Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 16:49

ئەمڕۆ 120ساڵ بەسەر یادی لەدایك بوونی مستەفا بارزانی تێپەڕدەبێت

کوردستان TV
100%

لە 14/3/1903 بارزانی نەمر باوكی نەتەوەی كورد و سەركردەی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان هاتە ژیانەوە و زیاتر لە نیو سەدە خەبات و تێكۆشانی بو رزگاری نەتەوەكەی تەرخان كرد. دوای كۆچیشی لەناو گەلەكەی و لە یادەوەری شۆڕشگێران و ئازادیخوازانی جیهاندا بە نەمری مایەوە، رۆژی چواردەی ئادار لە مێژووی كوردستان و جیهاندا بەگشتی و كوردستانی عێراق بەتایبەتی شۆێنێكی تایبەتی هەیە و هەموو ساڵێك خەڵكی كوردستان بەجیاوازی بیروراو نەتەوەو ئاینەوە چەندین رێوڕەسمی جۆراو جۆر بەڕێوە دەبەن. 
هاوكات بۆ بەرزراگرتنی ئەو رۆژە مێژووییە هەڵمەتی نەمام چاندن لە شار و شارۆچكە جیاوازەكانی كوردستان ئەنجام دەدرێت. ئەنجومەنی نیشتیمانی كوردستانیش لە سۆنگەی وەفا و دڵسۆزی بۆ ئەو سەرۆكە مەزنە، چواردەی ئاداری كردۆتە پشووی رەسمی. مستەفا بارزانی نەمر ئەندامی ماڵباتێك بووە كە لە مێژودا پێگە و شوێنێكی ئایینی و نیشتیمانی مەزنیان هەبووە. جێی ئاماژەیە لەوكاتەی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی سەركردایەتی بزاڤی رزگاریخوازی كوردی كرددووە، مستەفا بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی ماڵباتەكەیدا زیندانی كراوە، ئەوكاتەشی شێخ ئەحمەدی بارزانی سەركردایەتی گرتۆتە دەست و لە پێناوی ئازادی كوردستاندا درێژەی بە خەبات و تێكۆشان داوە دەستەیەك پێشمەرگەی بە فەرماندەیەتی مستەفا بارزانی رەوانەی باكووری كوردستان كردووە و لەوێ ناوبراو چاوی بە شێخ عەبدولقادری نەهری و شێخ سەعیدی پیران كەوتووە، كاتێكیش لە مایسی 1919 شێخ مەحمودی حەفید لە ناوچەكانی سلێمانی شۆڕشی بەرپا كرد مستەفا بارزانی نەمر سەركردایەتی  ئەو پێشمەرگانەی كرد كە بەمەبەستی هاریكاری كردنی شێخ، بەرەو سلێمانی چوون، دواتر لە شۆڕشەكانی ساڵانی 1932دا بارزانی رۆڵێكی دیاری هەبووە و دواتر سەركردایەتی شۆڕشەكانی ساڵانی 1943و 1945ی كردووە، دواتریش لە كۆماری دیموكرات لە مەهاباد رۆڵێكی جوامێرانەی هەبووە. 
بارزانی نەمر سەركردەی یەكێك لەو رێڕۆیشتنە مەزنانەیە كە لە مێژوی خەباتی ئازادیخوازاندا بە رێڕۆیشتنی مێژووی   ناوزەد كراوە و  بە داستانی پەرینەوە لە روباری ئاراس ناسراوە، پاش پەرینەوەش لە ئاراس و گەیشتن بە یەكێتی سۆڤییەتی جاران بارزانی نەمر بەیاوەری 500 پێشمەرگە بۆ ماوەی  زیاتر لە یازدە ساڵ لە یەكێتی سۆڤییەتی جاران مایەوە، بارزانی نەمر لە یانزەی ئەیلولی 1961 مەزنترین شۆرشی لە باشووری كوردستان لەسەدەی بیستەمدا بەرپا كرد و توانی رژێمی بەعس ناچار بكات دان بەمافە رەواكانی گەلی كوردستاندا بنێت و بەوەش بزاڤی رزگاریخوازی كوردستانی بردە  قۆناغێكی نوێوە، لە مێژووی كوردستان و ناوچەكەو جیهانیشدا بارزانی نەمر كاریگەرییەكی مەزنی داناوە و لە دروست كردنی مێژوی سیاسیی عێراق و ناوچەكەو بگرە جیهانیشدا بەشدار بووە، هەربۆیە ناوی بەزیندووی و یاد و رێبازەكەی و خەبات و ژیانی  ئەو بەنەمری  لە دیرۆكی گەلەكەیدا دەمێنێتەوە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.