Erbil 38°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 10:49

عه‌ینه‌دین .. له‌قورئان خوێندنه‌وه‌ بۆ هونه‌ری گۆرانیبێژی ..! 

كه‌سێكه‌ بێ به‌شه‌ له‌ بینین، به‌ڵام له‌ڕێی ڕۆشنایی دڵه‌وه‌ هه‌نگاوی بۆ به‌رده‌وامی ژیان هه‌ڵهێناوه‌ و، ماوه‌ی نیوسه‌ده‌یه‌ له‌ڕێی ژه‌نینی ئامێر ( دایره‌ و ده‌ف) و گه‌رووه‌ پاراوه‌ كوردییه‌كه‌ی به‌ڕیتمی( گه‌ڕیان) ئاواز و گۆرانی ده‌چڕێ و دڵی گوێگران و هه‌وادارانی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی خۆش ده‌كات.
کوردستان TV
100%

(فه‌له‌ك ڕاست بڕۆ ، فه‌‌له‌ك ڕاست بڕۆ
تۆبی خواو ئه‌تۆ ، فه‌له‌ك ڕاست بڕۆ 
پێم بڵێ به‌ڵام بێ فێڵ و درۆ 
مانگی من جوانه‌ یاخود مانگی تۆ 
مانگی من خاوه‌ن به‌ژن و باڵایه‌ 
باڵای به‌وێنه‌ی سه‌رووی ساڵایه‌) . 
 ئه‌وه‌ كۆپله‌ی یه‌كێك له‌ گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ندێكی نابینایه‌، كه‌سێكه‌ بێ به‌شه‌ له‌ بینین، به‌ڵام له‌ڕێی ڕۆشنایی دڵه‌وه‌ هه‌نگاوی بۆ به‌رده‌وامی ژیان هه‌ڵهێناوه‌ و، ماوه‌ی نیوسه‌ده‌یه‌ له‌ڕێی ژه‌نینی ئامێر ( دایره‌ و ده‌ف) و گه‌رووه‌ پاراوه‌ كوردییه‌كه‌ی به‌ڕیتمی( گه‌ڕیان) ئاواز و گۆرانی ده‌چڕێ و دڵی گوێگران و هه‌وادارانی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی خۆش ده‌كات.
هونه‌رمه‌ند عه‌ینه‌دین ئه‌ڵماسی یان عه‌ینه‌دین مه‌ریوانی ده‌ڵێت ( كه‌سێكم بێ به‌شم له‌بینایی چاو، به‌ڵام سوپاسگوزاری په‌روه‌ردگارم كه‌ خۆشه‌وستی منی له‌ناو دڵی جه‌ماوه‌رێكی زۆردا دروست كردووه‌) (1) .
عه‌ینه‌دین ساڵح مه‌حمود، له‌ناو خه‌ڵك و هه‌وادارانی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی به‌ ( عه‌ینه‌دین ئه‌ڵماسی یان به‌عه‌ینه‌دین مه‌ریوانی) ناسراوه. 
له‌ساڵی (1960) له‌خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌تی ئاوایی( دزڵی) سه‌ربه ناحیەی سەڵواوای ‌شاری( مه‌ریوان) ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، منداڵێك دێته‌ دنیاوه‌ و ناوی لێده‌نێن( عه‌ینه‌دین).
هونه‌رمه‌ند عه‌ینه‌دین نابینایه‌، ئایا ده‌بێت له‌زگكماكه‌وه‌ به‌نابینایی هاتبێته‌ ژیانه‌وه‌..؟! 
گه‌لی كورد له‌بواری هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانیدا، خاوه‌نی چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگبێژ و خۆشخوانه‌ له‌ قۆناغی منداڵیدا به‌هۆی نه‌خۆشیی چاو یان نه‌خۆشیی پێسته‌وه‌ دووچاری له‌ده‌ستدانی بینایی بوون، ئه‌ویش به‌هۆی نه‌بوونی پزیشكی پسپۆر له‌وسه‌رده‌مه‌دا تا چاره‌سه‌ربكرێن و له‌و به‌خششه‌ بێ وێنه‌یه‌ی په‌روه‌ردگار بێ به‌ش نه‌بن، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه‌ له‌ نیعمه‌تی بینین بێ به‌ش بوون و به‌ڵام له‌ ئاوێنه‌ی دڵه‌ ساف و بێگه‌رده‌كانیانه‌وه‌ له‌ جوانیه‌كانی ژیانیان ڕوانیوه‌و ، گۆرانییان به‌ قه‌دوباڵای كیژ وئافره‌ت و خۆشه‌ویستی سروشت و نیشتمان دا خوێندووه‌ وه‌ك،( حه‌سه‌ن جزیری1917_9/7/1983)، ( نوری باریكه‌یی 1947_28/3/2021) ،( سابیركوردستانی 1955_10/8/2020) ، (سه‌عیدگاباری 1956_ 4/5/2020) ، كاشاماله‌شاری سنه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، هه‌روه‌ها خانمه‌ هونه‌رمه‌ند تارا ڕه‌سوڵ). 
عه‌ینه‌دین زاده‌ی خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت ، هێشتا ته‌مه‌نی (10) مانگ بووه‌ دووچاری نه‌خۆشیی ( خه‌ركانه‌ یان خوركێنه‌) واته‌ نه‌خۆشیی( ئاوڵه‌) بووه‌، له‌به‌ر هه‌ژاری و نه‌داری خانه‌واده‌كه‌ی نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و منداڵه‌ شیره‌ خۆره‌ (10) مانگییه‌ ببه‌نه‌ لای پزیشك به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردن، عه‌ینه‌دینی منداڵ له‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ دووچاری له‌ده‌ستدانی دییه‌كانی ده‌بێت.
عه‌ینه‌دینی نابینای منداڵ، له‌هه‌موو خۆشیی و چێژه‌كانی منداڵی بێ به‌ش ده‌بێت، ته‌مه‌نی ده‌گاته‌ ئاستی منداڵی ئاسایی بخرێته‌ قوتابخانه‌، به‌ڵام عه‌ینه‌دین پێچه‌وانه‌ی منداڵانی گه‌ڕه‌ك و گونده‌كه‌ی، ده‌خرێته‌ لای مامۆستای ئایینی گونده‌كه‌یان له‌ماڵه‌وه‌ تا فێری له‌به‌ركردنی قورئانی پیرۆزببێ، پێش قوتابخانه‌ منداڵان ده‌خرانه‌ ( حوجره‌ _ سوخته‌خانه‌) له‌لای مه‌لا بۆفێربوون و خوێندنه‌وه‌ی قورئان، به‌ڵام عه‌ینه‌دین له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ردوو چاوه‌كانی نابینا بووه‌ وه‌كو ( حافز) ێك لێی ڕوانراوه و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵداكراوه‌‌.
له‌سه‌رده‌می منداڵیدا زۆر هۆگری گوێگرتنی له‌ڕادیۆی ( به‌غدا، كرماشان، سنه‌، قه‌سری شیرین، مه‌هاباد و مه‌ریوان ) هه‌بووه‌ و له‌ڕێی ئه‌و ڕادیۆیانه‌وه‌ ئاشنا بووه‌ به‌ده‌نگی به‌سۆزی هونه‌رمه‌ندان( عه‌لی مه‌ردان1904_24/7/1981) ،( حسێن عه‌لی 1925_18/7/1991) ، (حه‌سه‌ن زیره‌ك 1921_ 26/6/1972) ، ( تایه‌رتۆفیق1922_20/10/1987 ) ، ( حه‌مه‌ ساڵه‌ح دیلان 1927_28/10/1990)  .
عه‌ینه‌دین كاتێك ته‌مه‌نی ده‌بێته‌ (10) به‌هار، ساڵی (1970) حه‌زو ئاره‌زووی بۆ گۆرانیگوتن زیاترده‌پشكوێ،  ئه‌ویش به‌هۆی كاریگه‌ری ڕادیۆ كوردییه‌كان و ده‌نگی هونه‌رمه‌ندان( به‌ڕاستی ده‌نگی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان هانده‌رم بوو بۆ گۆرانی گوتن، به‌حه‌دێك كاری تێكردم  من زۆرجار گوێم له‌گۆرانییه‌كانی ئه‌گرت ، ئه‌گه‌رچی له‌ته‌مه‌ندا منداڵبووم ده‌ستم به‌گریان ئه‌كرد) (2).
 قوتابخانه‌ی گونده‌كه‌یان نزیك ماڵیان ده‌بێت له‌  ئاوایی دزڵی، له‌ناو ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ مامۆستای هونه‌ر گرووپی سروود له‌قوتابیان پێك ده‌هێنێ و ڕۆژانه‌ سروودو گۆرانی ده‌خوێنن، عه‌ینه‌دینی قورئان خوێن و عاشق به‌گۆرانی گوێبیستی ده‌نگی منداڵانی قوتابخانه‌كه‌ ده‌بێت ، له‌ناخه‌وه‌ هه‌ست به‌ئازاری ده‌روونی ده‌كات كاتێك گوێبیستی ده‌نگ و خۆشیی منداڵه‌كان ده‌بێت و ئه‌میش لێی بێ به‌شه‌،  به‌ڵام حه‌زوو ئاره‌زووی بۆ گۆرانی كه‌مه‌ندكێشی قوتابخانه‌كه‌ی ده‌كات و ده‌چێته‌ لای مامۆستای سروود، خۆی پێ ده‌ناسێنێ و ئاره‌زوویه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌ومنداڵانه‌ به‌شداربێت و سروودو گۆرانی بخوێنێ ..! 
( مامۆستای مه‌كته‌به‌كه‌ ده‌یگووت تۆ ناشكورنه‌بێ نابینایت، وه‌كو ئه‌م منداڵانه‌ چاوساغ نیت و بێیته‌ مه‌كته‌ب و گۆرانی بڵێی، من وازم نه‌هێنا تا مامۆستا دوو جار ده‌نگی تێست كردم، زانیی كه‌ده‌نگم خۆشه‌، ڕه‌زامه‌ندی له‌باوكم وه‌رگرت و پێی وتم حه‌زئه‌كه‌م بێیته‌ مه‌كته‌به‌كه‌ و حیسابی چاوساغێكت بۆده‌كه‌م و نابێ لێمان داببڕێی و به‌رده‌وام ده‌بێ له‌ناو ئه‌م كۆڕی سرووده‌دابیت و گۆرانیمان بۆ بڵێیت، ناردیانم بۆ له‌به‌ركردنی قورئانی پیرۆز ، له‌ماڵی مامۆستا قورئانم ئه‌خوێند، ئه‌چوومه‌ مه‌كته‌به‌كه‌ سروودو گۆرانیم ئه‌خوێند، كه‌ئه‌هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌  ئه‌چوومه‌ چایخانه‌ گۆرانیم ئه‌خوێند، خه‌ڵكانێك هه‌بوو له‌وكاته‌دا زۆر هانیان ده‌دام كه‌به‌رده‌وام بم له‌گۆرانی گوتن) (3).  
عه‌ینه‌دینی به‌هره‌مه‌ند و خۆشخوانی خۆڕسك، له‌ چڕینی مه‌قامدا كاریگه‌ری مامۆستای مه‌قامات ( عه‌لی مه‌ردان ) و له‌به‌سته‌شدا، كاریگه‌ری ده‌نگ و ئاوازی شای به‌سته‌بێژانی كورد( حه‌سه‌ن زیره‌ك) ی له‌سه‌ر بووه‌، دوای ئه‌وه‌ی ناو و توانای چڕینی گۆرانی و ده‌نگخۆشیی له‌ دزڵی و ده‌وروبه‌ری گونده‌كه‌یان بڵاوده‌بێته‌وه‌، له‌ڕێی خاتوونێكه‌وه‌ به‌ڕادیۆی شاری سنه‌ ئاشناده‌بێت( له‌ساڵی حه‌فتاكان من ده‌ستم به‌كاری هونه‌ری گۆرانی گوتن كردووه‌، یه‌كه‌مجار له‌ڕادیۆی سنه‌ له‌ڕێی خانمێكه‌وه‌ به‌ناوی ( فه‌ریده‌ی ئه‌ییازی) من ئاشنا بووم به‌ڕادیۆی سنه‌ و له‌وێ دوای تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌نگم، ده‌ستم به‌ گۆرانی گوتن كرد، پاشان بۆ ڕادیۆكانی كرماشان و قه‌سری شیرین و مه‌ریوان و مه‌هاباد، گۆرانیم تۆماركردوو پێشكه‌شی هونه‌ردۆستان و ئه‌ده‌ب په‌روه‌رانم كردووه‌) (4) . 
ده‌ستپێكی ژیانی هونه‌ری، هونه‌رمه‌ند عه‌ینه‌دین ، دوای پانزه‌ ڕۆژ له‌ كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك، له‌ڕێكه‌وتی(11/7/1972) له‌هه‌ست و سۆزی ئاوێته‌ بوو به‌هونه‌ری زیره‌كی نه‌مر، عه‌ینه‌دین هۆنراوه‌یه‌ك‌ له‌ناخیدا گه‌ڵاڵه‌ ده‌كات وه‌ك شینگێڕێك به‌ده‌نگێكی خه‌ماوی بۆ مه‌رگی بلیمه‌ت و هونه‌رمه‌ندی نه‌مر( حه‌سه‌ن زیره‌ك) له‌ڕێی ڕادیۆی سنه‌وه‌ بڵاوی ده‌كاته‌وه‌‌، هه‌مان هۆنراوه‌ و ئاوازه‌ خه‌مانگێزییه‌ له‌یه‌كه‌م ساڵیادی مه‌رگی زیره‌كی نه‌مر له‌ شاری بۆكان  خوێندوویه‌تی و پێشكه‌شی ڕۆحی هونه‌ری  حه‌سه‌ن زیره‌ك و هه‌وادارانی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی كردووه‌.
عه‌ینه‌دینی هونه‌رمه‌ند بۆماوه‌ی ( 5) ساڵ له‌ڕادیۆی سنه‌ كاری هونه‌ری ئه‌نجام ده‌دات،( له‌ماوه‌ی ئه‌و پێنج ساڵه‌دا له‌ڕادیۆی سنه‌ نزیكه‌ی (60) گۆرانی تۆماركردووه‌) (5).
عه‌ینه‌دین دوای چه‌ندین ساڵ خزمه‌تكردن به‌ هونه‌ری گۆرانی میللی و پاراستن و زیندوكردنه‌وه‌ی گۆرانییه‌ فۆلكلۆرییه‌كان، هێشتا خۆی به‌قه‌رزارباری ڕادیۆ ده‌زانێ و ده‌ڵێت ( ڕادیۆ بوو به‌ مه‌كته‌بم بۆ فێربوون، هه‌روه‌ها ناساندنیشم به‌ خه‌ڵك) (6) . 
 پاشان له‌ڕێی ته‌له‌فزیۆنی سنه‌وه‌ ده‌نگ و ڕه‌نگی خۆیی له‌ڕێی گۆرانی( ئه‌ڕۆی بۆ مه‌كته‌ب) خۆی ده‌ناسێنێ، له‌وماوه‌یه‌دا كه‌له‌شاری سنه‌تێكۆشانی هونه‌ری هه‌بووه‌، له‌ڕووی خوێندنی گۆرانیی له‌سه‌ر ڕیتمی گه‌ڕیان ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ریی هونه‌رمه‌ندانی گه‌ڕیان خوێنی شاری سنه‌و ده‌وروبه‌ری، هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك
 ( مه‌له‌ك محه‌مه‌دی ( مه‌ڵێ) ، كاشامه‌، تۆفیق قه‌ره‌چی و تۆفیقی ڕه‌زایی و،،،تاد).
هونه‌رمه‌ند عه‌ینه‌دین له‌ڕێی ده‌نگ و چڕینی گۆرانییه‌كانی، زیاتر په‌یوه‌سته‌ به‌ ناخی خۆیه‌وه‌ وه‌ك ده‌رده‌دڵ له‌چوارچێوه‌ی سۆزی گه‌ڕیان دا پێشكه‌شی گوێگران و هه‌وادارانی خۆی كردووه‌ ، هونه‌رمه‌ند له‌ هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردیدا خاوه‌نی شێوازێكی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی، سۆزێكی تایبه‌ت له‌گه‌روویدا هه‌یه‌ ئه‌و سۆزه‌یه‌ ده‌نگی جیا ده‌كاته‌وه‌ له‌هونه‌رمه‌ندانی تر،هه‌روه‌ها له‌ ڕوانگه‌ی دنیابینی بۆ پیاهه‌ڵدان به‌ ئافره‌ت و كیژی  جوان و باسكردنی سروشتی دڵڕفێنی وڵاته‌كه‌ی گه‌لێك ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ چونكه‌ له‌ته‌مه‌نی (10) مانگیدا بینایی له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ هیچ وێنه‌یه‌ك له‌ناو چاوه‌كان و هزریدا تۆمارنه‌كراوه‌ ته‌نانه‌ت دایكی خۆشیی له‌ناخیدا وێنانه‌كراوه‌..؟!
له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه‌ی تێیدا ژیاوه‌، به‌ڵام خاوه‌نی هه‌ڵوێستی به‌رزی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌، به‌رده‌وام هه‌ستی به‌ئازار و چه‌وساندنه‌وه‌ی هاوزمانه‌كانی و وڵاته‌كه‌ی كردووه‌ به‌ده‌ست داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه‌، 
له‌گه‌ڵ ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران به‌گشتی و ئازادكردنی كوردستان له‌ساڵی (1979) هونه‌رمه‌ند عه‌ینه‌دین كۆمه‌ڵێك گۆرانی و سروودی شۆڕشگێڕانه‌ی تۆماركردووه‌‌، هه‌روه‌ها به‌شداری خۆشیی و ناخۆشییه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردووه‌ و به‌هه‌سته‌ به‌رزه‌كه‌ی بۆ كاره‌ساتی بۆردومانی شاری مه‌ریوان له‌كاتی جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان ( عێراق و ئێران) ، كاره‌ساتی سروشتی  زه‌مین له‌رزه‌كه‌ی شاری كرماشان و ده‌وروبه‌ری، هه‌ست و سۆزی گه‌رووی تێكه‌ڵی مه‌رگی دڵته‌زێنی به‌ناهه‌ق شه‌هیدكردنی كۆڵ به‌ران ( شه‌هیدانی ڕێگای په‌یداكردنی نان)  كردووه‌و  گۆرانی بۆ خوێندوون‌،  
به‌رهه‌مه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وایه‌تیه‌كانی هونه‌رمه‌ند
( سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌ كورده‌ تۆڕاپه‌ڕه‌ ، هاوار ئه‌ی هاوار غه‌می كوردان گرانه‌، پێشمه‌رگه‌ ، سنه‌ی خوێناوی ، یادی كاك فوئاد، قیبله‌كه‌م شاری سنه‌ی سه‌ربه‌رزم، كوردێكم ئه‌وێ چاپ وك و پته‌و، ڕێگام ڕێگای ئه‌وینێكه‌، هه‌رشه‌كاوه‌بێ ئاڵای دیموكرات، شینگێڕێ بۆ شه‌هیدانی ناوچه‌ی هه‌ورامان ، لایلایه‌ بۆ فرمێسك  و سڵاو له‌و كورده‌ی غیره‌ت ئه‌نوێنێ) (7). 
عه‌ینه‌دینی خۆوێژی خۆشخوان، سه‌ره‌ڕای چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی و  نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لێك جار بۆته‌ هۆی ئازاردانی ڕۆحی بۆی، له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ نیشتمانی و خوێندنی سروودی شۆڕشگێڕی له‌ ساڵی (1980)  له‌لایه‌ن هێزه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌، قۆڵبه‌ست ده‌كرێت و بۆ ماوه‌ی (2) ساڵ له‌زێدو نیشتمانه ‌داگیركراوه‌كه‌ی بۆ شاری ( ئه‌سفه‌هان) دوورده‌خرێته‌وه‌.
دوای به‌سه‌ربردنی ماوه‌ی دووساڵ دوور له‌خانه‌واده‌و هاوزمانه‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ زێده‌كه‌ی و سه‌رله‌نوێ دێته‌وه‌ ناو گۆڕه‌پانی دنیای ئاواز و گۆرانی، ڕۆژبه‌ڕۆژ هونه‌ره‌كه‌ی زیاتر گه‌شه‌ ده‌كات و سنووری ده‌ستكردی نێوان باشوور و ڕۆژهه‌ڵات ده‌به‌زێنێ و له‌باشووریش هه‌وادارێكی زۆر به‌گۆرانییه‌ خۆشه‌كانی( نه‌رمه‌ نه‌رمه‌ ، فه‌له‌ك ڕاست بڕۆ ، سه‌وزه‌ هه‌ی سه‌وزه‌، كڵۆڵم ، وه‌ره‌ نازه‌نین و سه‌رخه‌ سه‌رباڵم)  له‌ده‌وری هونه‌ره‌كه‌ی كۆده‌كاته‌وه‌،( له‌بری ئه‌وه‌ی ببمه‌ قورئان خوێنێكی ئه‌سڵ، بووین به‌گۆرانیبێژ ، وه‌ك نابینایه‌ك خۆم به‌به‌خته‌وه‌ر ده‌زانم توانیومه‌ خزمه‌تی گه‌له‌كه‌م بكه‌م به‌گۆرانی گوتن و به‌شادكردنی دڵی خه‌ڵك) (8). 
هونه‌رمه‌ند جیا له‌به‌هره‌ی ده‌نگخۆشییه‌كه‌ی ، شاره‌زاییه‌كی باشیی هه‌یه‌ له‌ژه‌نینی ئامێره‌كانی( نه‌ی ، باڵه‌بان ، ده‌ف ، دایره‌ و زه‌ڕب) خوێندنی ئه‌و وشه‌و تێكستانه‌ی له‌سینه‌و هزریدا پاراستوونی و ده‌یانخوێنێ ، شیعری شاعیرانی مه‌زنی نه‌ته‌وه‌كه‌مان وه‌ك ( مه‌وله‌وی ، قانع و هێمن) ی ئاواز له‌سه‌ر داناون و خوێندوونی. 
هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند به‌رهه‌می دووقۆڵی له‌گه‌ڵ زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان و ده‌نگبێژانی باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا هه‌یه‌و چه‌ندین به‌رهه‌می له‌گه‌ڵیاندا تۆماركردووه‌ ( حه‌مه‌ مه‌لا ، محه‌مه‌د ئیبراهیم عه‌بدول ناسراو به‌حه‌مه‌ قوتوو1939_10/2/1992) ، عه‌زیز وه‌یسی ، مه‌حمود محه‌مه‌د و ئومێدی نه‌یی و ،،،، چه‌ند ده‌نگبێژێكی دیكه‌) .
 عه‌ینه‌دین مه‌ریوانی له‌ساڵی (2010) وه‌ك ئه‌كته‌رێكی نابینا له‌ فیلمی كوردی درێژ به‌ناوی( كوێستانی قه‌ندیل) له‌ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ند( ته‌های كه‌ریمی) له‌گه‌ڵ چه‌ند ئه‌كته‌رێكی دیكه‌دا به‌شداریكردووه‌. 
  هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ له‌كاتی چڕینی گۆرانیدا هه‌موو هه‌ست و خه‌یاڵی وابه‌سته‌ی میلۆدیی و تێكسته‌كه‌ ده‌كات به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌چێته‌ قوڵایی گۆرانییه‌كه‌وه‌، هه‌ندێك جاریش خه‌یاڵ و هۆشیی به‌لایه‌كی دیكه‌دا ده‌ڕوات و له‌ڕیتمی گۆرانییه‌كه‌ لاده‌دا‌، به‌ڵام بۆ هونه‌رمه‌ندێكی نابینا ده‌بێت له‌كاتی چڕینی ئاواز و گۆرانیدا چ هه‌ستێكی هه‌بێت و چۆن ده‌توانێت هه‌موو هزر و هۆشیی له‌لای ژرینی گۆرانییه‌كه‌ بێ..؟ هونه‌رمه‌ند عه‌ینه‌دین ئه‌ڵماسی له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت ( گۆرانیبێژ كاتێك غه‌رقی ده‌ریای گۆرانی گوتن بوو، چوون چاوی نابینێ به‌م لاو ئه‌ولاداسه‌یربكا، كه‌واته‌ خه‌یاڵی تێك ناچێ..! له‌به‌رئه‌وه‌ هیچ شتێك نابینێ و ڕاسته‌وخۆ ده‌ڕواته‌ ناو قوڵایی گۆرانییه‌كه‌وه‌و به‌جوانی گۆرانییه‌كه‌ ئه‌دا ده‌كاو ده‌خوێنێ ) ( 9).
به‌ڵام له‌م به‌ینا سه‌رم سوڕماوه‌
كه‌كوێرێك بۆچی به‌ته‌مای چاوه‌..؟!
له‌خۆمیان پرسی له‌لاكۆڵانێ 
ئه‌گه‌ر تۆ كوێری دارده‌ستت كوانێ؟
وتم: من كوێرم دارده‌ستم ناوێ ..!
دارده‌ست بۆ كه‌سێكه‌ ڕێگه‌ نازانێ ..؟! ( عه‌ینه‌دین).
عه‌ینه‌دینی خۆوێژ ، وه‌ك هه‌رمرۆڤێكی ئاسایی و گۆرانیبێژێكی دیكه‌ خاوه‌نی هه‌ست و سۆزو هه‌ڵگری خه‌مه‌ له‌ده‌روونیدا، بۆ ڕه‌وینه‌وه‌ی ئه‌و خه‌م و ده‌ردو مه‌راقه‌ له‌هه‌ست و سۆزیدا گۆرانی ده‌چڕێ ، گۆرانی بۆ  خۆشیی و دڵگه‌شیی خۆیی و زاخاوی مێشكی لابردنی خه‌م و مه‌ینه‌ت گۆرانی چڕیوه‌، ئه‌گه‌ر كاتێكیش به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی له‌ناو خه‌ڵكیدا قورئانی پیرۆزی خوێندبێ ، گه‌ره‌كی بووه‌ له‌وڕێگه‌یه‌وه‌ دڵخۆشیی و ئارامیی ببه‌خشێت به‌ هه‌ست و سۆزی موسڵمانان.
دوای  نیوسه‌ده‌ گۆرانی خوێندن و پاراستنی فۆلكلۆری نه‌ته‌وه‌كه‌ی، عه‌ینه‌دینی نابینا،  له‌ڕێی هه‌ست و ڕۆشنایی دڵی بێگه‌ردییه‌وه‌ درێغی نه‌كردووه‌ له‌ خزمه‌تكردن به‌ گۆرانی، هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار  كاك (جه‌زای ساز) سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ری میللی كوردستان، یه‌كێكه‌ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی ڕێبوارێكی  دڵسۆزی پاراستنی هونه‌ری میللی نه‌ته‌وه‌كه‌مان و هاوڕێی هونه‌رمه‌ند عه‌ینه‌دینه‌، به‌وشێوه‌یه‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ عه‌ینه‌دین مه‌ریوانی ده‌كات  و نوسیویه‌تی :
(  عەینەدین مەریوانی وێڕای ئەوەی هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆشه‌ ئاوازدانەرێکی زۆر بەتوانا و بەهرەمەندە ئەو شاعیرێکی میللی هێندە مەزنە لە کاتێکدا خۆی نابینایە جوانترین تابلۆکانی ژیانی کردووە بە شیعرو ئاواز وه‌ك له‌م كۆپله‌دا ده‌ڵێت:
( کۆترە باریکەی باخەکەی بەردێ
 بەم درەنگ وەختە ئۆغرەکەی بۆ کوێ) 
 بزانە چ پۆستەرە شیعرێک لەو دوو دێڕەدایە،
هه‌روه‌ها ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌  توانای دانانی هۆنراوه‌شی هه‌یه‌ و هه‌ندێك له‌هۆنراوه‌كانی كه‌له‌گۆرانییه‌كانیدا خوێندوونی ، به‌ڵام به‌شێكیان هه‌ڵقوڵاوی ناخ و وابه‌سته‌ی ژیانی خۆیه‌تی، لێره‌دا ئه‌م چه‌ندكۆپله‌یه‌ تایبه‌ته‌ به‌ژیانی نابینایی خۆی و به‌و هه‌سته‌ ده‌ریبڕیوه‌ :
(نابینا ئه‌بێ چرایەک هەڵکا
 نه‌وه‌ك پێ بنێت بەسەر پێی خەڵکا
له‌ژێر ئەم چەرخەی چەپ گەردی هەستی 
هێشتاکە باوە فیرعەون پەرستی
هه‌ركه‌س خه‌نجه‌رێك تیژی واله‌مشت
 له‌حه‌ق و ناحه‌ق ئه‌یكوتێ له‌پشت 
قانع جوانی ووت له‌ قافیەی چیا
 ڕۆژ دڕك و داڵە و بازاڕی گیا
دۆستی و ڕەفاقەت تەنها ووشەیە
 خۆشتان دەزانن هەمووی فشەیە)
ئەم شاعیرە میللی یە ناودارە جارجارێک تێکست و هۆنراوەی فۆلکلۆری بەکار هێناوە بەڵام خاوەنی زیاتر لە (250) ئاوازی میللی تایبەت بە خۆیەتی
هەچەندە گەڕیان تایبەتە بە ناوچەی لەیلاخ و سنەو  ناوچه‌ی ئەردەڵان به‌گشتی، بەڵام بۆ مێژوو ئەو ستایلەی گەڕیان کە ئێستا زۆر باوەو زۆر چۆتە ناو خەڵکەوە لە عەینەدینەوە سەرچاوەی گرتووە) ( 10).
هونه‌رمه‌ند عه‌ینه‌دین له‌ماوه‌ی ژیانیدا تائێستا (6) جار هاوسه‌رگیری كردووه‌، به‌روبوومی ئه‌و ژیانه‌ هاوبه‌شییه‌ی بۆته‌ خاوه‌نی( دوو كچ و كوڕێك) له‌كۆی ئه‌و(6) هاوسه‌ره‌ ته‌نها دوو هاوسه‌ری له‌لاماوه‌، هاوسه‌ری یه‌كه‌می ماوه‌ی (29) ساڵ پێكه‌وه‌ هه‌وراز و نشێوه‌كانی ژیانیان بڕیوه‌ و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌و هاوسه‌ره‌ی ڕێزی گرتووه‌و خزمه‌تی كردووه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و هاوسه‌ره‌ دڵسۆزه‌ بۆهه‌میشه‌ جێیهێشتووه‌ و كۆچی دوایی كردووه‌، له‌ده‌ستدانی ئه‌و هاوسه‌ره‌ دڵسۆزو به‌وه‌فایه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌ستی عه‌ینه‌دین داده‌نێت و به‌وشێوه‌یه‌ ده‌یلاوێنێته‌وه‌ :
( ئازیز ئه‌م كاره‌ت بێوه‌فایی بوو 
ئێمه‌ قه‌رارمان كه‌ی جیایی بوو 
هاوڕێكه‌ی 29 ساڵ ته‌مه‌نم 
تۆ له‌ژێر گڵ بی  من كوا پێ بكه‌نم) .

هونه‌رمه‌ند عه‌ینه‌دین ته‌مه‌نی هه‌ڵكشاوه‌و (63) ساڵ ته‌مه‌نیه‌تی، هه‌موو هیواو ئاواتی ئه‌وه‌یه‌ گه‌ر بۆ ساتێكی كه‌میش بێت په‌روه‌ردگار چاوه‌كانی پێ ببه‌خشێته‌وه‌ و ڕۆشنایی به‌چاوه‌كانی خۆی ببینێ، خواست و هیوای ئه‌وه‌یه‌ میلله‌ته‌كه‌ی به‌ئازادی له‌سایه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردی دا ببینێ،  هه‌روه‌ها ئاوات ده‌خوازێت ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی له‌ژیانیدا ماوه‌  و تائه‌و جێیه‌ی په‌روه‌ردگار ژیانی پێ ده‌به‌خشێت، وڵاته‌كه‌ی له‌سایه‌ی ئارامیی و  خۆشه‌ویستی و دوور له‌خه‌م و خه‌فه‌ت به‌سه‌ر به‌رێت، ئه‌میش به‌ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی گۆرانی بۆ نیشتمانه‌كه‌ی بڵێ، ئه‌گه‌ر ڕۆژێك خۆری ته‌مه‌نی ئاوابوو ، له‌باوه‌شی ئه‌و خاكه‌ پیرۆزه‌ی  له‌باوه‌شیدا له‌دایكبوو ، له‌هه‌مان خاكی گوندی (دزڵی) ئه‌سپه‌رده‌ی ئه‌و خاكه‌ پیرۆزه‌ بكرێته‌وه‌ . 
ده‌خوازێت كه‌ ڕێز له‌ هونه‌ری كوردی و هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بگیرێت، و تكاو داواكاری له‌ خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ( ئه‌گه‌ر ڕۆژێك چرای ته‌مه‌نم كوژایه‌وه‌، نه‌وه‌كانم هونه‌ره‌كه‌ی من بگا به‌مان و درێژه‌ی پێ بده‌ن ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و هونه‌ره‌ نه‌مرێ )( 11).  
 دوای نیوسه‌ده‌ به‌خشش و تێكۆشانی هونه‌ری و تۆماركردنی ده‌یان كاسێت و ئاهه‌نگی شادی به‌خش ، پێی ده‌ڵێم هونه‌رمه‌نده‌ نابیناكه‌ی كورد عه‌ینه‌دینی ئه‌ڵماسیی، هونه‌رمه‌نده‌ دڵڕۆشنه‌كه‌ی هونه‌ری كوردی خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت و ته‌مه‌نداری و ژیانێكی پڕ ته‌ندروستیتان بۆ ده‌خوازم،هه‌رهه‌بی و به‌هه‌ستی به‌رز و هونه‌ری باڵات ئاواز بۆ  كوردستان بخوێنی.
ئه‌و هۆنراوه‌یه‌ له‌هه‌ست و سۆزو ناخی هونه‌رمه‌ند عه‌ینه‌دینه‌وه ‌هه‌ڵقوڵاوه‌، له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ هه‌تا ئێستا ژیان و گوزه‌رانی خۆی تێدا خستۆته‌ ڕوو، ده‌رده‌ڵی خۆیه‌تی له‌به‌رامبه‌ر ژیان و بێ به‌شبوون له‌ ڕۆشنایی :

بۆچی له‌م دنیا من بووم سه‌رگه‌ردان
هه‌ربه‌من درا ده‌ردی بێ ده‌رمان
دایكم نۆمانگ و نۆ ڕۆژی كێشا
به‌هه‌زار زه‌حمه‌ت  تاهاتمه‌ دنیا
به‌ڵام حه‌یف ته‌قدیر ده‌رفه‌ت نه‌دا پێم
له‌دنیای ڕۆشن له‌ززه‌ت نه‌داپێم
چاوی لێ سه‌ندم چه‌رخی كه‌چمه‌دار
ڕۆژی ڕووناكم لێ بوو به‌شه‌وگار
هه‌رله‌منداڵیمه‌وه‌ دڵم پڕ غه‌م بوو
هه‌میشه‌ كارم گرییه‌و ماته‌م بوو 
هه‌رله‌منداڵیه‌وه‌ كه‌وتمه‌ ده‌ردی سه‌ر 
ژینم به‌كوێری له‌دنیا  دا  سه‌ر 
هاوڕێیانی من خه‌ریك سه‌یرانن
خه‌ریك عه‌یش و نۆش له‌گه‌ڵ یارانن
كه‌چی من ئێستا ڕیسوای زه‌مانه‌م 
زه‌لیلی ته‌عنه‌ی دۆست و بێگانه‌م 
په‌ژاره‌م نیه‌ بۆ چاوی خۆم 
یان بۆ زه‌لیلی و دڵشكاوی خۆم 
بۆیه‌ بێزارم من له‌م ژیانه‌ 
ته‌عنه‌م لێ ده‌ده‌ن دۆست و بێگانه‌
بریا له‌م دنیا یه‌ك چاوم بوایه‌
با تێر تێر سه‌یری دنیام كردایه‌ 
دنیام ته‌واو كرد به‌بوو وه‌فایی 
به‌غه‌یر تاریكی نه‌مدی ڕۆشنایی 
زووخاو له‌جه‌رگم ئه‌ڕژێت وه‌ك لافاو 
له‌دنیای ڕۆشن مه‌حروم بووم له‌چاو 
دڵ پڕ له‌خه‌فه‌ت ، مات و خه‌مگینم 
دنیای بێ وه‌فا ، به‌چاو نابینم .

جه‌مالی ده‌لاك ، 13/3/2023 هه‌ولێر .
سه‌رچاوه‌ : 
( 1 و 8 و 11)عه‌ینه‌دین ، دیكۆمێنتاری له‌سه‌ر ژیانی عه‌ینه‌دین ، كه‌ناڵی ئاسمانی كوردستان (24) له‌ ( 17/6/2018).
(2 و 3) به‌رنامه‌ی ڕۆژانه‌ی NRT ، چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند عه‌ینه‌دین ،پێشكه‌شكردنی ( سنوور ئالانی و ئامانج بابانی) ( 17/10/2013).
(4)  عه‌ینه‌دین : خۆزگه‌ هه‌رقورئانم بخوێندایه‌ ،، دیداری  گروپی گوڵنار ( 18/3/2020) سایتی دیپلۆماتیك.
(5 و7) عه‌ینه‌دین مه‌ریوانی ، نوسینی  سه‌باح مه‌لاعه‌بدوڵڵا، كوردپیدیا.
(6)  فیلمی دیكۆمێنتاری ( ئاوازی چاو) كه‌ناڵی ئاسمانی ( ستێركsterk tv) له‌ ( 17/6/2022) یوتوب.
(9) به‌رنامه‌ی فه‌ڕاشین ، پێشكه‌شكردنی ( ئیسماعیل گه‌یلانی )  كه‌ناڵی ئاسمانی كوردستان ، (27/11/2010)  یوتوب.
(10) هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( جه‌زای ساز) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌ڕێكه‌وتی (6/3/2023) ( سلێمانی _ هه‌ولێر ) .
سوپاس و پێزانینم بۆ هه‌ردوو برای هونه‌رمه‌ند ( جه‌زای ساز ، له‌شاری سلێمانی) و ( ئه‌سعه‌د ڕه‌زازی له‌ سوید) به‌لوتفه‌وه‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانیان داومه‌ته‌وه‌و زانیارییان پێ به‌خشیم ( ج،د) .

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.