لەدوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ شەممە 11ـی 03ـی 2023ـی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەبارەی پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە، وادەی کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بۆ تاوتوێکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن ئاشکرا کرا.
بەپێی زانیارییەکانی (کوردستان تیڤی)، کاتژمێر 10:00ـی سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە 13ـی 03ـی 2023 کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدرێت، سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن.
ئەمەش لەدوای ئەوەی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە شاری سلێمانی لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسییە کوردستانیەکانی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ئامادەکاری و لێکتێگەیشتن بۆ هەمواری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بابەتەکانی پەیوەست بە هەمواری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن گفتوگۆی ڕاشکاوانەی لەبارەوە کرا و لەسەر ئەم بابەت و تەوەرانەی خوارەوە بڕیاری پێویست وەرگیرا:-
1- سیستەمی چوار بازنەیی بەپێی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەبێت.
2- تۆماری بایۆمەتری کۆمیسیۆنی سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێتە بنەما بە هەموو پێداویستییەکانیەوە.
3- داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی فیدراڵ بەکاردێت بۆ دیاریکردنی ڕێژەی کورسی پارێزگاکان.
4- کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان.
5- سەرۆکایەتیی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکان لە ناوەوە و دەرەوەی پەرلەمان ئەنجام دەدەن.
پەیامنێر- ئامانج ساڵح
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.