Erbil 38°C شەممە 28 کانونی یەکەم 07:10

قه‌باره‌ی زیانه‌كانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا ڕاگه‌یه‌نرا

کوردستان TV
100%

به‌رپرسێكی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئه‌مڕۆ سێشه‌م قه‌باره‌ی زیانه‌كانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی رۆژی 6ی مانگی ڕابردووی پارێزگاكانی باشووری توركیای ڕاگه‌یاند.

لویزا ڤینتۆن به‌رپرسی به‌رنامه‌كانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: به‌گوێره‌ی ئه‌و داتایانه‌ی كه‌ حكوومه‌تی توركیا و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئه‌نجامیانداوه‌‌، قه‌باره‌ی زیانه‌كانی بوومه‌له‌رزه‌ به‌ زیاتر له‌ 100 ملیار دۆلار خه‌مڵێنراوه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ ئه‌م ئاماره‌ سه‌ره‌تاییه‌‌ ده‌كرێته‌‌ بنه‌ما بۆ ئه‌و كۆنفڕانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ی كه‌ بڕیاره‌ له‌ رۆژی 16ی ئه‌م مانگه‌ له‌ بڕۆسكل له‌ وڵاتی به‌لجكا به‌ڕێوه‌ بچێت به‌ مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی هاوكاری بۆ زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌ له‌ هه‌ردوو وڵاتی توركیا و سووریا.

پێشتر نووسینگه‌ی توركیای بانكی جیهانی پشتڕاستی قه‌باره‌ی زیانه‌كانی كردبووه‌وه‌ و ڕایگه‌یاندبوو: به‌گوێره‌ی ئه‌و خه‌مڵاندنانه‌ی كه‌ بانكی جیهانی كردوویه‌تی،‌ زیانه‌كانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی رۆژی 6ی ئه‌م مانگه‌ی توركیا بریتییه‌ 100 ملیار دۆلار.

سه‌باره‌ت به‌ ئاماری گیانله‌ده‌ستدانیش، پێشتر یوونس سه‌زه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌سات و باری له‌ناكاوی توركیا (ئافاد) ڕایگه‌یاندبوو: ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدان به‌هۆی بوومه‌له‌زه‌كه‌ی مانگی ڕابردوو 44 هه‌زار و 374 كه‌سه‌.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست تورکیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.