Erbil 38°C پێنجشەممە 09 کانوونی دووەم 15:42

فه‌رمانی گرتن بۆ سه‌رۆكی پێشووی دیوانی وه‌قفی سوننی عێراق ده‌ركرا

کوردستان TV
100%

ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق ئاشكرای كرد كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌م فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ سه‌رۆكی پێشووی دیوانی وه‌قفی سوننی ده‌ركراوه‌ به‌ تۆمه‌تی به‌هه‌ده‌ردانی پاره‌ و به‌كارهێنانی پێگه‌ و پۆسته‌كه‌ی بۆ ئه‌نجامدانی كاری پێچه‌وانه‌ی یاسایی.

ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی فیدڕالی ئه‌مڕۆ دووشه‌م له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ دووشه‌م دادگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی دووه‌می كه‌رخ له‌سه‌ر دوو بابه‌ت فه‌رمانی ده‌ستگیركردن و لیكۆڵنه‌وه‌ی بۆ سه‌رۆكی پێشووی دیوانی وه‌قفی سوننی ده‌ركردووه‌.

ڕاشیگه‌یاند: فه‌رمانی یه‌كه‌م‌ له‌سه‌ر بنه‌مای گه‌نده‌ڵی كارگێڕی و دارایی بووه‌‌ سه‌باره‌ت به‌ گرێبه‌ستێكی نێوان دیوانی وه‌قفی سوننی و كۆمپانیایه‌كی ژاپۆنی له‌باره‌ی به‌ دروستكردنی مزگه‌وتێك له‌ شاری مووسڵ به‌ بڕی زیاتر له‌ 42 ملیار دینار.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: له‌ پڕۆژه‌ی دروستكردنی مزگه‌وته‌كه‌دا دیوانی وه‌قفی سوننی وه‌ك پێشه‌كی بڕی زیاتر له‌ 4 ملیار دیناری به‌ كۆمپانیا ژاپۆنییه‌كه‌ داوه‌‌‌ بێ ئه‌وه‌ی له‌ گرێبه‌ست و ته‌نده‌ری پڕۆژه‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێ بدرێت، دواتریش به‌هۆی هاتنی تیرۆریستانی داعش پڕۆژه‌ی دروستكردنی مزگه‌وته‌كه‌ ڕاگیراوه‌ و وه‌قفی سوننیش پاره‌كه‌ی له‌ كۆمپانیاكه‌ وه‌رنه‌گرتۆته‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: هۆكاری دووه‌می ده‌ركردنی فه‌رمانی ده‌ستگیركردنه‌كه‌‌ به‌هۆی گواستنه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌ی (وه‌قف ئه‌لخێر) ده‌رچووه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ی ئه‌عزه‌مییه‌ و دواتریش باڵه‌خانه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی دراوه‌ته‌ وه‌به‌رهێنه‌رێك.

دادگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی دووه‌می كه‌رخ جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌ كه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردنی سه‌رۆكی پێشووی دیوانی وه‌قفی سوننی له‌سه‌ر بنه‌مای مادده‌كانی 340 و 331 له‌ یاسای سزادانی عێراقی ده‌ركراوه‌‌.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.