Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 03:31

وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا: له‌ پشتیوانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بین

کوردستان TV
100%

وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا تویتێكی له‌سه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی هه‌ولێر و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ پشتیوانی و هاوكاریكردنی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق به‌رده‌وام ده‌بن.

لۆید ئۆستن وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا له‌ تویته‌كه‌دا ڕایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆبوومه‌وه‌ بۆ دووپاتكردنه‌وه‌ له‌ هاوبه‌شی نێوان ئه‌مه‌ریكا و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

ئۆستن ڕاشیگه‌یاند: وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا پابه‌نده‌ به‌ ڕاوێژكاری و هاوكاری و پشتیوانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق بۆ دڵنیابوون له‌ له‌ناوبردنی یه‌كجاره‌كی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش له‌ ناوچه‌كه‌. 

ئه‌مڕۆ سێشه‌م لۆید ئۆستن وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ عێراق و دواتریش سه‌ردانی‌ هه‌رێمی كوردستانی كرد و له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لێ كرا‌.

له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا گوتی "بێگومان هاتنی لۆيد ئۆستن په‌يامێكى ‏گرنگ و ڕوونى ‏دڵنياكردنه‌وه‌ و پشتگيريى ئه‌مه‌ريكايه ‌له‌ هه‌رێمى كوردستان و ‏عێراق".

گوتیشی "كۆبوونه‌وه‌يه‌كى باشمان هه‌بوو، باسمان له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ردوولا له‌سه‌ر بنه‌ماى ‏ڕێككه‌وتنى ‏چوارچێوه‌ى ستراتيژيى عێراق و ئه‌مه‌ريكا كرد،‌ جه‌ختیشمان له‌ پێويستی ‏به‌رده‌واميى هاريكاريى ‏هاوبه‌ش و پشتگيريى ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانانی نێوده‌وڵه‌تى بۆ ‏عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ ‏بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر، هه‌روه‌ها باسمان ‏له‌ گرنگيى هاريكاريى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق ‏كرد بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش".‏

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.