Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 15:53

بە نێوەندگیری چین؛ سعوودییە و ئێران ڕێککەوتن

کوردستان TV
100%

شانشینی سعوودییە و ئێران ئەمڕۆ هەینی 10ـی 03ـی 2023 ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات، کە لە ساڵی 2016ـەوە پەیوەندییەکانیان پچڕاوە.

لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا سعوودییە و ئێرانن ڕایانگەیاند: ڕێککەوتووین لەسەر ئەوەی ڕێز لە سەرەوەری وڵات بگرن و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆییان نەکەن، هەروەها ڕێککەوتنی هاوکاری ئەمنی کە لە ساڵی 2001 لەنێویاندا واژۆ کراوە، کارا بکەنەوە.

ڕاشیگەیاند: بەپێی ڕێککەوتنەکە ڕیاز و تاران پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان دەست پێ دەکەنەوە و لە ماوەی دوو مانگی داهاتوو، باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانیان لە وڵاتانی یەکتر دەکەنەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکە باس لەوەش کراوە کە هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر چالاککردنی ڕێککەوتننامەیەک بۆ هاوکاری لەبواری ئابووری، بازرگانی و وەبەرهێنان کە لە ساڵی 1998 واژۆ کرابوو.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە "هەرسێ وڵاتی (ئێران، سعوودییە و چین) حەزی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی هەموو هەوڵێک بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بخەنەگەڕ."

هەر لە ڕاگەیەنراوەکە سعوودییە و ئێران سوپاسی عێراق و عومانیان کردووە کە لە ساڵانی 2021- 2022ـدا میوانداری گفتوگۆکانی نێوان هەردوولایان کردووە.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش لە ڕاگەیەنراوێکدا، پێشوازی لەو ڕێککەوتنەی نێوان سعوودییە و ئێران دەکات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.