کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا بەڵێن نادات، بەڵکوو بەڵێنەکانیشی جێبەجێ دەکات، لە نوێترین هەنگاودا، کارى لەسەر مووچەى مووچەخۆران کرد تا بە شێوەیەکی پارێزراو و شەفاف و خێرا، مووچەکانیان وەربگرن.
"پڕۆژەی هەژماری من" کە پڕۆژەیەکى نوێی بانکییە، كۆمەڵێك سوودی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان هەیە لە سەرجەم بوارەكان، لەوانە (ئاسانكاریی وەرگرتنی مووچە بە بێ نۆرە، گرنگیی تایبەتی هەیە لە لایەنی ئابووری و دیجیتاڵی و هەروەها لایەنی تەندروستییش دەگرێتەوە).
بۆ ئەم مەبەستە، پێگەى فەرمیى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە نزیكەوە چەند فەرمانبەرێكی سەر بە فەرمانگەكانی حكومەتی دواند، بۆ ئەوەی لە زمانی خۆیانەوە باس لەم پڕۆژەیە بكەن.
سامی ساڵح، کارمەندی وەزارەتی تەندروستییە، دوای ڕاگەیاندنی پڕۆژەی هەژماری من، بە شێوەی ئەلیکترۆنی و بە کەمتر لە خولەکێک مووچەکەی وەرگرت. ئەو لەوبارەیەوە دەڵێت: "پێشتر مووچەكەمان لە ڕێی چەكى بانکى و لە بانكی شیرین وەردەگرت، كاتێكی زۆری دەویست و پێویست بوو نۆرە بگرین و نزیکەى دوو تا سێ كاتژمێری دەویست، بەڵام ئێستا مووچەكەم لە ماوەی چەند چركەیەك وەردەگرم، تەنانەت پێویست ناکات بچمە بانک و ڕێگەیەکى زۆر ببڕم، بەڵکوو زۆر بەئاسانی هەر لەنێو نەخۆشخانەكەمان، بە هۆی كارتی هەژماری من وەریدەگرم، بۆیە دەستخۆشی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم بۆ ئەم هەنگاوە گرنگ و خزمەتگوزارییە".
کابینەی نۆیەم، پڕۆژەی هەژماری منی ڕاگەیاندووە، بەمەش شێوازی پێدانی مووچە دەگۆڕێت و لەمەودوا مووچەخۆران بە کاتێکی کەمتر و بەبێ نۆرەگرتن مووچەکانیان وەردەگرن، ئەم هەنگاوەش لە پێناو کەمکردنەوەی ڕۆتین و کارئاسانییە بۆ مووچەخۆران.
ئایدن فایەقى تەمەن ٣٢ساڵ کە مووچەخۆرە، لەم بارەوە دەڵێ: "كاتی دروستبوونی قەیران زۆر بە زەحمەت مووچەكانمان وەردەگرت، دواتر وەرگرتنی مووچە گواستراوە بۆ بانك و ئەویش ڕاستە ئاسان بوو، بەڵام بۆ خۆى زەحمەتی هەبوو، بەڵام بە هۆی ئەم سیستەمەوە کە ئێستا ڕاگەیێنرا، بە شێوەیەكی ئاسانتر مووچەكانمان وەردەگرین و کەمتر لە چەند خولەكێکمان پێ دەچێت، بۆیە ئەمە هەنگاوێكی باشە لە حكومەتی هەرێمەوە بۆ فەرمانبەران، بەڵام بە هیواین بەردەوام بێ و زیاتر كار بكات، ئاخر دەتوانین هەر لە فەرمانگەی خۆمان یان نزیكترین بانك مووچە وەربگرین، هەروەها دەتوانین بڕێك لە مووچەكەمان ڕابكێشین، ئەوەی دیکەی بۆ کاتی پێویست هەڵبگرین".
پڕۆژەی هەژمارى من، ئاسانکاریی تەواو بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان و بەئەلیکترۆنیکردنی پارەدان بۆ نزیکەی ملیۆنێک مووچەخۆر دەکات، کە ئەمەش پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەم دەکاتەوە، کارایی حکومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات.
پڕۆژەی هەژماری من گەورەترین خزمەتگوزاریی حکومەت لە خزمەت مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.