د. كهمال كهركوكی بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای كەركووك – گەرمیان پهیامێكی لە ساڵیادی لەدایكبوونی سەركردەی نەمر مستەفا بارزانی بڵاوكردهوه.
دهقی پهیام:
بەیاننامەی مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای كەركووك- گەرمیانی پارتی لە ساڵیادی لەدایكبوونی سەركردەی نەمر مستەفا بارزانی لە 14ی ئاداری 1903 و یادی 32 ساڵەی ئازادكردنی بادینان - لە ڕاپەڕینی بەهاری 1991.
لەم ڕۆژە شكۆدارەدا پیرۆزبایی ساڵیادی ھاتنەدنیای باوكی ڕۆحیی نەتەوەی و، ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، ڕابەری ئازا و بیرمەندی گەورەی خاوەن باوەڕ بوون بەخۆیی وبە دادپەروەریی پرسی كوردستان و دڵنیا لە تواناكانی گەلەكەی، مستەفا بارزانیی نەمر، كە كەركووكی خستە ناو دڵی پرسی كوردەوە كاتێك ڕایگەیاند "كەركووك دڵی كوردستانە".
ئەم ڕۆژە مێژووییە، یادی (32) ساڵەی ئازادكردنی دەڤەری بادینانە لە خوشك و برا سەربەرزەكانی بادینان وگشت گەلی كوردستان پیرۆز دەكەین.
بۆ ھەڵمەتی دەستپێك بۆ ڕزگار كردنی بادینان بڕیارمان دا ڕۆژی 14ی ئادار بكەیتە وادەی دەستپێكی داستانەكانی ئازادكردنی دھۆك و زاخۆ و گشت دەڤەری بادینان ، لە سەر بنەمای باوەڕی بەهێزەی ئێمە بەوەی ڕەمزییەتی ئەم ڕێككەوتە، كە ساڵیادی لە دایكبوونی نەمر، مستەفا بارزانییە، لەو ڕۆژە پیرۆزەدا دەس بكەینە ھەڵمەتی تێكشكان وھەڵتەكاندنی دامودەزگاكانی ڕژێمی ستەمكار لەدەڤەرەكەو دەبێتە پاڵنەرێكی گەورەتر و هاندەرێكی قووڵتر بۆ كۆكردنەوەی جەماوەری سەربەرزی بادینان و هەموو دڵسۆزانی ڕێگای ئازادی لە ناوچەكەو واتایەكی گرینگ دەبێت بۆ ھەموو لایەك، بەم شێوەیە گرنگیی واتەی لەدایكبوونی بارزانیی نەمر لە ویژدانی گەلی كورد پاڵنەرێكی گەورە بوو بۆ هەڵمەت و یەكگرتوویی چین و توێژە جۆراوجۆرەكانی خەڵكی كوردستان لە دەڤەری بادینان ، بەرپرس و كادرو پێشمەرگەكانی لقی یەكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ڕێكخستنە نھێنیەكانی پارتیمان و ڕۆڵە سەربەرزەكانی گەلەكەمان لە بادینان،زۆر مەردانە هێرشیان كردە سەر دامەزراوەكانی سەربازی و ئەمنی ڕژێم و سەركوتینەوەی جۆراوجۆری دیكتاتۆرییەتی بەعس .
هاووڵاتییان لەھەر شوێنێكی بادینان بە ئاهەنگی گەورە لە ناوچەكە پێشوازییان لە هێزی پێشمەرگە كرد لەو ڕۆژانەشدا ڕادیۆی دەنگی كوردستان ڕۆڵی زۆر گرینگی ھەبوو ، بە پەخشكردنی هەواڵی دروست و ڕێنمایی بۆ هێزی بەشداربووی ڕاپەڕین، وبلاو كردنەوەی جوفرەی تایبەت بۆ ڕێكخستنە نھێنییەكان ، هەموو ئەمانە بوونە مایەی ئازادكردنی هەموو ناوچەكانی بادینان و گرتنی ژمارەیەكی زۆری فەرماندەو ئەفسەرو پلەداری سەربازی وئەمنی وخۆ بەدەستەوەدانی بەشێكی زۆری هێزەكانی ڕژێمی لەناوچووی عێراق، بە گشت چەك وئالیات وجبەخانە سەربازییەكانیانەوە.
داستانی ئازادكردنی بادینان ناوازە بوو بەوەی ئامادەكارییە سەربازی وسیاسیی و ڕێكخستنەكانی كە زۆر پێش ڕاپەڕینی بەهاری 1991 دەستیان پێكردبوو . ئەوە بوو بە ڕاسپاردەی برای تێكۆشەر كاك مەسعود بارزانی، بەرپرسی لقی یەك وژمارەیەك كادیری لق و هێزی پێشمەرگە پێشتر چووبووینە ناوچەی بادینان و، دەستمان بە نۆژەنكردنەوەی ڕێكخستنەكانی حیزبی و چەسپاندنی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەكەدا كردبوو و، پێشتریش ژمارەیەك ئۆپەراسیۆنی سەربازیی كرا كە گورزی بەئازاریان گەیاندە هێزەكانی ڕژیمی دیكتاتۆر بەمەش سەرباری دۆخی سەختی ئەو كاتە، كە ڕژێمی سەركوتكار هەڵمەتی سەربازیی توندی دەست پێكردبوو و، بە چەكی نایاسایی جۆراوجۆرەوە بۆردومانی هاووڵاتیانی مەدەنیی دەكرد و هێزەكانی بە شێوەیەكی بەرفراوان لەم ناوچە ستراتیجییەدا بڵاو كردبووەوە، بڵێسەی خەباتی سیاسی و سەربازییمان هەڵگیرساندەوە. بەم شێوەیە هێزی پێشمەرگە لە ناوچەكەدا جێگیر بوو و، ڕێكخستنەكانی لقی یەكی پارتیمان، سەربازی و سیاسی، بە تۆكمەیی جێگیر كران و هەموو ئامادەكاریی پێویست ئامادە كرابوو بۆ ھەر ئەگەرێك . بۆیە، كاتێك سەرۆكی بەرەی كوردستانی، لە ناوخۆی كوردستان تێكۆشەر كاك مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی سەرھەڵدانی ناو كوردستانی دەكردو فەرماندەی فەرماندە مەیدانییەكانی شەڕەكانی دەكرد ، بڕیاری دا هەڵمەتی ئازادكردن دەست پێبكات،لەو كاتانەدا لە بادینان بە ئامادەكارییە پێشوەختەكان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییە چڕەكان بە سەركردایەتیی لقی یەكی پارتی لە دژی یەكەكانی ڕژێمی لەناوچوو، بە باشی ئامادە كرابوو پەیوەندی بەھێزیش لەگەڵ ڕێكخستنەكانی پارتیمانی ناو شار و جەماوەری دڵسۆزی بادینان دروست بووبوو. جەماوەریش پەرۆشی ئازادی بوون لە چنگی ستەم و سەركوتكاریی و ئامادەی بەشداریكردن وفیداكردن بوون دژ بە ڕژیمی تاوانكار ، بەهۆی ئەو سیاسەتە سەركوتكەرانەی لە هەڵمەتەكانی ئەنفال و كیمیابارانكردنی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان وزۆر تاوانی دیكە گەیشتبوونە لوتكە ، لەو كاتەدا بەرپرس وكادرەكانی لقی یەكی پارتیمان پلانی ڕزگار كردنی دەڤەری بادینانمان دانا وڕۆژی 14ی ئادار، ڕۆژی لەدایكبوونی ڕابەری شۆڕشەكانمان وسەركردەی ڕوحی نەتەوەكەمان نەمر مستەفا بارزانی بۆ دەس پێكی ھەڵمەت دیاری كرد و سەعات سفر دانرا وجفرەكان بە بروسكە دەدرانە ئیزگەی دەنگی كوردستان بۆ بانگەواز بۆ ڕێكخستنە نھینییەكانی ناوشارەكان بۆ جێبەجێ كردنی فەرمان بۆ سەرھەڵدان لەكاتی دیاری كراو دەس پێبكەن ، ھەر بۆیە لە ئەو ڕۆژە پیرۆزە بوو هێرشی هێزی پێشمەرگە دەستی پێكرد، ئاسمانی ناوچەكە پڕ بوو لە دەنگی چەكی جۆراو جۆر و ھەڵمەتی پێشمەرگەو وجەماوەر یەكیان گرت ، لەگەڵ بەرزبونەوەی دەنگی تەقەی پێشمەرگەو هوتافی جەماوەری سەربەرز و پشتیوانی گەل لە ڕاپەڕین وزۆربەی ھەرە زۆریان بونە جەنگاوەری ھەڵمەت بەر، بەمەش گشت ناوچەكانی بادینان ئازاد كران.
لە كۆتاییدا، لەم یادە شكۆدارەدا، سڵاو لە ساڵیادی لەدایكبوونی بارزانیی نەمر و ساڵیادی ئازادكردنی بادینان.. گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی گەلە مەزنەكەمان بە خۆڕاگری و قوربانیدانەكانی و، سەرۆك مەسعود بارزانی و، هێزی پێشمەرگەی قارەمان و، هەڤاڵانی پارتیمان پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرجەم بەشداربووانی بە ئاراستە و بیری جۆراوجۆریانەوە. ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ڕاپەڕین و كەسوكاریان و هەموو شەهیدانی كوردستان و شەهیدانی ئەنفال...
دكتۆر كەمال كەركووكی
بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای كەركووك – گەرمیان
14ی ئاداری 2023
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.