سبەی شەممە 11ـی 03ـی 2023 لە هەولێری پایتەخت، سێزدەمین فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز دەستپێدەکات و بۆ ماوەی 9 ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: بە ڕێورەسمی پەردەلادان لەسەر پەیکەری شەهید خەجەباوە و دیواربەندی شەهیدانی ڕاپەڕین، سێزدەمین فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز لە هەولێری پایتەخت دەستپێدەكات و ئێوارەی 20ـی ئاداریش بە هەڵكردنی مەشخەڵی ئاگری نەورۆز لە پارکی شانەدەر كۆتایی بە فیستیڤاڵەكە دێت.
ڕاشیگەیاند: ساڵانە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئادار و بەدیاریكراوی لە 11ـی ئادار ڕۆژی ڕزگارکردنی شاری هەولێر، فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز دەستپێدەكات، ئەو فێستیڤاڵە دەیان چالاكی جۆراوجۆری هونەری لەخۆیەوە دەگرێت وەكو هەڵپەركێ، شانۆ، مۆسیقا، پێشانگە و ماراسۆن و چەندین چالاكی دیکە.
هاوکات هەر ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئامادەكارییەكانی پارێزگای هەولێر بۆ یاد و بۆنەكانی ئازار و ئەنجامدانی 13ـەمین فێستیڤاڵی (ئازادی و نەورۆز) لە هەولێری پایتەخت، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕاگەیاند.
جێگەی باسە، ساڵانە بەهۆی فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز لە هەولێر ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە ناوخۆی هەرێم و شارەکانی تری عێراق و وڵاتانەوە ڕوو لە پایتەختی کوردستان دەکەن و سوود لەو ساتە خۆشانەوە دەبینن کە لە فێستیڤاڵەكەدا پێشكەش دەكرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.