەروەردە و ئەنجامدانی ژمارەیەک لە پلانە ستراتیژییەکان.

بڕگەی دووەم، بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی مایە و مایەدارکردنی تیرۆری ئیتیحادی ساڵی 2015 لە هەرێمی کوردستان کە لەلایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایەڕوو.

ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە بەرەنگاربوونەوەی پرۆسەکانی سپیکردنەوە و شوشتنەوەی مایە و ڕێگريگرتنە لە مایەدارکردنی تیرۆر و لێکەوتە زیانبەخشەکانی لەسەر ئابووری و کۆمەڵگە .
ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ، پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد.

لە بڕگەی کۆتاییدا، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی پێشنیاری دووبارە ڕێگەپێدان بە دامەزراندن و تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی بواری دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانی پێشکەش کرد کە ماوەی چەند ساڵێکە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران وەستاوە.

ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا کە بەدواداچوونی ورد و هەمەلایەنی ئەم بابەتە بکرێت و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی گشتگیردا، بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ئامادە بکرێت، بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندی گشتیی هاووڵاتییان و پێشخستنی بواری تەندروستی و لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەم بۆ چاکسازی لە کەرتی تەندروستی و دەرمان و خۆراک، کە پێویستە بۆ ئەم مەبەستە، دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی هەرێمی کوردستان دابمەزرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.