وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەبارەی سەردانەکەی وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ هەولێر ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردۆتەوە و جەختی لە هاوبەشی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەرێمی کوردستان کردۆتەوە.
لۆید جەی ئۆستن وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دوێنێ سێشەممە 08ـی 03ـی 2023 گەیشتە عێراق و پاشان لەگەڵ سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ڕایگەیاند: ئەمریکا هاوبەشی هەرێمی کوردستانە و پابەندە بە ئارامی، ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان.
سایتی فەرمی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئەمڕۆ چوارشەممە 08ـی 03ـی 2023 پەیامێکی وەزیری بەرگری ئەمریکای بڵاو کردەوە، لە ڕاگەیەنراوەکە هاتووە، لۆید جەی ئۆستن ئاماژەی بەوە دا کە دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخساوە لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، بۆ دەربڕینی سوپاس و پێزانینی خۆی، کە لەژێر سەرپەرشتی بەڕێزیان پێشمەرگە شەڕی دژی داعشی کرد و هۆکار بوو بۆ گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری و سەرفرازی بۆ هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.
هەر لە پەیامەکەدا وەزیری بەرگری ئەمریکا، جەختی کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا لەسەر بانگهێشتی حکوومەتی عێراق لە عێراق دەمێننەوە، لەڕووی ڕاوێژکاری و مەشق و ڕاهێنان هاوکار و هەماهەنگیی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن، بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانیان، تاوەکوو دڵنیا دەبن لە شکستپێهێنانی تیرۆریستانی داعش بەتەواوەتی.
هەر لە پەیامەکەیدا وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند: سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان جەختیان کردەوە لە جێبەجێکردنی پڕۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە و پابەندبوونی وەزارەتی پێشمەرگە بە پێشخستن و یەکخستن و بە پیشەییکردنی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەمەش بە پشتیوانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێت، هەروەک لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دیاری کراوە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش داوە کە "سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان باسیان لەو هەڕەشانەش کرد کە لەسەر سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هەیە، لەبەرامبەردا لۆید جەی ئۆستن ئۆستن سەرکۆنەی هێرشە سنووربەزێنەکانی ئێرانی کرد و ئاماژەی بەو مەترسیانەش دا کە دەکرێنە سەر سەروەری عێراق، داوای هاوکاریی زیاتری نێوان هەولێر و بەغداشی کرد".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.