Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 11:36

سوودانی بۆ مەسرور بارزانی: سوپاسی گیانی هاوکاریت دەکەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا

کوردستان TV
100%

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەی بە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند، سوپاسی گیانی پێکەوەکارکردن، هاوکاری و هاوبەشییت دەکەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا.

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەرەتای لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ئەم تاوانە گەورەیەی کە لەلایەن ڕژێمی دیکتاتۆرەوە بۆ سەر هەڵەبجە ئەنجام درا لە ویژدانی عێراقییەکان و مرۆڤایەتیدا لەبیر ناکرێت، ئەرکی حکوومەتی فیدراڵی و دەوڵەتی عێراقە کە ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر بە قوربانییەکان جێبەجێ بکات.

ڕاشیگەیاند: بڕیارەکەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسەندکردنی هەڵەبجە وەک پارێزگا، بەشێکی بچووکی ئەم شایستەیە بۆ خەڵکی هەڵەبجە و گەلەکەمان لە کوردستان.

مەسرور بارزانی لە سەرەتای لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەی، بەخێرهاتنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و دەستخۆشی لە پەسەندکردنی بەپارێزگاکردنی هەڵبەجە کرد و ڕایگەیاند: ئەمە لەکاتێکدایە کە دوو ڕۆژی دیکە یادی کارەساتباری کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە، هیوادارم ئەم بڕیارەی کە دراوە ببێتە دەستپێکێک بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی ئەو خەڵکەی ئازاریان چەشتووە.

سەبارەت بە گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا سەرۆکی حکوومەت گوتی: پێشکەوتنی باش لە گفتوگۆکان هەبووە، دووبارە دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیران و پیرۆزباییش لە خەڵکی عێراق دەکەم بۆ پەسەندکردنی بودجەی ساڵی 2023، هیوادارم پەرلەمانی عێراقیش ئەو بودجەیە پەسەند بکات کە لەبەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراقە و لەچوارچێوەی ئەو بودجەیەش ئێمە دەتوانین هەنگاوی دیکە بنێین بۆ چارەسەرکردنی خاڵەکانی دیکەش وەکوو یاسای نەوت و گاز.

گوتیشی: پەسەندکردنی بودجە کارێکی هاوبەشی تیمەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بووە، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، باسمان لەوە کردووە کە ئێمە چۆن بتوانین میکانیزمێک بدۆزینەوە بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

هاوکات محەمەد شیاع سوودانی لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەی لەگەڵ مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: سوپاسی مەسرور بارزانی دەکەم لەسەر گیانیی پێکەوەکارکردن و هاوکاریکردنە هاوبەشەی، بۆ ئەو ئیرادە و ویستی ڕاستەقینەیەی کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا هەیەتی.

ئاماژەی بەوەش دا کە لە چوار مانگی تەمەنی حکوومەتی فیدراڵی ئێمە بەرەوپێشچووین لە جێبەجێکردنی ئەو بەرنامە وەزارییەی کە ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر دا.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش داوە کە ئێمە ئیرادەیەکی ڕاستەقینە و جددیمان هەیە و دەڕوانینە ئاسۆیەکی فراوان لە پێکەوەکارکردن و ڕەخساندنی دەرفەتی ئابووری کە سوودی بۆ گەلەکەمان لە کوردستان و لە هەموو پارێزگاکاندا هەبێت، بە دڵنیاییەوە ماددەی 140 بەشێکە لە ڕێککەوتنی سیاسی و بودجەیەکیش هەیە کە بۆ ئەو مەبەستە بۆ کۆمیتەی ناوەندی تەرخان کراوە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.