سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق جەختی کردەوە کە دەبێت دادگەكان جێگەی دڵنیایی بن بۆ سەرجەم هاووڵاتییان و پێكهاتەكانی عێراق.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 08ـی 03ـی 2023 پێشوازی لە فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق كرد.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو، ڕایگەیاند: لە دیدارێكدا گرنگیی ڕۆڵی دادوەری و دادگەكان لەسەر سەقامگیریی وڵات و كاریگەرییەكانی لەسەر هەموو كایەكانی ژیان خرایە بەر باس و گفتوگۆ، هەروەها لەسەر گرنگیی جێبەجێكردنی پرۆگرامی كابینەی حكوومەتی فیدراڵی هاوڕا بوون كە ڕێككەوتنی هەموو لایەن و پێكهاتەكانی لەسەرە.
ڕاشیگەیاند: نێچیرڤان بارزانی لای خۆیەوە سوپاسی سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری كرد بۆ ڕۆڵ و ئەركیان لە كاری پێكەوەیی و كۆشش بۆ دڵنیاییدان كە دەبێت دادگەكان جێگەی دڵنیایی بن بۆ سەرجەم هاووڵاتییان و پێكهاتەكانی عێراق.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا کە "لەبەرامبەردا سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، سوپاسی ڕۆڵ و پێگەی نێچیرڤان بارزانی كرد لە پێكەوەژیان و قووڵكردنەوەی گیانی پێكەوەیی لەسەر ئاستی عێراق بەگشتی."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.