پارێزگاری ههولێر ڕایگهیاند، ههر كهسێك له رۆژانی نهورۆز و تهواوی مانگی ڕهمهزانی پیرۆزدا كهلوپهل و خۆراك لهسهر هاووڵاتییان گران بكات توندترین سزا دهدرێت، سهبارهت به كردنهوهی خواردنگه و چێشتخانهكانیش له مانگی ڕهمهزان ئاماژهی بهوه دا كه ئازادن، بهڵام دهبێت ڕێز لهو مانگه پیرۆزه بگرن.
ئەمڕۆ پێنجشەم بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر کۆبوونەوەیەکى تایبەت بۆ ڕێگەگرتن لە گرانی نرخ و پێداویستی هاووڵاتییان و کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، دواى ئەوەى گفتوگۆ لەبارەى ڕەوشى بازاڕ و نرخ و جۆرەکانى خۆراك و پێداویستییەکانى هاووڵاتییان بەشێوەیەکى گشتیى كرا، پارێزگارى هەولێر بە بۆنەى هاتنى نەورۆز و مانگى ڕەمەزانى پیرۆزەوە تەئکیدی لە چاودێریکردنی چڕ و وردی بازاڕ و نرخ و کەلوپەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان کردەوە.
ئومێد خۆشناو ههروهها لێژنەی قائیمقامییەتى ڕاسپارد ئیجرائاتى توند لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە نرخی خۆراک و پێداویستییەکان لەسەر هاووڵاتییان زیاد دەکەن و ڕێگە بە هیچ کەس نەدەن بە هەر بڕ و بیانویێک بێت، نەورۆز و مانگى پیرۆزى ڕەمەزان بقۆزێتەوە و یاری بە بازاڕ بکەن و نرخی خۆراک و کەلوپەل و پێداویستی لەسەر هاووڵاتییان گران بکەن.
لە بەشێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر لەبارەى کرانەوەى خواردنگە و چێشتخانەکان لە مانگى پیرۆزى ڕەمەزان، ئاماژەى بەوە دا كه بە ڕێزگرتن لەو مانگە پیرۆزە و ڕۆژووانان، چێشتخانهكان ئازادن و خۆیان ئهو بریاره لهسهر خۆیان جێبهجێ دەكهن، تەنها بەشێوەیەک ڕێز لەو مانگە پیرۆزە بگرن.
لە کۆتایشدا، دواى گفتوگۆ لەلایەن ئامادەبووانەوە لە بارەى چەند پرسێکى دیکەى پەیوەست بەو بابەتە، جەخت لەوە کرایەوە کە لەگەل هەڵمەتەکانى چاودێریکردنی چڕ و وردی بازاڕ و نرخ و کەلوپەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان، هەڵمەتى پشکنین و دەستبەسەرداگرتنى خۆراک و دهرمانى خراپ و ماوەبەسەرچوو چڕتر بکرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.