بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر دوای بڕیارەکەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ لێخۆشبوونی بەشێكی کرێی بەستنی پێوەری ئاو بۆ ئەوانەی تاوەکوو ئێستا پێوەرەکەیان نەبەستووە، ڕایگەیاند، بنكە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو لەسەرجەم شار و شارۆچكەكان لە پێشوازی هاووڵاتییان دەبن بۆ جێبەجێکردنی مامەڵەکانیان.
لە ئاگادارییەکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر ڕایگەیاند: دوای ئەوەی لەسەر داوای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەبەرژەوەندیی هاووڵاتییان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی نیشان دا لەسەر نوێكردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی بەستنی پێوەری ئاو بۆ ئەو هاوبەشانەی تاوەكوو ئێستا پێوەریان نەبەستووە، بۆ ئەو مەبەستەش لەمەودوا بنكەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان لە پێشوازیی هاوبەشانی ئاودا دەبن بۆ جێبەجێكردنی مامەڵەی بەستنی پێوەری ئاو.
ڕاشیگەیاند: بەستنی پێوەری ئاو لە سەنتەری شارە گەورەكان لە 80 هەزارەوە كراوەتە 20 هەزار دینار، هەروەها بەستنی پێوەر لە قەزا و ناحییە و كۆمەڵگەكانی دەرەوەی شارەكان لە 80 هەزارەوە كراوەتە تەنیا 10 هەزار دینار.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە "فەرمانگەكانی تایبەتمەند بە بەستنی پێوەری ئاو، بە هەموو شێوەیەک ئاسانكاری بۆ هاوبەشانی ئاو دەكەن بۆ ئەوەی ئەو ماوەیەی نوێكراوەتەوە لێی سوودمەند بن".
بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر ئاماژەی بەوەش داوە کە "پێویستە ئەو هاوبەشانەی پێوەریان نەبەستووە، تاكوو 21ـی 04 2023 مامەڵەی بەستنی پێوەر بكەن، ئەگینا دوای ئەو ماوەیەی دیاریكراوە، ناتوانن لە داشكاندنەكەی حكوومەت سوودمەند بن.
جێی باسە، بڕیارەكە چەند جارێكی دیکەی بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتییان نوێكراوەتەوە و لە دوای 21ـی 04ـی 2023 چیتر نوێ ناكرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.