لە11/3/1970 شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە سەركردایەتی مستەفا بارزانی نەمر دەسكەوتێكی دیرۆكی بۆ كوردستانی عێراق بەدەست هێنا، لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆی ساڵی 1970 دا رێككەوتننامەی 11ی ئادار لە رادیۆ و تەلەفزێۆنی عێراقەوە لەلایەن سەركۆماری عێراقەوە راگەیەنراو، بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا شۆڕشێكی كوردستانی، توانی حكوومەتێكی ناوەندی خودان هێزێكی سەربازی پۆشتە و پڕچەك ناچار بكات، بەرەسمی دان بە مافە رەواكانی گەلی كوردستاندا بنێت، رێككەوتننامەی یازدەی ئادار دانپێدانانێكی رەسمی حكوومەتی ناوەندی عێراق بوو، بە دەسەڵاتێكی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستانی عێراق، كە لەو قۆناغەی شۆڕشی كوردستان و هەلومەرجی جیهانیدا، گەر رژێمی بەعس بە راستی جێبەجێی بكردایە، ئەوا بەشێكی زۆری داوا رەواكانی گەلی كوردستانی بەدیدەهێنا، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستاش و ئەوساش یەكێكە لە سەركەوتنە مەزنەكانی نەتەوەی كورد، لە سەدەی بیستەمدا، لە پاش یازدەی ئادارەوە بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان چووە قۆناغێكی باڵاترەوە، بەتایبەتی لەوەدا كە حكوومەتی ناوەندی عێراق بەرەسمی دانی بەمافە رەواكانی گەلی كوردستاندا نا ، بەهۆی یازدەی ئادارەوە شۆڕشی ئەیلول بۆ عێراق و جیهانی سەلماند كە بزاڤی كورد لە هاوكێشە سیاسییەكانی عێراق و ناوچەكەو بگرە جیهانیشدا فاكتەرێكی سەرەكییە، جێی باسە حزبی بەعس لە 17 تەمووزی 1968ەوە، لە رێگەی كودەتایەكەوە دەسەڵاتی عێراقی گرتە دەست، هاوكات لەگەڵ ئەو گۆڕانەدا حكوومەت هێرش و لەشكركێشییە سەربازییەكانی بۆ سەر كوردستان و شۆڕشی ئەیلوول توندتر لە جاران كرد، بەڵام بەدرێژایی ساڵانی 1968 و 1969 سوپای عێراق بەدەستی پێشمەرگە زیانێكی زۆری لێكەوت و لە چەندین بەرەوە، شكستی زۆری پێكەوت، لەو كەش و هەوایەدا حكوومەتی بەغدا بەمەبەستی وتوێژی ئاشتی پەیوەندی بە مستەفا بارزانی نەمرەوە كرد، بارزانی نەمریش وەكو هەموو جارەكانی دیكە هیچ كاتێك وتوێژی ئاشتی رەت نەكردۆتەوە، وتوێژ دەستی پێكرد و چەندین دانیشتن و گفتوگۆی قورس و گرانی لە خۆگرت و چەندین مانگی خایاند و خودی سەددام جێگری سەرۆك كۆماری ئەوكاتی عێراق چەند جارێك سەردانی سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلولی مەزنی كرد، تا لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆ پاش ئیمزا كردنی لە رادیۆو تەلەفزێۆنەوە و لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەری فراواندا رێككەوتننامەكە بەرەسمی راگەیەنرا.
شۆڕشی ئەیلوول بە سەركردایەتی مستەفا بارزانی دەسكەوتێكی دیرۆكی بۆ كوردستان بەدەست هێنا
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.