حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی 6 بەنداو دروست دەکات و بەشێک لە بەنداوەکان قۆناغی باشیان جێبەجێکراوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەردەوامیی دروستکردنی بەنداوەکان، وەکوو بنەمایەکی گرنگی ژێرخان و پاراستنی سامانی ئاو، لەلایەن کابینەى نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەیر دەکرێت و کارى بۆ دەکرێت. لەمبارەیەوە ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەرى گشتیی بەنداوەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکان، ڕایگەیاند: لە ساڵی 2022 چوار بەنداو بە تواناى کۆگاکردنی 30 ملیۆن مەتر سێجا ئاو تەواو کراون، ئەوانیش بەنداوی چەمرگە لە هەولێر، بەنداوی دێوانە لە سلێمانی، بەنداوی خنس لە دهۆک، لەگەڵ بەنداوی تووڕەجاڕ لە گەرمیان.
ڕاشیگەیاند: ئەو بەنداوانەى لە هەرێمی کوردستانن، قۆناغێکی باشیان لێ جێبەجێ کراوە و لە کۆتایی 2021، بودجە بۆ تەواوکردنیان تەرخان کراوە، بریتیين لە بەنداوەکانی زەلان، چەقچەق دوو، دێوانە لە سلێمانی، بەنداوەکانی خۆرنەوەزان و تووڕەجاڕ لە گەرمیان، بەنداوەکانی چەمگرە، بانوی تاڵەبان، شەوگێڕ، گۆمەسپان، نازەنین، ئاقووبان لە هەولێر، بەنداوەکانی خنس، سبنەدوو، گەلی بەنداوە لە دهۆک.
بەڕێوەبەرى گشتیی بەنداوەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئەوەشی خستەڕوو لە ساڵی 2022، کارکردن لە چوار بەنداو دەستیان پێ کردووەتەوە و ڕێژەیەکی باشیان لێ ئەنجام دراوە: بەنداوی گۆمەسپان، بە تواناى کۆگاکردنی 97 ملیۆن مەتر سێجا لە هەولێر، بەنداوی شەوگێڕ، بە تواناى کۆگاکردنی 2 ملیۆن مەتر سێجا لە کۆیە. بەنداوی ئاقووبان، بە تواناى کۆگاکردنی 2 ملیۆن مەتر سێجا لە هەولێر. بەنداوی سبنەدوو، بە تواناى کۆگاکردنی 2 ملیۆن مەتر سێجا لە دهۆک. ئەو بەنداوانەشی لە سەرەتاى 2023 دەستیان پێ کراوەتەوە، بریتین لە بەنداوی بانوی تاڵەبان، بە تواناى کۆگاکردنی 3 ملیۆن مەتر سێجا و بەنداوی نازەنین بە تواناى کۆگاکردنی 2 ملیۆن مەتر سێجا.
رەحمان خانی لەبارەى هەماهەنگیی هەولێر و بەغدا لەسەر بەنداوەکان گوتی: حكوومه‌تی عێراق له ماسته‌رپلان و لێکۆڵینەوەى ستراتیژی بۆ ئاو و خاك، کە لە ساڵی 2014 دەستی پێکردووە و تاکوو 2035 بەردەوام دەبێت، ده‌یان به‌نداوی گه‌وره و بچووكی کۆگاکردن و هایدرۆپاوه‌ری دروست دەکات، به‌شێكی زۆریان له كوردستان و له‌گه‌ڵ پلانه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان یه‌كده‌گرنه‌وه.
گوتیشی: هەوڵ دراوە له ڕێگەی لیژنه‌ی ته‌كنیكی و شاندی وتووێژ له په‌رله‌مان و حكومه‌تی عێراق، هەماهەنگی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بكرێت؛ له ساڵی 2022، چه‌ندین كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ و وه‌زیری سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حکوومەتی فیدراڵی و به‌نداوه‌كان تایبه‌ت به نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌نداوه گه‌وره‌كان و دروستكردنی به‌نداوی نوێی ستراتیژی به‌پێی پلان له هه‌رێمی كوردستان کراوە.
بەڕێوەبەرى گشتیی بەنداوەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئەوەشی گوت: دروستكردنی به‌نداوی بچووک له چوارچێوه‌ی چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی وشكه‌ساڵی و كۆكردنه‌وه‌ی باراناو پرسێکی دیکەی گفتوگۆکان بووە. لە نموونەى ئەو بەنداوانەى گفتوگۆی لەسەر کراوە، بریتیین لە به‌نداوی مه‌نداوه، بە توانای کۆگاکردنی 330 ملیۆن مەتر سێجا له هه‌ولێر، بەنداوی ده‌ڵگه بە توانای کۆگاکردنی 100 ملیۆن مەتر سێجا له سلێمانی، بەنداوی ته‌قته‌ق بە توانای کۆگاکردنی 1000 ملیۆن مەتر سێجا له كۆیه، بەنداوی باكرمان بە توانای کۆگاکردنی 500 ملیۆن مەتر سێجا له دهۆک، لەگەڵ بەنداوی كه‌لار (به‌رده‌سوور)، بە توانای کۆگاکردنی 170 ملیۆن مەتر سێجا.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەر لەمبارەیەوە جەختی کردۆتەوە کە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەى بەنداوسازی و نوێکردنەوەى بەنداوەکانەوە، لەلایەکەوە دەیەوێت ئاسایشی ئاو بۆ ئایندە بپارێزێت و لەڕووی کشتوکاڵی و بەرەنگاربوونەوەى وشکەساڵیشەوە سوودی لێ وەربگرێت".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.