وهزیری دارایی و ئابووری حكوومهتی ههرێمی كوردستان زانیاری لهسهر ڕێككهوتنهكهی نێوان ههولێر و بهغدا ئاشكرا كرد و ڕایگهیاند كه لەسەر بەشە بودجەی هەرێم گەیشتووینەتە ڕێکكەوتن و دوا داڕشتنی بەندەکانی لەلایەن هەردوولاوە تەواو بووە.
ئهمڕۆ دووشهم ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری لهگهڵ شاندێكی باڵای کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر كۆبووهوه.
لە دیدارهكهدا وەزیری دارایی تیشکی خستە سەر دوایین دەرئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا و ڕایگەیاند "لە چوارچێوەی بڕیاری حکوومەتی هەرێم بۆ سفرکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ بەغدا ئەوپەڕی نەرمیمان نواندووە، بە ئاگاداری و چاودێری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر بەشە بودجەی هەرێم گەیشتووینەتە ڕێکەوتن و دوا داڕشتنی بەندەکانی لەلایەن هەردوولاوە تەواو بووە، ئومێدەواریشین بە زووترین کات پڕۆژهیاسای بودجه بگاتە پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی".
سهبارهت به هەنگاوەکانی چاکسازی حکوومەتی هەرێم، ئاوات جەناب نووری ڕایگەیاند "ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و کۆکردنەوەیان لەژێر چەتری وەزارەتدا قۆناغی باشی بڕیوە و ئەوەی پەیوەستە بە وەزارەتی داراییەوە هەموو کارئاسانییەکمان بۆ ئەو پرۆسەیە کردووە و بەردەوامیش دەبین".
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرا و تیشک خرایە سەر کەمی داهات لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لەو ڕووەشەوە وەزیری دارایی ئەو هەنگاوانەی بۆ شاندی میوان ڕوون کردەوە کە بەمەبەستی ڕێکخستنەوە و زیادکردنی داهاتی پارێزگاکە گرتوویانەتە بەر.
لە کۆتایی دیدارەکەدا وەزیری دارایی ستایشی ڕۆڵی ئەمهریکای کرد لە پای هەوڵەکانیان بۆ لێکنزیکبوونەوەی هەرێم و بەغدا و داواشی کرد ڕۆڵی زیاتر ببینن لە چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.