سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و جەختیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا کردەوە.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 14ـی 03ـی 2023 لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پێشوازی لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکی وەزیرانی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری کرد.
پاشان لە کۆبوونەوەیەکدا، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا کە کەشێکی ئەرێنی و هەوڵدانێکی جیددی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ هەیە. گوتیشی: ئەگەر نیاز و ویست و ئیرادە هەبێت، دەکرێ هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی کرد بۆ کارکردن لەسەر چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بەتایبەتی ستایشی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی کرد کە بە هاوکاری وهەماهەنگی لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ ئامادە کرا، هیواشی خواست ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش، لە نزیکترین کاتدا پڕۆژە یاساکە وەکو خۆی پەسەند بکات. سەرۆکی حکوومەت هەروەها دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیران و کابینەی حکوومەتی عێراقیش کرد بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، بەو هیوایەی ببێتە دەستپێکێک بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی دانیشتووانی هەڵەبجە.
سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، جەختی لەوە کردەوە کە دەرفەتێکی باش و ئارەزوو و ویستێکی بەهێزمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە کەشێکی دۆستانەدا بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی چەندین تەوەر کرا لەوانە، گرنگیی ئامادەکردنی هەردوو پڕۆژەیاسای دادگەی باڵای فیدراڵ و یاسای نەوت و گاز، جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال وەکو خۆی و دەرچوونی هێز و میلیشیا چەکدارەکان و ئاساییکردنەوە و ئاوەدانکردنەوی ناوچەکە، قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی بەعس بەپێی دەستوور، بەتایبەتی بنەماڵە و کەس و کاری شەهیدانی کیمیاباران و ئەنفالکراوان و هەروەها پەرەپێدانی هەماهەنگیی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.