لە11/3/1991 لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆ جەماوەری هەولێر لە دەزگا سەركوتكەرەكان و داموودەزگا سەربازییەكانی رژێمی بەعسی لەناوچوو راپەڕین و بە هاوكاری و بەشداری كردنی پێشمەرگەكانی بەرەی كوردستانی لە ماوەی چەند كاتژمێرێكی كەمدا، مەزنترین شاری هەرێمی كوردستانی عێراقیان رزگار كرد. رزگاركردنی شاری مێژوویی هەولێر، هەولێرێك كە باوەشی بۆ شارستانییەت كردۆتەوە، لە چەندین رووەوە گرنگی و بایەخی زۆری هەبوو، چونكە هەولێر جگە لەوەی شارێكی فراوان و گەورە بوو، چەندین سەربازگەی فراوانی سوپا و ئەمنی و موخابەراتی تێدا بوو، بارەگای فیرقەو چەندین لیوا لە ناوشاری هەولێردا بوون، بە رزگاركردنی هەولێر و چەندین ئۆردوگای دەوروبەری، ئیتر هەڵویسَتی جەماوەری ڕاپەریو، چارەنووسی بەرخودان قۆناغێكی نوێی بەخۆوە دی و تەواوی ئەو ناوچانەی تا ئەو كات رزگاركرابوون پەیوەندییەكی توندوتۆڵتری هاتووچۆ و لوجستیكی پێكییەوە گرێی دانەوە، رزگار كردنی كەركوكی دڵی كوردستان چووە سەر نەخشەی داهاتووی سەكردایەتی بەرەی كوردستانی و جەماوەری ئازارچەشتووی دەستی ئەنفال و كیمیاباران كردن و زامەكەی هەڵەبجە و بادینان ئامادەگییەكی زیاتریان تێگەڕا، بۆ مردن لە پێناوی كەركوكدا. پاش سلێمانی هەولێر دووەمین شاری گەورەی كوردستان بوو، كە كەوتە دەستی گەلەوە و چوونە باوەشی ئازادی، ئەو ئازادییەی لە سێبەریدا كۆمەڵگەی كوردستان سەرلەنوێ بنیاتنرایەوە و بینا كرایەوە و ئەمڕۆ بۆتە كۆڵەگەیەكی پتەو بۆ دیموكراسی كردنی عێراقی پاش سەدامی دیكتاتۆر و بۆتە خودان ئەزموونێك كە هیچ كوردێكیش ئامادە نییە لەدەستی بدات و لە پێناوی پاراستنیشیدا گەلی كوردستان ئامادەی گیانفیدایی كردنە.
32 ساڵ بەسەر رزگاركردنی شاری هەولێر تێدەپەڕێت
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.