Erbil 38°C شەممە 28 کانونی یەکەم 22:17

نێچيرڤان بارزانى: به‌رژه‌وه‌ندى و به‌هاى هاوبه‌ش لەگەڵ ئەمەریكا كۆمانده‌كاته‌وه‌‏

کوردستان TV
100%

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمەریکا جەختی کردەوە کە به‌رژه‌وه‌ندى و به‌هاى هاوبه‌ش لەگەڵ ئەمەریكا كۆمانده‌كاته‌وه‌‏.

پاش كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 07ـی 03ـی 2023 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان له‌گه‌ڵ لۆيد ئۆستن وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكا، لەبارەی ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌، ‏لێدوانى ڕۆژنامه‌وانييان به‌ كه‌ناڵه‌كانى ڕاگه‌ياندن و ڕۆژنامه‌نووسان دا، ئه‌مه‌ ده‌قى هه‌ردوو ‏لێدوانه‌كه‌يه‌:‏-

 نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:‏-

ڕۆژ باش،

زۆر خۆشحاڵم كه‌ ئه‌مڕۆ لێره‌ پێشوازى له‌ به‌ڕێز لۆيد ئۆستن وه‌زيرى به‌رگريى ‏ئه‌مه‌ريكا و دۆستى ‏دێرينى گه‌لى كوردستان و عێراق ده‌كه‌م. بێگومان هاتنی بەڕێزیان په‌يامێكى ‏گرنگ و ڕوونى ‏دڵنياكردنه‌وه‌ و پشتگيريى ئه‌مه‌ريكايه ‌له‌ هه‌رێمى كوردستان و ‏عێراق. ‏

كۆبوونه‌وه‌يه‌كى باشمان هه‌بوو. باسمان له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ردوولا له‌سه‌ر بنه‌ماى ‏ڕێككه‌وتنى ‏چوارچێوه‌ى ستراتيژيى عێراق و ئه‌مه‌ريكا كرد.‌ جه‌ختمان له‌ پێويستيى ‏به‌رده‌واميى هاريكاريى ‏هاوبه‌ش و پشتگيريى ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانانی نێوده‌وڵه‌تى بۆ ‏عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ ‏بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر. هه‌روه‌ها باسمان ‏له‌ گرنگيى هاريكاريى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق ‏كرد بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش.‏

جه‌ختمان له‌ گرنگيى به‌رده‌واميى پشتيگريى ئه‌مه‌ريكا و وڵاتانى دۆست له‌ پرۆسه‌ى ‏چاكسازى له‌ ‏وه‌زاره‌تی پێشمەرگە و ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌. دڵنيامان كرده‌وه‌ كه‌ ‏سوورين‌ له‌سه‌ر ‏ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ و ته‌گه‌ره‌كانى به‌رده‌میان تێده‌په‌ڕێنين. ‏هه‌روه‌ها له‌ هه‌وڵه‌كانمان ‏به‌رده‌وام ده‌بين بۆ يه‌كڕيزى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانی ‏ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان. ‏

هاوڕا بووين كه‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، ئارامى و سه‌قامگيريى ‏سياسى و ‏ئه‌منى و ئابوورى بۆ عێراق له‌گه‌ڵ خۆيدا ده‌هێنێت. هاوڕا بووين له‌سه‌ر ‏گرنگيى پشتگيرى له‌ ‏حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق و كاركردنى پێكه‌وه‌ى هاوبه‌شمان له‌ ‏ناوچه‌كه‌ بۆ پاراستنى ‏سه‌قامگيرى. هه‌روه‌ها ‏دووپاتمان كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ فاكته‌ر‌ى ئارامى و ‏‏سه‌قامگيرى ده‌بێت.‏

جه‌نابى وه‌زير، ‏

دووباره‌ زۆر زۆر به‌خێر بێن بۆ هه‌ولێر، سوپاسى ڕۆڵى تايبه‌تى جه‌نابتان ده‌كه‌ين له‌ ‏هاوكاريكردنى ‏پێشمه‌رگه‌. سوپاسى ئه‌مه‌ريكا ده‌كه‌ين بۆ پشتگيريى به‌رده‌وامى له‌ ‏عێراق و هه‌رێمى كوردستان. ‏ئێمه‌ به‌رژه‌وه‌ندى و به‌هاى هاوبه‌ش لەگەڵ ئەمەریكا كۆمانده‌كاته‌وه‌. ‏پێكه‌وه‌ ده‌توانين ئارامى و ‏سه‌قامگيريى عێراق و به‌رژه‌وه‌نديى‌ هاوبه‌ش بپارێزن.‏

زۆر سوپاس بۆ هاتنتان، ڕۆژێكى خۆش. ‏

به‌ڕێز لۆيد ئۆستن، وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكا:‏

جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ‏

زۆر خۆشحاڵ بووم كە ئەمڕۆ جەنابتانم بینی. هەستێكی خۆشم هەیە كە ئەمڕۆ لە هەولێرم. بۆ ‏ماوەی دەیان ساڵ شان بە شانی یەكتر لە هەندێك كاتی زۆر سەختدا پێكه‌وه‌ كارمان كردووە. لە ‏سەردەمی ”ئۆپەراسیۆنی دابینكردنی ئارامی” تا شەڕی ئێستا و هاوبەشمان لە دژی داعش بە ‏بەردەوامی پێكه‌وه‌ كارمان كردووە.‏

‎‏ئەمەریكا و عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە هەنگاوی زۆر مەزنمان بۆ گەڕانەوەی سەروەریی ‏عێراق ناوە. لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا بۆ تێكشكاندنی داعش، زیاتر لە پەنجا هەزار ‏كیلۆمەتری دووجامان لە مۆتەكەی داعش ئازاد كردووە، هەروەها زیاتر لە چوار ملیۆن و پێنجسه‌د ‏هه‌زارمان لە خەڵكی عێراق ڕزگار كردووە.‏

‎بۆیە لە جێی خۆیەتی دەستخۆشی لەو ڕۆڵ و یارمەتیدانە پڕ بەهایە بكەم كە بەتایبەتى لەلایەن ‏پێشمەرگەوە وەك بەشێك لە هێزەكانی ئاسایشی عێراق، لەو جەنگەدا پێشكەش كراوە.‏

‎دەبێت جەخت لەوە بكەمەوە كە هێزەكانی ئەمەریكا ئامادەن لەسەر بانگێشتی حكوومەتی عێراق ‏لە عێراقدا بمێننەوە بۆ پشتگیریكردنی هەڵمەتی شەڕی عێراق دژی داعش. ئێمە خۆشحاڵین كە ‏توانیمان پشتگیری لە هێزەكانی ئێوە بكەین و بەرگری لە خەڵكی عێراق بكەین.‏

‎هەروەها حەز دەكەم پشتگیریی خۆمان بۆ ئەو یاداشتى لێكگەیشتنە ڕابگەیەنين كە وەزارەتی ‏بەرگریی ئەمەریكا ساڵی پار لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەی ئێوە واژۆی كرد. ئەو یاداشتە جەخت ‏لە ئامادەیيی ئێمە دەكاتەوە بۆ بەردەوامبوون لە دابینكردنی یارمەتیی ئەمنی بۆ هێزەكانی ئێوە و لە ‏هەمان كاتدا بۆ چاكسازیی دامەزراوەیی.‏

‎داعش بەردەوامە لە هەڕەشە لە ژیان و گوزەرانی خەڵكی عێراق، بۆیە هاوبەشی و هاوكاریی ‏بەردەوامی ئێمە زۆر گرنگە، هەروەها هەماهەنگیی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان ‏لەگەڵ هێزەكانی ئاسایشی عێراقی پێویستە، بەتایبەتی لە لیوا هاوبەشەكاندا.‏

‎بەداخەوە داعش تاكە هەڕەشەی سەر هەرێم نییە. وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سەركۆنەی ‏هێرشە بەردەوامەكانی ئێران دەكات كە لەودیوی سنوورەوە دەكرێن. ئەم هێرشانە پێشێلكارین بۆ ‏سەر سەروەریی عێراق، ژیانی عێراقییەكان دەخاتە مەترسییەوە و خەڵكی عێراق لە پێشكەوتن ‏ڕادەگرێت. ‏

ئەمەریكا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی لە خەڵكی عێراق. عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت هەموو تواناكانی ‏خۆی بەكاربهێنێت، پێویستە هەولێر و بەغدا پێكه‌وه‌ كار بۆ بەرژوەندیی هەموو عێراقییەكان بكەن. ‏پێویستە سەركردە كوردەكانیش ناكۆكی و جیاوازییەكانیان بەلاوە بنێن و یەك بگرن بۆ ‏مسۆگەركردنی هەرێمی كوردستانی عێراقی خۆشگوزەران و ئارام. ‏

جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان،

سوپاس بۆ خانەخوێیی جەنابتان و تیمەكەتان. ‏

سوپاس بۆ ئەو گفتوگۆیە زۆر باشەی كە هەمانبوو و بە پەرۆشییەوە دەڕوانینە بەهێزكردنی زیاتری ‏هاوبەشیمان.‏

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.