چوار مانگ تێپه‌ڕ ده‌بێت له ده‌ستگیركرانی وه‌رزشوانێكی كورد له كوردستانی ئێران له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌وه.
رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند: سەید مەعسووم ڕەزەوی، وەرزشوانی خەڵکی شاری سەحنەی سەر بە پارێزگای کرماشان کە نزیکی چوار مانگە ده‌ستگیركراوه و له ئێستادا لە بەندیخانەی دیزڵ ئاوای کرماشان له‌كوردستانی ئێران ڕاگیراوە، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار كه به‌هه‌نگاوی راگه‌یاندووه، ئەو وەرزشوانە دەستبەسەرکراوە، پاش چل ڕۆژ ڕاگرتنی ناوبراو لە یه‌كێك له بنكه‌كانی پۆلیسدا ، بۆ بەندیخانەی دیزڵ ئاوای کرماشان گواستراوەتەوە.
رێكخراوی هه‌نگاو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه"ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی هەینی، 27ی11ی2022 ، لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی ماتەمینی گیانبەختکردنی خەلیل عه‌لی نه‌ژاد، یەکێک لە کەسایەتییە دیار و ناسراوەکانی پێڕەوانی ئایین یاری، لەلایەن هێزە ئه‌منییه‌كانی ئێرانه‌وه ده‌ستگیركراوه".
له كۆتاییدا هه‌نگاو رایگه‌یاندووه: شایانی باسە کە سەید مەعسووم ڕەزەوی لەو کاتەوە کە بۆ بەندیخانەی دیزڵ ئاوا گواستراوەتەوە، تاوه‌كو ئێستا بە هیچ شێوەیەک ڕێگەی پێ نەدراوە لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکارەکەی چاوپێکەوتنیان هەبێت و هەروەها لە ماوەی ده‌ستگیركرانی لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەری و بێبەش کراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.