سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دووپاتی دەكاتەوە كە بەغدا هاوبەشی سەرەكیی هەرێمی كوردستانە و جگە لە چارەسەركردنی كێشەكان، هیچ ڕێگەیەكی دیكە لەبەردەم هەردوولادا نییە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 2023/3/18 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ ماوریتزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، برەودان بە پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئیتالیا، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆی چارەسەركردنی كێشەكانیان، تاوتوێ كرد.
نێچیرڤان بارزانی وێڕای دەربرینی سوپاس و پێزانین بۆ پشتگیریی ئیتاڵیا لە عێراق و هەرێمی كوردستان، دەربارەی پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا ئاماژەی بەوە دا كە كەشێكی ئەرێنی لەنێوان هەردوودا هەیە و هەنگاوەكانی تا ئێستای حكوومەتی فیدراڵیی عێراق مایەی ئومێد و خۆشحاڵین. هەروەها دووپاتی كردەوە كە بەغدا هاوبەشی سەرەكیی هەرێمی كوردستانە و جگە لە چارەسەركردنی كێشەكان، هیچ ڕێگەیەكی دیكە لەبەردەم هەردوولادا نییە.
لای خۆیەوە باڵیۆزی ئیتاڵیا دیداری نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی لە كۆنفرانسی مانگی شوباتی ڕابردوو لە میونشن بە ئەرێنی لە قەڵەم دا. هەروەها دووپاتی كردەوە كە چارەسەركردنی كێشەكان هەولێر ـ بەغدا دەبێتە هۆی ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر ڕووی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بێت و بواری سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانی بیانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان زیاتر دەكات.
پوختەی كار و چالاكییەكانی ئیتاڵیا لە عێراق و هەرێمی كوردستان، دۆخی ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو كە بەڕێز كونسولی ئیتالیا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو.
نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئیتاڵیا كرد
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.