دوای ئەوەی هەواڵی ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران لەبارەی ئاڵوگۆڕکردنی بەندکراوەکانیان لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاوکرایەوە، ئەمریکا هەواڵەکەی ڕەت کردەوە و ئێرانیش بە سەرسوڕمانەوە سەیری ڕەتکردنەوەکەی ئەمریکا دەکات.
ناسڕ کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی ڕەتکردنەوەی لێدوانەکانی حوسەین ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە ڕایگەیاند: لە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردووەوە، ڕێککەوتنێک لەنێوان ئەمریکا و ئێران واژۆ کراوە، بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بەندکراوەکانیان لە ڕێگەی نێوەندگیرێکەوە.
ڕاشیگەیاند: لە چەند هەفتەی ڕابردووش بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەیام لەنێوان ئەمریکا و ئێران بۆ نوێکردنەوەی ڕێککەوتنەکە ئاڵوگۆڕ کراوە.
ئاماژەی بەوەش دا کە "بۆ ئێران ئاڵوگۆڕی بەندکراوەکان تەنیا پرسێکی مرۆڤدۆستانەیە و نابێت لە یارییە سیاسییەکاندا بەکاربهێنرێت".
نێد پرایس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەواڵی ڕێککەوتنی سەرەتایی لەنێوان ئەمریکا و ئێران بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بەندکراوەکانی هەردوولا ڕەت کردبووەوە و لە ڕاگەیەنراوێک جەختی کردبووەوە کە درۆیەکی دڕندانەی دیکەیە و تەنیا ئازاری بنەماڵەی ئەو بەندکراوانە زیاتر دەکات کە لە زیندانییەکانی ئێرانن.
پێشووتریش حوسەین عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران ڕێککەوتنەکەی ڕاگەیاند و هیوای خواست لە ئایندەیەکی نزیکدا گەڕی یەکەمی ئاڵوگۆڕکردنی بەندکراوەکان بەڕێوە بچێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.