Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 22:33

مۆدێلە كۆنەكانی جلی كوردی ئافرەتان باوی هاتۆتەوە؟

کوردستان TV
100%

بازاڕی جلوبەرگی كوردی ئافرەتان تادێت روو لە زیادبوونە، بەپێوەری ئەوەی كە ئافرەتان زۆرجار بۆ یەك بۆنە جلی كوردی بە دروستكردن دەدەن و لە مساڵیشدا هەریەك لە بۆنەكانی نەورۆز و جەژنی رەمەزان زۆر لەیەك نزیك بوونەتەوە، بازاڕی قوماش و دوورینی جلوبەرگی ئافرەتان لەچاو ساڵانی رابردوودا، زۆر زیادی كردووە و بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بە نزیكبوونەوە لە جەژنەكانی بەهار و رەمەزان زیاتر جمەیان دێت.
شاهێن عەبدوڵڵا عەلی كە پیشەی پەرستارە و 32 ساڵە ئاماژە بەوە دەكات كە بەگشتی خەڵك لە مانگی دووەوە دەكەوێتە ئامادەكاری بۆ جەژنی نەورۆز و بەو بۆنەیەوە جلی كوردی دەكڕێت و دەڵێت ''منیش جلم كڕیوە و هاتووم بۆ لای بەرگدروو بیدرووم".
لەبارەی مۆدێلە باوەكانی دوورینی جلی كوردی و رەنگە زاڵەكان كە لەمساڵدا ژنان و كچان سەریان تێكردووە شاهێن عەبدوڵڵا دەڵێت "ئەمساڵ مۆدێلی جلی پرتەقاڵی و كەوای پوولەكەیە، ئەو جلانەی لە كۆندا باوی هەبووە، مۆدی پوولەكە و كراسی نقێم و گشت رەنگەكان، ئەوەیش بەپێی ئارەزووی خەڵك خۆیەتی. ئێستا من كەوای پوولەكەم كردووە لەگەڵ كراسی سەوزدا. كراسی كوردی كۆنەكانی جوانترە. من خۆم زۆر حەزم لە جلە كۆنەكانە. دایكم چ جلێكی كۆنی مابێت هەر ئەوانە بەكاردەهێنم. ئەمساڵیش ژنان هەموو جلە مۆدێل كۆنەكان دەكەن، بەتایبەتی پوولەكە".
ئەمە لەكاتێكدایە كە ئەمساڵ جەژنەكانی نەورۆز و رەمەزان زۆر لەیەكەوە نزیك دەبن هەر بۆیە هاووڵاتییان بە دیقەتەوە جلە كوردییەكانیان هەڵدەبژێرن تاوەكو بتوانن زیاتر لەبەریان بكەن، لەوبارەیەوە شاهێن دەڵێت "لەبەرئەوەی مانگی رەمەزانی پیرۆز هاتووەتە پێشەوە. لە نەورۆزدا خەڵك زۆر بواری نابێت بچێتە دەرەوە، لەبەرئەوەی بە تیرێك دەدەین لە دوو نیشان، واتە جلەكان بۆ نەورۆز و جەژنی رەمەزانیش بەكاردەهێنین".
هەروەها هێرش حەمید بابەشێخی بەرگدروو، 39 ساڵ وەك یەكێك لە بەرگردووەكانی سلێمانی كە تەنیا جلوبەرگی كوردی ئافرەتان دەدورێت دەڵێت "ئێمە خانەوەدایەكی بەرگدرووین. پوورم و دایكم و خاڵم بەرگدروو بوون و خۆیشم لە ساڵی 2004ـەوە خۆم خاوەنی كاری خۆمم".
هێرش حەمید ئاماژە بەوە دەكات كە لە مانگی شوباتەوە، ئافرەتان سەردەكەنە كڕین و دوورینی جلوبەرگی كوردی و دەڵێت ''پیشەی ئێمە بەرگدرووینە. خەڵك ساڵانە لە مانگی دووەوە دەست دەكات بە كڕینی جلی كوردی، بەڵام چەند ساڵی پێشوو بەهۆی قەیرانی دارایی و ئابووریی و كۆرۆناوە خەڵك لە كڕینی جلی كوردی كشابوونەوە، بەڵام ئەمساڵ بازاڕ باشترە و لە چاو ئەو ساڵانە خەڵك زیاتر جلی كوردی دەكڕێت"
هێرشی بەرگدروو لەبارەی ئەو رەنگاكەی كە ئێستا ئافرەتان بۆ ئەمساڵ زیاتر هەڵیان دەبژێرن، دەڵێت "هەڵبژاردنی رەنگ دەكەوێتە سەر ئارەزووی كەسەكان. گەنجەكان زیاتر حەزیان بە رەنگەكانی سەوز و پەمەیی و شین و كراسی رەنگاوڕەنگە. ئەوانەیشی تەمەنیان سەر كەوتووە بەپێی تەمەنی خۆیان رەنگەكانی رەش و نیللی و قاوەیی دەكەن".
ئەو بەرگدرووە لەبارەی مۆدێلی جلوبەرگەكانەوە باس لەوە دەكات كە ئەمساڵ زیاتر مۆدێلی هێلەك و كراسە و خەڵك تێكەڵی دەكات و دەڵێت "ئەمساڵ كە بۆنەی نەورۆز و رەمەزان بەیەكەوەیە، خەڵكەكە وا بیر دەكەنەوە جلێك بكەن بتوانن بۆ هەردوو بۆنەكە لەبەری بكەن. بەهۆی قەیرانی دارایییەوە خەڵك ناتوانێت بۆ جەژنی نەورۆز جلێك و بۆ جەژنی رەمەزان جلێكی دیكە بكات. ئێستا دەیدەن بە بەرگدرووەكان، ئەگەر فریا بكەون بۆ نەورۆز لەبەری دەكەن، ئەگەریش فریا نەكەون بۆ جەژنی رەمەزان لەبەری دەكەن".
هێرش حەمید نایشارێتەوە كە زۆربەی كچان و ژنان سەریان كردۆتەوە سەر شێوازەكانی جلوبەرگی كۆنی كوردی ئافرەتانە و لەوبارەیەوە دەڵێت "ئێستا خەڵك گەڕاوەتەوە بۆ مۆدێلی كراسە كۆنەكان كە جێگای دڵخۆشییە. كراسی فەقیانە و كراسی تیرۆژوو دەكەن و حەزیان لە جل و كراسی پانوپۆڕە. سوپاس بۆ خوا، جلەكانی ئێستا شێوازی كوردەوارییان پێوە دیارە، بەڵام چەند ساڵێك پێشووتر كە باسی جلی كوردی دەكرا، خەڵك وەك عەزی دەهاتە پێش چاوی، بەڵام ئەمساڵ خەڵك گەڕاوەتەوە سەر مۆدێلی جلی كۆنی كوردی، كەسانێكیش هەن حەزیان بە مۆدێلی كەوا و كراسی دهۆكی-یە، كەمەری كراسەكان چرچ دەكرێن. ستایلێكی جوانە و خەڵك زۆر بەكاری دەهێنێت".
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.