Erbil 38°C یەکشەممە 29 کانونی یەکەم 08:44

شوقه‌ی بێ بەرامبەر بۆ کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی دروست دەکرێت

کوردستان TV
100%

بە پێی بڕیارى ژمارە 191ـی ئەنجوومەنی وەزیران لە ڕێکەوتی 21ى کانوونی دووەمی 2022، بە هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتەکانی کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، یەکەى نیشتەجێبوون (شوقە) بۆ کەسوکارى شەهیدان و جینۆسایدکراوان و زیندانییانی سیاسی و ئەوانەى تا ئێستا سوودمەند نەبوون، دروست دەکرێن.

لە بڕیارەکەدا هاتووە کە بەپێی شایستەبوون و پلەى سوودمەندبوون و بارى دارایی خێزانەکان، بە ئەوپەڕی خزمەتگوزاریی پێویستەوە، ئەو یەکانە دروست دەکرێن.

لەوبارەیەوە عەبدوڵا حاجی مەحموود وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگه‌یاند: بابه‌تی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون له‌م كابینه‌یه‌دا كاری له‌سه‌ر كرا و كۆنووس ئاماده‌ كرا، له‌ كابینه‌كانی پێشوو زه‌وی به‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی ده‌درا، به‌ڵام له‌م كابینه‌یه‌دا دوای گفتوگۆیه‌كی زۆر، ڕوون بووه‌وه‌ ئه‌و پڕۆسانه‌ی پێشتر ئه‌نجامدرابوون، وه‌ك پێویست سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زه‌وییه‌كه‌ دره‌نگ بۆ كه‌سوكاری شه‌هید و زیندانیانی سیاسی ته‌رخان ده‌كرا، هه‌روه‌ها ئه‌وان مینحه‌یه‌كی پێویستیان نییه‌ و مینحه‌كه‌یان دیاری كراوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بیر له‌وه‌ كرایه‌وه‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیکە، ده‌رچه‌یه‌كی دیکە بدۆزینه‌وه‌.

ڕاشیگه‌یاند: دوای ئه‌وه‌ی ڕاپۆرتێكمان پێشکەش بە ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران کرد، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خۆی پشتیوانی لێ كردین و پڕۆژه‌كه‌ی پێ باش بوو و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی ناو حكوومه‌ت ڕاسپێردران بۆ دروستكردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون له‌ بری پێدانی زه‌وی.

عەبدوێ حاجی مەحموود هه‌روه‌ها ڕایگەیاند: له‌م پڕۆژه‌یه‌دا ئەولەوییەت دیاری کراوە، به‌تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و شوقانه‌ی دروست ده‌كرێن، پله‌به‌ندییان تێدایه‌ و ڕه‌نگه‌ هه‌مووی به‌ یه‌ك ئاست دروست نه‌كرێن، ئه‌و یه‌كانه‌ كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ له‌ شاره‌كانی هه‌ولێر، دهۆك و سلێمانی ئه‌ندازه‌یان بۆ داده‌نرێت و دروست ده‌كرێن، به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان دەبێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: ئێمه‌ 20 هه‌زار فه‌رمانی وه‌زاریمان هه‌یه‌ بۆ پێدانی زه‌وی به‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان، ئه‌م 20 هه‌زاره‌ ده‌كرێته‌ یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ له‌ یه‌ك كات و له‌ یه‌ك شوێندا بێت، به‌ڵكو له‌ ته‌واوی كوردستان ده‌بێت و به‌ گوێره‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدانە كه‌ له‌ چ شارێك نیشته‌جێن، خۆشبه‌ختانه‌ كۆنووسه‌كه‌ ته‌واو بووه‌ و ڕه‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت په‌سندی بكات و له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا ده‌ست به‌ دروستكردنیان بكرێت و به‌پێی ڕێكاره‌كان و به‌پێی یاسا به‌سه‌ر كەسوکاری شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی و ئه‌وانه‌ی شایستەن دابه‌ش بكرێن.

لەبارەى لایەنی داراییی یەکەکانەوە، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان گوتی "به ‌دڵنیاییه‌وه‌ هیچ بارگرانییه‌كی ماددی ناكه‌وێته‌ ئه‌ستۆی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیانی سیاسی و به‌بێ به‌رامبه‌ر پێیان ده‌درێت، سه‌باره‌ت به‌ پله‌به‌ندی له‌ پێدانی ئه‌و یه‌كانه‌، سه‌ره‌تا پێشنیازمان كردووه‌ به‌وانه‌ بدرێت كه‌ خاوه‌نی كه‌مترین ده‌رامه‌تن، ئێمه‌ ڕێكارێك ده‌گرینه ‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی پله‌به‌ندی له‌ ئاستی ئابووریی كه‌سوكاری شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونیان پێ بدرێت، دیاریكردنی بارودۆخ و گوزه‌رانی كه‌سوكاری شه‌هید ئاسان نییه‌ و كاتی ده‌وێت".

سه‌باره‌ت به‌ چاکسازییەکانی وەزارەتیش لە پرسەکانی پەیوەست بە شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی، عەبدوڵا حاجی مەحموود ڕایگەیاند: دوای ده‌رچوونی یاسای چاكسازی كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچوو، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران په‌یڕه‌وی بۆ ده‌ر كرد، ئێمه‌ له‌ وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان ئه‌ركی خۆمانمان به‌جێ هێناوه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌ی باڵا و لاوه‌كیمان هه‌یه‌ و له‌ پارێزگاكانی هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك ده‌ست به ‌كار بوون‌ و له‌ سه‌رووی ‌ڕێژه‌ی 20% چاكسازیمان له‌ دۆسییەى شه‌هیدان كردووه‌، هه‌روه‌ها 95%ی چاكسازیمان له‌ زیندانیانی سیاسی كردووه‌، سه‌باره‌ت به‌ تاقانه‌كانی ئه‌نفالیش، سه‌رجه‌م دۆسیه‌كانمان یه‌كلایی كردووه‌ته‌وه‌.

وەزیری کاروباری شەهیدان گوتیشی "لەبارەى سکاڵاى هەر کەسێک لەبارەى لێکەوتەى چاکسازییەکان، هه‌ر كه‌سوكارێكی شه‌هیدان و ئه‌وانی دیکەش كه‌ سكاڵایان له‌ چاكسازییدا هه‌بێت، ده‌توانن سكاڵا پێشكه‌ش بكه‌ن،‌ ئه‌ویش به‌پێی یاسای چاكسازی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و وه‌ڵامی ده‌درێته‌وه‌، ئەگەر کەسوکاری شه‌هیدێك لای ئێمه‌ به‌ر یاسای چاكسازی كه‌وت و شه‌هیدانه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شایه‌وه،‌ نووسراو ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ له‌ یاسایه‌كی تر سوودمەند بێت كه‌ لە وه‌زاره‌تی شه‌هیدان هه‌یه‌، یان جارێكی دیکە به‌پێی یاساكه‌ی خۆی، فه‌رمانی ناساندنەوەى وەکوو "شه‌هید"ی بۆ ده‌رده‌كرێته‌وه‌.

ئاماژه‌شی دا: سه‌رۆكی حكوومه‌ت و سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان، پرسه‌كانی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان به‌ بایه‌خه‌وه‌ وه‌رده‌گرن و گرنگیی زۆری پێ ده‌ده‌ن، سه‌ره‌ڕای جه‌نگی داعش و خراپیی باری ئابووری، به‌ڵام له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیره‌كانه‌وه‌، پشتیوانی له‌ وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان كرا، بۆ نموونه‌ ماوەیه‌ك ڕێژه‌یه‌ك له‌ پاره‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان بڕا، به‌ڵام هی وه‌زاره‌تی کاروباری شه‌هیدان و ئەنفالکراون وه‌ك خۆی مایه‌وه‌ و له‌م بڕیاره‌ هەڵاوێرد کرا، هه‌روه‌ها 19 ملیار دینار پاره‌ی قه‌رزی خوێندن هی كابینه‌كانی پێشوو له‌لای حكوومه‌ت و وه‌زاره‌تی شه‌هیدان بوو، به‌ڵام سه‌رۆكی حكوومه‌ت ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌و 19 ملیار دیناره‌ دا و پاكتاو كرا، هه‌روه‌ها ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر 19 ملیار دینار وه‌ك پاره‌ی خوێندن دا.

لەبارەى مافى دەستووریی قەرەبووکردنەوەى کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوە، عەبدوڵا حاجی مەحموود گوتی "تا ئێستا‌ حكوومه‌تی عێراق نه‌چووه‌ته‌ ژێرباری قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، كه‌ مافێكی ده‌ستووریی خه‌ڵكی كوردستانە، ئێمه‌ له‌م كابینه‌یه‌دا ده‌سته‌یه‌كمان پێكهێناوه‌ به‌ ناوی ده‌سته‌ی جینۆساید له‌ وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان كه‌ داكۆكی لە کەیسی جینۆسایدی فه‌یلییه‌كان، بارزانییه‌كان، هه‌ڵه‌بجه‌ییەکان و ئێزدییه‌كان ده‌كات، ئه‌مانه‌ هه‌موویان پێویسته‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه‌ قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا‌ نه‌چووه‌ته‌ ژێرباری ئه‌و قه‌ره‌بووكردنه‌وانه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ خه‌ریكی لۆبیكردنین له‌ ناوخۆ و له‌ ده‌ره‌وه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ پێویسته‌ نوێنه‌رانی كورد له‌ عێراق بێنه‌ سه‌رهێڵ، بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كان ده‌ست پێ بكات، چونكه‌ كه‌یسه‌كان له‌ دادگا یه‌كلایی بوونه‌ته‌وه‌ و له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ بڕیاری بۆ ده‌رچووه‌.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ی پێكیانهێناوه‌، به‌ سێ ئاراسته‌ كار ده‌كه‌ن، لۆبی ده‌كه‌ن، به‌دواداچوون بۆ ئه‌و كه‌یسانه‌ی كه‌ یه‌كلایی بوونه‌‌ته‌وه‌ و ئه‌و كه‌یسانه‌شی تا ئێستا‌ له‌لایه‌ن دادگاوه‌ یه‌كلایی نه‌بوونه‌ته‌وه، دەکەن‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.