شارەزایەكی بواری كەشناسی هۆشداریدا كە پێویستە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و موسڵ لە ئێستاوە ئامادەكاری بكەن بۆ ئەگەری ڕوودانی لافاو.
سیروان ساڵح، شارەزای بواری كەشناسی، ئەمڕۆ یەك شەممە 12-3-2023 رایگەیاند پێویستە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و موسڵ لە ئێستاوە ئامادەكاری بكەن بۆ ئەگەری ڕوودانی لافاو لە ماوەی نێوان ئێوارەی چوارشەممە تا ئێوارەی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە.
ئاماژەی بۆ ئەمەشكردووە ،چونكە بەپێی هەموو ئەگەرەكان لە ناوەندی پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و موسڵ و شارۆچكەو گوندەكانی دەوروبەریان ئەگەری بارانی زۆر و لافاو هەیە.
هەروەها دوێنێ شەممە11-3-2023 ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی ڕایگەیاند، ئەگەر ھەیە ڕۆژی سێشەممە 14ـی ئەم مانگە ناوچەكانمان بكەوێتەوە ژێر كاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەكی دەریای ناوەڕاست و بارستەھەوایەكی شێداری گەرمی لەگەڵدا دەبێت كە لە وڵاتی سووریاوە كاریگەری ئەم شەپۆلە بۆ سەر ناوچەكانمان درێژ دەبێتەوە.
گوتیشی: سەرەتا ڕۆژی سێشەممە لە سنووری پارێزگای دھۆك كاریگەری دەبێت بە بارانبارینی پچڕپچڕ و لە ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگاكەشدا بە تاوەبارانی بەخوڕ و بەلێزمە، دواتر بۆ ڕۆژی چوارشەممە 15ـی مانگ ئەگەر ھەیە حاڵەتەكە بەھێزتر ببێت، بەتایبەت لەسەر سنووری پارێزگای دھۆك بە چالاكبوونی ھەورەتریشقەی بەھێز و بارانی بەلێزمە و زۆر كە لە ھەندێ ناوچەی سنوورەكەدا ببێتە ھۆكاری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو.
لەم كاتانەدا هۆشداری لەئەگەری روودانی لافاو لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و موسڵ دەدرێت
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.