Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 20:14

حكومەت بازاڕسازی بۆ بەرهەمی جوتیاران لە وڵاتانی ئەوروپا دەكات

کوردستان TV
100%

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە جدییەوە كار لەسەر دروستكردن و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەكانی كوردستان دەكات لە وڵاتان، بۆ ئەمەش سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەردەوام لە كۆڕ و كۆبوونەوە و كۆڕبەند و دیدارە سیاسی و ئابوورییەكانی دونیا بەشدارە و گفتوگۆ لەوبارەیەوە دەكات و هەر ئەو هەوڵانە بوون، كە هەنار وەك یەكەم بەرهەم هەناردە بكرێت و دواتریش سێوی بەرواری و ترێ و هەنگوینی بەدوادا هات.
لەوبارەیەوە د. دلاوەر ئاژگەیی، بەرپرسی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە یەكیەتی ئەوروپا، لە گفتوگۆیەكی لەگەڵ پێگەی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەم بارەوە باسی لەوە كرد، كە بابەتی هەناردەكردنی بەرهەمی ناوخۆ كاری باشی لەسەر كراوە و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە سەردانی بڕۆكسێلی كرد و لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی بەلجیكا و  هۆڵەندا و  بەرپرسانی هەرێمەكان كۆ بووەوه، یەكێك لە بابەتە گرنگەكان ئەوەبوو كە یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدەن لەبارەی بەبازاڕكردنی بەرهەمە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان لە ئەوروپا.
 سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تەنیا لە ساڵی 2022ی زایینی، 217 دیدار و گفتوگۆ و سەردان و پێشوازی هەبووە لەگەڵ سەرۆك و وەزیر و كەسایەتییە سیاسی و ئابوورییەكانی وڵاتان، بەتایبەت یەكیەتی ئەوروپا، لە زۆرینەیان بەدەر لە باس و خواسی پرسە سیاسییەكان، بە جدییەوە باس لە فەراهەمكردنی بازاڕی جیهانی و وڵاتان بۆ بەرهەمەكانی جوتیارانی كوردستان كراوە.
بەرپرسی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە یەكیەتی ئەوروپا، باسی لەوە كرد، كە "یەكیەتیی ئەوروپا بازاڕێكی گەورە و كێبڕكێیەكی زۆری تێدایە، ئەگەر هەرێمی كوردستان بتوانێت ئەو دەرگایە بكاتەوە سوودێكی زۆر بە كەرتی كشتوكاڵ و داهاتی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت، و بەرپرسانی یەكیەتیی ئەوروپا بە خۆشحاڵییەوە ئەو بیرۆكەیان پێ باش بوو، چونكە دەیانەوێت زیاتر لەو ڕێگەیەوە‌ یارمەتی هەرێمی كوردستان بدەن، بەڵام ئەمە پێویستی بە هەندێك ڕێكار هەیه،‌ كە دەبێت لە ڕێگەی یەكێك لە وڵاتانی یەكیەتیی ئەوروپا بكرێت، بۆ ئەوەی بەرهەمی ئێمە بگاتە بەلجیكا و هۆڵەندا، دواتر دەتوانرێت بۆ هەر 27 وڵاتی  یەكیەتیی ئەوروپا هەناردەی بكەین".
لە هەناردەكردنی بەهەرمی هەناردا، حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێككەوتنی لەگەڵ زنجیرە ماركێتە جیهانییەكان كرد بۆ ئەوەی ئەو بەرهەمەی جوتیاران بخاتە نێو بەرهەمە ئۆرگانیك و سروشتییەكانی خۆیەوە كە لە وڵاتان دەفرۆشرێن. دكتۆر دلاوەر، لەم بارەوە باسی لەوە كرد، كە ئەوان هەر وەك دۆزینەوەی كۆمپانیا و ماركێتێكی جیهانی بۆ بەبازاڕكردنی هەنار، كاریان لەسەر بەرهەمی دیكە كردووە تا رێك بكەون بۆ ئەوەی بەرهەمەكانی كوردستان بە سەر بازاڕی وڵاتان دابەش بكەن و "بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵدا شاندێك لە بەلجیكا بێن و لەسەر ئەوە دیراسە بكەن و تاقیگەیەك لە هەرێمی كوردستان دەستنیشان بكەن بۆ  ئەوەی لەگەڵ تاقیگەیەكی بەلجیكا بە هاوبەشی كار بكەن، بۆ ئەوەی بە پێی ستانداردی ئەوروپی بڕوانامە بە بەرهەمەكانی هەرێمی كوردستان بدەن و دواتر هەناردەی بكەین و پێشبینی دەكەین لە ماوەیەكی زوودا بەرهەمەكانی هەرێمی كوردستان لە بازاڕەكانی ئەوروپا ببینین".

کوردستان ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.