ئاكۆ عهبدوڵا
لەنیوەی دووەمی سەدەی رابردوو بهرهوسهر ئێریك سیگالی نووسەر و سیناریۆنووس و ئەكادیمی، وەك دەنگێكی دیاری رۆمانی ئینگلیزی بههۆی رۆمانهكانی توانی خوێنەری زۆر لەدەوری بهرههمهكانی كۆبكاتەوە، بەتایبەتی چونكە لەناویاندا بەجۆرێكی وەها چیرۆكی خۆشەویستی و پێوەندى سۆزداری نێوان مرۆڤەكانى خستۆتەبەردیدە كە ماوەیەكی درێژ بوو لەناو ئەدەبدا فەرامۆشكرا بوو. ئهوهش بهتهواوی لهدوو رۆمانهی بهرجهستهیه. یهكهمیان رۆمانی (چیرۆكی خۆشەویستی Love Story) ی ناوه دووهمیشان رۆمانی (تەنیا خۆشەویستی Only love) یه
چیرۆكی خۆشەویستی
ئەو رۆمانە كە كه ساڵی1970 بڵاوكرایتهوه وەك داستانێكی نەمری خۆشەویستی وایە، هەر زوو تەنیەوە ناو زمانەكانی دیكە. بەیەك لەبەرهەمە زۆر فرۆشراوەكانی جیهانیش دادەنرێت. لەناوی دا سیگال بەبەكارهێنانی زمانى ساكار و ئاسانی دەربڕین و وردی لەوێنە و هەستە مرۆڤایەتییەكان، بەهای بەرزی خۆشەویستی و پێوەندی پاكی و بێگەردی نێوان دوو خۆشەویستی دەربڕیوە. چیرۆكی خۆشەویستی كوڕێكی دەوڵەمەند و كچێكی خێزانێكی ئاسایی خستۆتەبەردیدە، كە زۆر ئاسوودانە یەكتریان خۆشدەوێ و گەشبینانەش لەژیان دەڕوانن، كەچی دەورووبەر دەبێتە بەربەستی پێوەندییان. كوڕەكە ئۆلیڤەر باریتی ناوە، لەزانكۆی هارڤارد یاسا دەخوێنێ. كچەكەش جینیفهری ناوه و قوتابی بەشی میوزیكە. پیوەندی هاوڕێیەتییان دەگات بەئاستێكی بەرز لەخوشەویستی و ئاوێتەبوون. باوكی ئۆلیڤەر رازی نابێت كوڕەكەیان ئەو كچە بهێنێ، تەنانەت هەڕەشەی ئەوەشی لێدەكات نابێت پێوەندی لەگەڵ بمێنێ، بەڵام ئەوان ملكەچ ناكەن و بەردەوام دەبن. بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانییان سهختی زۆریان دێتهپێش و ههوڵدهدهن. لەكۆتایدا جینیفهر دووچاری نەخۆشی شێرپەنجە دەبێت. ئۆلیڤهر ناچاردهبێت داوای پاره لهباوكی بكات. كاتێك باوكی بهههواڵی جینیفهر دهزانێت بۆ لایان بهرهو شاری نیو یۆرك دهچێت. بهر لهوهی بگات جینفهر گیان دهسپێرێ. كه باوكی ئهو ئهنجامه دهبینێ داوای لێبووردن لهئۆلیڤهر دهكات. ئهویش بهو دهستهواژه وهڵامی دهداتهوه كه كاتی خۆی جینیفهر پێیوتبوو (ئهشق واتا ههرگیز پێویست ناكات بڵێیت ببوور).
بەو جۆرە خۆشەویستییەكەیان دەبێتە سیمبوڵی نموونەیی پێوەندی خۆشەویستی نێوان مرۆڤ. شایانی باسە لەبەر كاریگەری ناوەرۆكی ئەو بەرهەمە هەر لەو ساڵە لەهۆلیۆد كرا بەفیلمی سینەمایی كە ئارسەر هیلەر دەریهێنا و سیگال سیناریۆكهی داڕێژت و تێیدا رایان ئۆنیل و ئالی ماكگرۆ، رۆڵی كارەكتەری سەرەكییان بەرجەستە كرد و فیلمەكەش وەك شاكارێكی سینەمایی سەركەوتنی گەورەی تۆماركرد. ئەوسا بۆ حەوت خەڵاتی ئۆسكار كاندیدكرا و ئۆسكاری تایبەت بەمیوزیكی بەدەستهێنا كە لەلایەن فرەنسیس لیای ئاوازدانەری فەرەنسی ئامادەكرابوو. هەروەها فیلمەكە قازانجی زۆری بەدەستهینا كە گەیشتە پەنجا ملیۆن زۆلار. ئەو پارەیەش بۆ ئەوسا زۆر بوو. ئەمەو جگە لەهۆلیود لەزۆر سینەمای دیكەش كراوە بەفیلم، بەڵام هیچ ئەكتەرێكی دیكە وەك ئەو ئەكتەرانەی ناومان هێنان بەتەواوی نەچوونەتە ناو رۆڵەكە و نەبوونە مایەی سەرسامی بینەر، كە ئەوان بەڕاستی داهێنانی تەواویان كردووە لەبەرجەستەكردنی چیرۆكی خۆشەویستی نێوان دوو رەگەزەكە. بەوەش فیلمەكە بۆتە ئایكۆنێك لەمێژووی سینەمای رۆمانسی جیهاندا.
تەنیا خۆشەویستی
رۆمانی (تەنیا خۆشەویستی) ساڵی 1997 بڵاوكراوهتهوه. لەو بەرهەمەشدا سیگال بەدوای خۆشەویستی ون بوو گەڕاوە و دهیهوێت پێشمان بڵێت خۆشەویستی (واتای هەستنەكردنی مرۆڤە بە بێئومێدی). جا ئەگەر رۆمانی چیرۆكی خۆشەویستی نەوەیەكی تەواوی كێش كردبێ، ئەوە رۆمانی تەنیا خۆشەویستیش جۆرە ئەفسونێك بەهەموو ئەو خوێنەرانە دەبەخشێ كە سەرسامی ئەو جۆرە رۆمانانەن. ناوەرۆكەكەی لەبارەی ئەندازیارێكی جینەكانە. دكتۆر ماتیۆ هیلەری ناوە. سەرەتا وەك گەنجێك لەتەك خوێندنی پزیشكی لەزانكۆ، زۆر گرنگی بەژەنینی پیانۆ دەدات. لەو بوارە بەهرەی بێهاوتای هەیە. ئەوسا لەگەڵ كچێك كە ئیڤی ناوە و ئەویش كەمانجە دەژەنێ، پێوەندی بەتین لەنێوانیان دێتەئارا. دوای تەواوكردنی زانكۆ، ئیڤی شوو بەمامۆستاكەی دەكات و ماتیۆش وەك پزیشك لەنێردەیەكی رێكخراوی پزیشكانی بێسنوور بۆ وڵاتی ئەسیوپیا دەنێردرێت. لەوێدا قوربانییەكانی دەستی برسیەتی، دیمەنی ناوازەی نیشاندەدەن. هەروەها لەوێدا ئاشنای خاتوو سیلڤیا والیساندرۆی پزیشكی ئیتاڵی دەبێت. ئەو كچە لەخێزانێكی دەوڵەمەند بوو. بەهۆی كاری ئەو نێردەیە رزگاری ببوو لەو شووكردنەی كە خێزانەكەی بۆیان دیاری كرد بوو، شوو بەنكو رینالدی كوڕی هاوڕێیەكی خێزانەكەی بكات. لەئەسیوپیا ماتیۆ و سیلڤیا چیرۆكێكی خۆشەویستی سەرسوڕهێنەرانە بەسەردەبەن، بەڵام كاتێك ماتیۆ نەخۆش دەبێت و بۆ چارەسەركردن دەنێردرێتە نەخۆشخانەیەكی وڵاتی سویسرا. لەسیلڤیا دووردەكەوێتەوە. دواتر سەرقاڵی توێژینەوەكان دەبێت تا لەڕێگەی ئەندازەی جینەكان، دەبێت بەگەورە پسپۆری چارەسەركردنی شێرپەنجەی مێشك. دواتر كە بۆ درێژەدان بەكارەكانی دەچێتە شاری نیو یۆرك. لەوێدا بەئیڤی كۆنە هاوڕێی دەگاتەوە كە ئەویان لەهاوسەرەكەی جیاببۆوە و لەگەڵ كچەكانی دەژیا. بەوە دڵخۆش دەبێت و هاوسەرگیری دەكەن و ماوەیەك بەختیارانە دەژیەن. دواتر رۆژێك لەپڕ دەبینێ سیلڤیا وەك نەخۆشێكی دووچار بوو بەشێرپەنجەی مێشك هاتۆتە نەخۆشخانەكەی. چارەسەركردنی ئەو حاڵەتە بەلای ماتیۆ وەك روبەڕووبوونەوەیەكی گەورەی پزیشكی وابوو. هەروەها گەورەترین رووبەڕووبوونەوەی سۆزداریش بوو لەژیانی دا. تەواویش دڵنیابوو هەلی مانەوەی ژیانی سیلڤیا، بریتییە لەبەخشینی هەلێكی دیكەی خۆشەویستی نێوانیان. لەو ساتەدا سیگال زۆر لێزانانە یاری بەهەستی خوێنەر دەكات و وێنەی ئەو ساتە تەنگەی كێشاوە كە خۆشەویست بۆ رزگاركردنی دوڵبەرەكەی هەوڵی سنووربەدەر دەدات. ناوەرۆكی ئەو بەرهەمە ساڵی 1998 كرا بهفیلمی سینهمایی كه جۆن ئیریان دهریهێنا و ماریسا تۆمی و رۆب مۆرۆ رۆڵیان تێدا گێڕاوه.
سیگال لهچهند ستوونێكدا:
* ئێریك وۆلف سیگال ناسراو بەئێریك سیگال رۆژی 16ی حوزەیرانی ساڵی 1937 لەشاری برۆكلی سەر بەنیو یۆركی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هاتەدونیا.
* ساڵی 1959 لەزانكۆی هارڤارد ماستەر و ساڵی 1965 دكتۆراى لەئەدەبی بەراوردكاری بەدەستهێنا.
* دواتر لەزانكۆیەكانی یال و پرنستۆن, وەك پسپۆری ئەدەبی لاتینی و گریگی، خەریكی وانەوتنەوە بوو.
* جگه لهو دوو رۆمانه كۆمهڵێك رۆمان و كتێبی دیكهی نووسیوه لهوانه رۆمانهكانی (چیرۆكی ئۆلیڤەر) و (گۆڕانی وەرزەكان) و (پیاو و ژن و منداڵ) و (پزیشكەكان ) و كتێبهكانی (خوێندنەوەكانی ئۆكسفۆرد لەتراژیدیای گریگی) و (جینیفێر لەیادگامدا)
* كۆمهڵیك سیناریۆی بۆ فیلمی سینهمایی داڕێژتووه.
* دوای ئەوەی ساڵانیكی درێژ بەنەخۆشی پاركنسۆن ناڵاندی كە بەهۆیەوە چالاكی و توانستی نووسینی لەدەستدابوو، رۆژی 17 ی كانونی دووەمی ساڵی 2010 لەشاری لەندەن كۆچی دوایی كرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.