پارێزگاری هەولێر بە بۆنەی ساڵیادی ڕێكکەوتننامەی 11ـی ئادار و ساڵیادی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، ئامانجەكانی شۆڕش و ڕاپەرین دەکەین بە هەوێنی كارەكانمان.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: وەکو پارێزگای هەولێر و سەرجەم یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکانی، تەواوی هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ و كۆششی بهردهوام دەکەین لە پێناوی خزمەتکردنی شارەکەمان و هاوڵاتییانی.
دەقی پەیامەکەی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر:-
پەیامى پیرۆزبایی پارێزگارى هەولێر، بەبۆنەى ساڵیادی ڕێککەوتنامەى یازدەی ئازار و ڕزگاركردنی شارى هەولێر
بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
ئەمڕۆ (53) ساڵ بەسەر یەكەم ڕێككەوتنی نێوان گەلی كوردستان و حكومەتی عێراقیدا تێدەپەڕێ كە تێیدا دان بە بەشێك لە مافەكانی گەلی كوردستاندا نرا، بە مبۆنەیەوە و بە بۆنەى (32)ەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی مەزن و شکۆداری گەلی کوردستان لە ئاداری 1991 و ڕزگارکردنی شارى هەولێر، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی گشت کوردستانییان و پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەزری شەهیدان دەکەین.
لەم دوو یادی پڕشکۆیەدا، دووپاتی دهكهینهوه وەکو پارێزگای هەولێر و سەرجەم یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکانی، تەواوی هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ و كۆششی بهردهوام دەکەین لە پێناوی خزمەتکردنی شارەکەمان و هاوڵاتییانی، دڵنیاش دەدەین ئامانجەكانی شۆڕش و ڕاپەرین دەکەین بە هەوێنی كارەكانمان لە پێناو ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی کوردستان و بە دیهێنانی ئاواتەكانی گەلەکەمان و دابینكرنی ژیانێكی شایستە و بەختەوەر بۆیان.
جارێکی تر بەرز و پیرۆز بێت ساڵیادی ڕێککەوتنامەى یازدەی ئازار و ڕاپەڕین و ڕزگاركردنی شارى هەولێری پایتەختى ئاشتی و ئارامی و خۆشەویستی و پێکەوە ژیان.
هەزاران سڵاو بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.