Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 21:43

دەقی گوتەکانی مەسرور بارزانی لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر

کوردستان TV
100%

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆرـی ئەمریکی ئەنجام داوە، تێیدا باس لە چەند دۆسییەیەک کراوە، لەوانە:- دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دۆسییەی تیرۆر و گۆڕانی کەشوهەوا، چەند پرسێکی دیکەی گرنگی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر ڕایگەیاند: پێویستە ناکۆکییە سیاسی و ئابوورییەکان لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا چارەسەر بکرێن، نەک بە بایکۆتکردنی حکوومەت لەلایەن وەزیرانی یەکێتییەوە.

ڕاشیگەیاند: وەزیرەکانی یەکێتی لە پەرلەمان و لەبەردەم خەڵکی کوردستان سوێندیان خواردووە. بە ڕاکردن، خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی، چارەسەری کێشەکان ناکرێت.

یەکێتی لە تشرینی یەکەمی 2022ـەوە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کردووە.

مەسرور بارزانی لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: هۆکاری ڕاستەقینەی ئەو چەقبەستووییەی نێوان پارتی و یەکێتی، کوشتنی هاوکار عەبدوڵڵا ڕەسووڵ، ئەفسەری پێشووی هەواڵگری یەکێتییە لە ساڵی ڕابردوودا لە هەولێر.

ڕاشیگەیاند: لەم دۆسیەدا یەکێتی هاوکار نەبووە، بۆ ئەوەی چاوەکان لە تیرۆرکردنەکە دوور بخەنەوە، ئەوان زیادەڕەوی لە کێشەکانی دیکە دەکەن، وەک بابەتی دارایی و دابەشکردنی دەسەڵات، لەکاتێکدا ئەم کێشانە بەردەوام بوونیان هەبووە.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا لەجیاتی ئەوەی هەموو کێشەکان تێکەڵ بەیەکتر بکەن، پێویستە سەرنجیان لەسەر چارەسەرکردنی کێشە سیاسیی و داراییەکان لە ڕێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بێت و با دادگە و یاسا مامەڵە لەگەڵ دۆسییەی کوشتنەکەدا بکات.

مەسرور بارزانی هەروەها گوتی: بەفەرمی داوام لە یەکێتی کردووە، بگەڕێنەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆیە هیوادارم بگەڕێنەوە بۆ حکوومەت و هەر کێشە و نیگەرانییەکیان هەیە، لە ڕێگەی گفتوگۆ لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیراندا چارەسەریان بکەین، جگە لەمەش هیچ ڕێگەیەکی دیکە نییە.

نابێت هیچ شتێک لەسەر حیسابی دواخستنی هەڵبژاردن بێت

مەسرور بارزانی جەختی کردەوە کە "لایەنە سیاسییەکان، کێشەکانیان هەرچییەک بێت، دەبێت سەیری ڕێگەی جیاواز بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان بدۆزنەوە، بەڵام نابێت هیچ شتێک لەسەر حیسابی دواکەوتنی هەڵبژاردن بێت و دەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت".

پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا

ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر لە چاوپێکەوتنەکە ئاماژەی بەوە داوە کە "هەرێمی کوردستان پێش شەڕی ئەمریکا بۆ ڕووخاندنی سەدام حوسێن، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق، هاوبەشێکی نزیکی ئەمریکا بووە".

ئاماژەی بەوەش داوە کە "پەیوەندییە کەسی و پیشەییەکانی مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەمریکا قووڵە. دەرچووی زانکۆیەکی ئەمریکییە لە واشنتۆن، وەک ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەنزیکەوە لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکانی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا کاری کردووە و بەتایبەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە ساڵی 2014ـدا".

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: ئێمە خوازیاری پەیوەندی باشتر، بەشداریکردنی زیاتر و وەبەرهێنانی زیاترین. کورد و ئەمریکا بەها و پرەنسیپی هاوبەشیان هەیە. ئێمە هاوپەیمانێکی سروشتین و هیوای پشتیوانی زیاتر دەخوازین.

ڕاشیگەیاند: پێویستە ئەمریکا بەهۆی بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ و ئەرێنییانەوە، زیاتر پەرە بە بەرەوپێشچوونەکانی هەرێمی کوردستان بدات، پێویستە هەرێمی کوردستان وەک نموونەیەک بۆ ئەو ڕۆڵە ئەرێنییە بەکاربهێنرێت کە ئەمریکا دەتوانێت لە ناوچەکەدا بیگێڕێت. بەبێ بەشداریکردنی ڕاستەوخۆیان (ئەمریکا) لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا، ئێمە هەموو ئەو شتانەمان نەدەبوو کە ئەمڕۆ دەیبینیت، ئەمەش چیرۆکێکی سەرکەوتنی ئابوورییە.

مەسرور بارزانی هەروەها گوتی: ئەمریکا کاری گەورەی کرد لە ڕزگارکردنی عێراق لە ستەمکاری و دیکتاتۆری دڕندانە. بەڵام بەدرێژایی ساڵان کاریگەریی بەشداریکردنی ئەمریکا کەمی کردووە و لە نەبوونیدا کارەکتەرەکانی دیکە ئەو بۆشاییەیان پڕکردۆتەوە، ئەمەش یارمەتیدەر نەبووە.

گوتیشی:  ئێمە دەمانەوێت ئەمریکا، کوردستان بە هاوپەیمانێکی بەهێز و باوەڕپێکراو بزانێت و وەک دۆستێک بیناسێت کە هەمان بەها و پرەنسیپمان هەیە. ئێمە بەردەوام باجێکی قورسی ئەو هاوڕێیەتییە دەدەین، پێویستمان بە پشتیوانی زیاترە لە ڕووی سیاسیی و ئابووری و ئەمنییەوە.

مەسرور بارزانی باسی لەوە کرد کە لە هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی گەورە هەیە بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لەبەردەم ئەمریکادا، ئێمە دەوڵەمەندین بە سامانە سروشتییەکان و سەرچاوە مرۆییەکان، توانای گەشەکردن هەم بۆ گەلی کورد هەم بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان سوودی هەیە.

چین چاوی لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

سەبارەت بە ڕێککەوتنی سعوودییە و ئێران کە لەلایەن چینەوە نێوەندگیری کرا، مەسرور بارزانی دەڵێت، "هەر دەستپێشخەرییەک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە پێشوازی لێدەکرێت. ئێمە پشتگیری لەهەر دەستپێشخەرییەک دەکەین بۆ هێنانەدی ئاشتی و دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

دەشڵێت، "چین چاوی لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و کاریگەرییەکانیان لەسەر زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکەدا فراوانتر دەکەن، پێشنیارەکانیان و بەڵێنەکانیان بۆ گەیاندن زۆر جێگەی سەرنجە. لێرە هەندێک پێشنیاریان کردووە و هەندێک گفتوگۆ هەیە سەبارەت بە ئەنجامدانی هەندێک پڕۆژە".

کەشێکی ئەرێنی لە گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا هەیە

مەسرور بارزانی ئاماژەی بە کەشێکی ئەرێنی کردووە لە گفتوگۆکان کە بووە هۆی ئەوەی لەم هەفتەیەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بودجە پەسەند بکات و بینێرێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی فیدراڵی، کە پشکی 12.6% بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە.

مەسرور بارزانی هەروەها گوتی: پێشکەوتنی گەورە لە دانوستاندنەکانی بودجەدا بەدیهاتووە، ئەوە بەتەواوی ئەوە نییە کە ئێمە ویستمان، بەڵام پێموایە بودجەیەکی کارایە.

گوتیشی: وڵات سوود لە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە دەبینێت، پێشتر پشتگیری خۆمان بۆ ئەم بودجەیە دەربڕیوە. هیوادارم پەرلەمان وەک خۆی تێیپەڕێنێت، ئەمەش دەبێتە سەرەتای پەیوەندییەکی زۆر دروستکەرتر، نەک تەنیا لەنێوان حکوومەتی هەرێم و بەغدا، بەڵکوو لەنێوان بەغدا و پارێزگاکانی دیکەشدا، هەروەها دەبێتە هۆی بوژانەوەی ئابووری نوێ.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا کە "کەشوهەوای ئەرێنی لە گفتوگۆکانی بودجەدا دەتوانێت ئاسانکاری بۆ پێشکەوتن بەرەو یاسایەکی نەوتی نیشتمانی بکات کە لەمێژە بەدینەهاتووە و زۆرێک لە کێشەکانی ڕابردووش پاڵنەری سیاسی بووە".

ئاماژە بەوەش داوە کە "لە ڕابردوودا هەندێک ڕەشنووس هەبوون، بەڵام هەرگیز لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند نەکراون".

مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد کە "زۆرجار وتوومانە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی کار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی دەستوور وەکوو خۆی، یاسای نەوت و گاز دەبێت لەگەڵ مافەکانی هەرێمی کوردستان لە دەستووردا بگونجێت، پاراستنی مافەکانمان لە پێشینەی کارەکانمان دەبێت، پێموایە ڕێگەیەک هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک کە کاری پێ بکرێت لەنێوان بەغدا و هەولێر".

دەبێت مامەڵە لەگەڵ ڕەگ و ڕیشەی تیرۆر بکرێت

مەسرور بارزانی هەروەها ڕایگەیاند: دۆخی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان، و لە سەرتاسەری عێراقدا، لە پێشوو باشترە، و ئەوە هەنگاوێکی باشە، هاوکاریش گرنگە.

ڕاشیگەیاند: پەیوەندییەکی زۆر باشتر لەنێوان هێزە ئەمنییە کوردییەکان و هێزە عێراقییەکان هەیە، لەوانەش ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی دژ بە داعش کە بۆ باشترکردنی ئاسایش دروستکرا.

مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد کە تاوەکوو ئێستا هەڕەشەی تیرۆر لە عێراق و شوێنەکانی دیکە بوونیان هەیە و دەبێت مامەڵە لەگەڵ ڕەگ و ڕیشەی تیرۆر بکرێت و بەداخەوە پێموایە ئەوانە وەک پێویست چارەسەر نەکراون.

سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە کە خەڵک پێویستی بە خزمەتگوزاری حکوومی دروست و ژیانێکی شایستە هەیە، ئەگەر حکوومەت پێداویستییەکانی خەڵک دابین بکات، گرنگی بە خەڵکەکەی بدات، گوێ لە خەڵکەکەی بگرێت و لەگەڵ خەڵکەکەیدا پەیوەندی دروست بکات، ئەوا ویستی هاوکاریکردنی خەڵک لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان کەمتر دەبێت، هەروەها دەبێت بە ناساندنی ئایدۆلۆژیایەکی میانڕەوتر کە هاندان و هیوای داهاتوویەکی گەش بە خەڵک بدات، بەرەنگاریی ئایدۆلۆژیای تیرۆریستان ببیتەوە، ئەگەر ئەمە بەردەوام دەبێت.

کارنامەیەکی چاکسازی تووند

مەسرور بارزانی گوتی: کابینەکەم دەستی کردووە بە بەرنامەیەکی چاکسازیی تووند کە مەبەستێکی گەورەی هەیە، لەوانەش، دروستکردنی شەفافییەتێکی زیاتر لە خەرجی حکوومەت و دابینکردنی خزمەتگوزاریی بازرگانی و بانکیدا.

گوتیشی: ئێمە ئابووریمان هەمەچەشن دەکەین، گرنگی بە فراوانکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و پیشەسازی و گەشتیاریمان دەدەین، ئێمە چاکسازی لە کەرتی پەروەردە و تەندروستیمان دەکەین، و خزمەتگوزارییە حکوومییەکان بە دیجیتاڵ دەکەین بۆ هاووڵاتییانمان، ئێمە سەنتەرێکی پێشکەوتووی داتاکانمان دروست کردووە، کە هەموو پڕۆژەکان بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی لە ماوەیەکی کورتدا بەیەکەوە دەبەستنەوە، ئێمە دەمانەوێت تاوەکوو ساڵی 2025 حکوومەتێکی تەواو دیجیتاڵی بین.

هەنگاوەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا

مەسرور بارزانی گوتی: ئێمە درک بە کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا دەکەین لەسەر هەرێمەکەمان، هەنگاویش دەگرینەبەر، لە کوردستان ئەوەندە کارمان کردووە کە زۆر کەس نایزانن، چیرۆکێکی گرنگە بۆ ئەوەی هاوبەشی بکەین.

گوتیشی: ئێمە وەبەرهێنان لە هایدرۆپاوەر و وزەی پاک و وزەی خۆردا دەکەین، ئێمە سەیری وزەی شوێنگرەوە دەکەین.

هەروەها باسی لەوەش کرد کە "پلانەکانی دروستکردنی بەنداوی بچووک و مامناوەند و گەورە کرد بۆ باشتر بەڕێوەبردن و پاراستنی ئاوی ڕووبارەکان، پێموایە کارکردن لەم بوارەدا، یارمەتیمان دەدات لە دروستکردنی ئەم ژێرخانە، دروستکردنی بەنداو بۆ پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکانمان، لە داهاتوودا سوودی دەبێت."

سەرۆکی حکوومەت هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە "ئێمە یەکەمین لە عێراقدا کە گازی سووتاومان گرتووەتەوە، لەجیاتی ئەوەی بەردەوام بین لە بەفیڕۆدانی، دەمانەوێت بیگۆڕین بۆ وزە".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.