Erbil 38°C سێشەممە 31 کانونی یەکەم 01:50

راگه‌یاندراوێك له‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌

کوردستان TV
100%


سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان  په‌یامێكی له‌ ساڵیادی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا بڵاوكرده‌وه‌.
له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستاندا هاتووه‌" له‌ (35) سی و پێنجه‌مین ساڵڕۆژی كیمیابارانكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا، سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ئه‌م مەرگەساتە پڕ ئازارە داده‌نه‌وێنین، به‌شكۆوه‌ تاجه‌گوڵینه‌ی سه‌رفرازی و نه‌مری له‌سه‌ر گڵكۆكانیان داده‌نێین".
سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات"زۆر به‌داخه‌وه‌ كه‌ ساڵانه‌ به‌ درێژایی وه‌رزه‌كانی به‌هار و بووژانە‌وه‌ی سروشت، گه‌لی ئێمه‌ شادی و خۆشییه‌كانیان تێكه‌ڵ به‌ چه‌ندین تراژیدیا و مه‌رگه‌ساتی بێوێنه‌یه‌ له‌ كیمیاباران و سه‌رجه‌م شێوازه‌كانی دیكه‌ی له‌ناوبردنی ژیان و ژینگه‌ی كوردستان و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ و جینۆسایدكردنی میلله‌تی كوردی ژیاندۆست و ئاشتیخواز".
سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو" دیاره‌ به‌رزڕاگرتنی ئه‌م یاد و بیره‌وه‌رییه‌ خه‌مناكه‌ بۆ ئه‌مساڵ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌یاسای به‌ پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی فیدڕاڵ و ئاراستەکردنی پڕۆژەکە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق".
هه‌روه‌ها له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌" لێره‌وه‌ له‌ سۆنگه‌ی بڕوابوونمان به‌ سه‌ركه‌وتن و زاڵبوونی ئیراده‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و عێراق به‌سه‌ر دیكتاتۆرییەت و وه‌حشیگه‌رترین ڕژێمی سه‌ده‌، به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كه‌ین و سوپاس و پێزانینی خۆشمان ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی فیدڕاڵ بۆ ئه‌م بڕیاره‌ ‌و جێبه‌جێكردنی ڕێكاره‌كانی به‌پاریزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كه‌ین، هاوكات داواکارین لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران و تەواوی فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان، کە ئەرکی یاسایی خۆیان لە پەسەندکردنی پڕۆژەکە و ده‌ركردنی یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌جینۆسایدناساندنی گه‌لی كوردستان دەربکەن و تێیدا مافی كه‌سوكاری شه‌هیدان و قوربانییان بچه‌سپێنرێت له‌پێناو قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانه‌ مادی و مه‌عنه‌وییه‌كانیان و ئه‌و زه‌بره‌ ده‌روونییه‌ی كه‌ به‌ریان كه‌وتووه‌".
سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌" بە ئومێدی ئەوەی له‌بری بیره‌وه‌ریی ژان و ناسۆر و لێكه‌وته‌ تراژیدییه‌ فرەلایەنەكانی ئه‌م مه‌رگه‌ساته‌، ئه‌مساڵ به‌شێكی كه‌می ئازاره‌كانی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ و كوردستان سارێژ بێت و ھیوایەك بۆ ئاینده‌ی ئه‌م شاره‌ بێناز و تاوانلێكراوە بگه‌ڕێته‌وه‌".
 له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌" هاوکات دەبێت حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش ھەموو توانایەکی بخاتە گەڕ بۆ ئاوەدانكردنەوەی زیاتر و بنیادنانەوەی سێكتەرە جیاجیاکانی ھەڵەبجە و دەڤەرەكە بەگشتی".
له‌كۆتایی راگه‌یاندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستاندا هاتووه‌" جارێكی دیكە سەری ڕێز و نەوازش بۆ سەرجەم شەھیدانی مەرگەساتی كیمیابارانی ھەڵەبجەی زامدار دادەنەوێنین، دروود بۆ ڕۆحی پاك و بەرزەفڕیان".
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.