Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 21:47

هەسەدە: لە کەوتنەخوارەوەی دوو هێلیکۆپتەردا لە دهۆک 9 چەکدارمان کوژران

کوردستان TV
100%

هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژە بەوە دەدەن کە لە کەوتنەخوارەوەی دوو هێلیکۆپتەردا لە دهۆک، 9 چەکداریان کوژراون.

لە ڕاگەیەنراوێک هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند: یەکەیەکی سەر بە یەکینەکانی تیرۆری سەر بە هێزەکانمان لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی شانەکانی تیرۆریستانی داعش و بەمەبەستی ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونی ئەمنی و سەربازی بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی شەڕ و ئاسایشی یەکەکان چوونە هەرێمی کوردستان.

ڕاشیگەیاند: لە کاتی چوونی ئەو یەکەیە بۆ شاری سلێمانی لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 15ـی 03ـی 2023 دوو فڕۆکە بەهۆی خراپی کەشوهەوا کەوتنەخوارەوە و 9 لە چەکدارەکانیان کوژراون.

هەسەدە باسی لەوەش کردووە کە "هێزەکانی دژەتیرۆر لە شەڕی دژی تیرۆردا باشترین چەکدارەکانیان و فەرماندەکانی خۆیان کردە قوربانی و لە کۆبانێ ـەوە تاوەکوو ڕەقە و دێرەزوور شەڕی سەختیان کرد. ئەم هێزانە بە شێوازی پێشکەوتووی جەنگی مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە و هاوبەشی سەرەکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیین لە شەڕی دژی داعش و چالاکانە کار دەکەن بۆ پەرەپێدانی تواناکانی شەڕ و تەکنیکی خۆیان و بەهێزکردنی میکانیزمەکانی کردەوەی هاوبەش لە ناوچەکە لەگەڵ هێزە جیاوازەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش".

لە ڕاگەیەنراوەکە هێزەکانی سووریای دیموکرات سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کوژراوانە دەکات و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات کە تەرمی چەکدارەکانیان بگەڕێننەوە بۆ کوردستانی سووریا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.