وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان مووچەی 4 هەزار و 189 فەرمانبەر دەبڕێت کە بەشێوەی نایاسایی دوو مووچەیان هەبووە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دۆسییەی 4 هەزار و 189 فەرمانبەر و خانەنشین ڕەوانەی دیوانی چاودێری دارایی دەکات کە بەشێوەی نایاسایی دوو مووچەیان هەبووە.
ڕاشیگەیاند: بەپێی بڕیاری کۆتایی لێژنەی وردبینی و لێکۆڵینەوەی تایبەت بە لیستی فەرمانبەران و خانەنشینان کە ژمارەیان 10 هەزار و 819 مووچەخۆر بوو، لە سیستەمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر تۆمارکراون.
باسی لەوەش کرد کە "دوای تەواوکردنی ڕێکارەکانی یەکلاییکردنەوەی ناوی ئەو مووچەخۆرانەی کە دوو مووچەیان هەیە لەلایەن لیژنەی تایبەتمەند، لە کۆی 10 هەزار و 819 دۆسیەی دوو مووچەیی، دەرکەوت کە 4 هەزار و 189 دۆسیەیان بەنایاسایی دوو مووچەیان هەبووە بەپێی ڕیزبەندی".
- هەزار و 973 کەس بەنایاسایی دوو مووچەی خانەنشینیان وەرگرتووە.
- هەزار و 849 کەس بەنایاسایی دوو مووچەی فەرمانبەری و خانەشینیان وەرگرتووە.
- 367 کەس بەنایاسایی دوو مووچەی فەرمانبەریان وەرگرتووە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوەش داوە کە "دۆسیەی سەرجەم ئەو مووچەخۆرە نایاساییانە بە داتا و زانیاری تەواو ئاراستەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان دەکات تاوەکوو لە ڕێگەی دەستەکانیانەوە وردبینی لە ڕێکارەکانی بڕین و گێڕانەوەی ئەو بڕەمووچانە بکەن کە لەدوای ( 01ـی 07ـی 2020 ) بەدواوە بەنایاسایی وەرگیراوە، پێویستە بەزووترین کات لێیان وەربگیرێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.