ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م له عێراق هه‌ڵمه‌تێكی فراوانی نیشتمانی ڕاگه‌یانرا ئه‌ویش بریتییه له چاندنی 5 ملیۆن نه‌مامی داری خورما له سه‌رجه‌م پارێزگاكان.
نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڵاوی كرده‌وه: محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م له پارێزگای به‌سڕه، هه‌ڵمه‌تی چاندنی 5 ملیۆن نه‌مامی داری خورمای ڕاگه‌یاند و هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ش سه‌رجه‌م پارێزگاكان ده‌گرێته‌وه.
هه‌ڵمه‌ته‌كه له چوارچێوه‌ی كۆنفڕانسی ژینگه‌ی عێراق ڕاگه‌یه‌نرا كه ئێستا له پارێزگای به‌سڕه‌ی باشووری وڵات به‌ڕێوه ده‌چێت.
ئه‌م هه‌ڵمه‌ته له كاتێكدایه كه عێراق ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه به‌ده‌ست تێكچوونی ژینگه و گۆڕانی كه‌شوهه‌واوه ده‌ناڵێنێ، به‌شێك له هۆكاره‌كه‌شی بڕینه‌وه و له‌ناوچوونی ملیۆنان داره به‌تایبه‌تیش داری خورما له‌دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس له ساڵی 2003.
ته‌نیا له ساڵی ڕابردوودا له عێراق چه‌ندان شه‌پۆڵی خۆڵبارین ڕوویان دا و بوونه هۆكاری ڕاوه‌ستانی پڕۆسه‌ی خوێندن بۆ ماوه‌ی چه‌ندان رۆژ و تێكچوونی باری ته‌ندروستی و ته‌نگه‌نه‌فه‌سی هاووڵاتییان و مانه‌وه‌یان له نه‌خۆشخانه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی چه‌ند جارێكیش به‌ناچاری گه‌شته ئاسمانییه‌كان له فرۆكه‌خانه‌كان وه‌ستێنران، هه‌موو ئه‌مانه بوونه هۆكاری ئه‌وه‌ی بیر له دروستكردنی پشتێنی سه‌وزایی بكرێنه‌وه وه‌ك ڕێگرییه‌ك بۆ خۆڵبارین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.