Erbil 38°C پێنجشەممە 09 کانوونی دووەم 11:02

پاپای ڤاتیكان: ئێستا جه‌نگی جیهانی سێیه‌م ده‌ستی پێ كردووه‌

کوردستان TV
100%

پاپا فڕا‌نسیس پاپای ڤاتیكان ڕایگه‌یاند كه‌ ئێستا جه‌نگی جیهانی سێیه‌م ده‌ستی پێ كردووه‌ و ئه‌وه‌ی له‌ ئۆكڕاینا روو ده‌دات به‌ ڕاستی جه‌نگی جیهانی سێیه‌مه‌.

پاپا فڕانسیس له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (لا ریپۆبلیكا)ی ئیتاڵی كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی بڵاو كراوته‌وه‌ ده‌ڵێت: له‌ 100 ساڵی ڕابردوودا جیهان 2 جه‌نگی گشتگیر و ماڵوێرانی به‌خۆیه‌وه‌ بینی، یه‌كه‌میان له‌ 1914-1918 بوو و دووه‌میشیان له‌ ساڵانی 1939-1945، ئه‌و جه‌نگه‌ی ئێستاش له‌ ئۆكڕاینا روو ده‌دات جه‌نگێكی تری گشتگیره‌ و به‌ڕاستی جه‌نگی جیهانی سێیه‌مه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆرێك له‌ وڵاتانی‌ زلهێزی جیهان په‌لكێشی ناو شه‌ڕه‌كه‌ كراون.

گوتیشی: هه‌ر له‌ ساتی یه‌كه‌می ده‌ستپێكردنی جه‌نگه‌وه‌، له‌ ڕێگه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ڕووسیا داوام كردبوو ڕێگه‌م پێ بده‌ن بچمه‌ ڕووسیا و له‌گه‌ڵ ڤلادیمێر پووتین كۆببمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاوێك به‌م ئاگره‌دا بكه‌ین.

هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌و كات سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا سه‌ره‌ڕای داوای لێبوردن، بۆی نووسیبووم كه‌ كاته‌كه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م گه‌شته ‌گونجاو نییه‌.

پاپا فڕا‌نسیس له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا دووباره‌ داوای كرده‌وه‌ ڕێگه‌ی پێ بده‌ن بچێته‌‌ مۆسكۆ تا ڕێگه‌كان خۆش بكات بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكانی نێوان ڕووسیا و ئۆكڕاینا.

پاپای ڤاتیكان نه‌شی شارده‌وه‌ كه‌ چه‌ندین جار له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌كانی ئۆكڕایناوه‌ داوای لێ كراوه‌ بچێته‌ كیێف، به‌ڵام ئه‌و داواكه‌ی ڕه‌تكردۆته‌وه‌ و جه‌ختی كردۆته‌وه‌ كه‌ به‌ر له‌ سه‌ردانی بۆ مۆسكۆ، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناچێته‌ هیچ شاریكی ئۆكڕاینا.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.