مەسرور بارزانی،سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی ساڵیادی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئادار رایدەگەێنێت، ڕێككەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970 ، دەسكەوتێكی گرنگی گەلی كوردستانە و بەڵگەنامەیەكی مێژووییە.
دەقی پەیامەكەی سەرۆكی حكومەت..
ئەمڕۆ یادی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئادار دەكەینەوە ، كە پەنجا و سێ ساڵ لەمەوبەر ، حكومەتی عێراق ناچار بوو، بە هۆی بەرگری و خۆراگری خەڵكی كوردستان لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕێبەرایەتی بارزانیی نەمر، ئەو ڕێككەوتنە واژۆ بكات و دان بە هەندێك لە داخوازییەكانی گەلی كوردستاندا بنێت.
ڕێككەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970 ، دەسكەوتێكی گرنگی گەلی كوردستانە و بەڵگەنامەیەكی مێژووییە، لە سەر سەركەوتنی خواستی خەڵكی كوردستان و پەیامە ئاشتیخوازانەكەی، كە هەمیشە ویستویەتی لە ڕێگەی دانوستان و گفتوگۆ و ڕێگەچارەی ئاشتیانە، كێشەكان چارەسەر بكرێن. بەڵام بەداخەوە حكومەتی ئەوكاتی عێراق ، لە بەڵێن و ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ سەركردایەتی كوردستان پاشگەز بووەوە و دەستی بە هێرش و پەلاماردانی كوردستان كردەوە و سەرەنجام بە هۆی سیاسەتی شەڕانگێزانەی ڕژێمی عێراقەوە، هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی ، ڕووبەڕووی شەڕ و وێرانكاری و كارەساتی گەورە بوونەوە ، كە تا ئێستاش خەڵكی هەرێمی كوردستان ، بە دەست ئەم تاوانانە دەناڵێنن و قەرەبووش نەكراونەتەوە،
لەم یادەدا، هەڵوێستی خۆمان لە داكۆكیكردن و دەستبەردارنەبوون لە مافە دەستوورییەكانمان و چارەسەركردنی كێشەكان بە شێوەیەكی بنەڕەتی و ئاشتیانە و لە سەر بنەمای دەستوور، دووپات دەكەینەوە.
مەسرور بارزانی
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
11ی ئاداری 2023
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.