وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە 35 ساڵەی بیرەوەری کیمیابارانی هەڵەبجە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکات ئەم تاوانە لەسەر ئاستی جیھانیی بە جینۆساید بناسینرێ.
لە ڕاگەیەنراوێک وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە 35 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە ڕایگەیاند: لەم یادەدا پیرۆزبایی لە دانیشتووانى سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە دەکەین بەبۆنەى بوونى بە 19ـەمین پارێزگاى عێراق و هیوادارین لە نزیکترین دەرفەتدا سەرجەم ڕێکارە یاسایى و کارگێرى و داراییەکانى دیکەی تەواو بکرێت و لە بودجەى ساڵى 2023ـدا پارێزگاى هەڵەبجە بەشەبودجەى سەربەخۆى بۆ دیارى بکرێت بۆ ئەوەى ئەم بڕیارە ببێتە مایەى بووژانەوە و گەشەپێدانى ژێرخانی ئابووری ئەم پارێزگا نوێیە و فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە و شکۆمەندانە بۆ دانیشتووانە تێکۆشەر و قوربانیدەرەکەى.
دەقی ڕاگەیەنراوەکە وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان لە (35) ساڵەى بـیرەوەرى کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە و دەوروبەری:-
کەسوکارى هەمیشە سەربەرزی شەھیدانی کیمیابارانى هەڵەبجە..
(35) ساڵ لە مەوبەرو لە رۆژی 16ـی ئادارى 1988ـدا ڕژێمی بەعسی لەناوچوو لە چوارچێوەى سیاسەتى لەناوبردن و کۆمەڵکوژی و هەڵمەتەکانى لەناوبردنی گەلى کوردستان تاوانێکی تری خستەسەر زنجیرە تاوانەکانى دژ بە دانیشتووانى شارى هەڵەبجە و دەڤەرى شارەزوور و هەورامان، زوڵم و ستەمى دەسەڵاتی بەعس لەم ڕۆژەدا گەیشتە لووتکە دژ بە ھەموو بەھا مرۆییەکان و خەڵکی سیڤیلى ئەم دەڤەرە و لە چەند خولەکێکدا بە چەندین جۆر چەکى کیمیاوی قەدەغەکراوی جیهانى ئەم شارە و خەڵکەکەى ئاوێزانی مەرگ کرد و ھەزاران کەسیشی بریندار و ئاوارە کرد کە ھەتا ئەمڕۆش بەشێکی زۆریان بە ھۆی کاریگەریی بەرکەوتەییەکەیان ژیانێکی سەخت و پڕ ئازار بەڕێ دەکەن.
لەم یادەدا پیرۆزبایی لە دانیشتووانى سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە دەکەین بەبۆنەى بوونى بە 19ـەمین پارێزگاى عێراق و هیوادارین لە نزیکترین دەرفەتدا سەرجەم ڕێکارە یاسایى و کارگێرى و داراییەکانى ترى تەواو بکرێت و لە بودجەى ساڵى 2023ـدا پارێزگاى هەڵەبجە بەشەبودجەى سەربەخۆى بۆ دیارى بکرێت، بۆ ئەوەى ئەم بڕیارە ببێتە مایەى بووژانەوە و گەشەپێدانى ژێرخانی ئابووری ئەم پارێزگا نوێیە و فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە و شکۆمەندانە بۆ دانیشتووانە تێکۆشەر و قوربانیدەرەکەى.
جەماوەری کوردستان..
خانەوادەی شەھیدان و قوربانیانی چەکی کیمیاوی..
ئێمە لەم یادەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکەین کە ئەم تاوانە لەسەر ئاستی جیھانیی بە جینۆساید بناسینێ و لە ھەمانکاتدا داوا لە حکوومەتی عێراقی فیدراڵیش دەکەین کە ھەرچی زووە قەرەبووی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو بکاتەوە و پابەند بێ بە ماددەی (132)ـی دەستووری عێراق بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی و تاقانەکانى جینۆساید و ھەموو زیانلێکەوتووانی سەرجەم ناوچە کارەساتبارەکانی کوردستان.
بۆ بەرز و پیرۆزڕاگراتنی یادی شەھیدەکانمان لە مەرگەساتەکاندا و بە تایبەتیش یادی شەھیدانی کیمیاباران، ساڵانە وەزارەتمان یادى شەهیدانى ئەو کارەساتانە دەکاتەوە و ھەمیشە یادی پڕشکۆی ئەو شەھیدانە و سەرجەم شەھیدانی کوردستان لەبیر و ھزری ھەموواندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە و ئێمەش لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازی و خزمەتگوزاری کابینەی نۆیەم، ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ بە جینۆسایدناساندنی ئەم کەیسە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و فەراھەمکردنی خزمەتگوزارییەکان و ژیانێکی شکۆمەندانەی شایستە بە دانیشتووانى هەڵەبجە و کەسوکارى شەهیدان.
سڵاو لە خۆڕاگریی بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی و تاقانەکانی جینۆساید لە کوردستان.
دروود بۆ ڕۆحى شەھیدانی جینۆسایدکراو و کیمیابارانکراوی ھەڵەبجە
شکۆمەندى بۆ کەسوکارەکانیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.