جووتیارانی کورد و تورکمان لە گوندی تۆپزاوەی باشووری کەرکووک سەردانی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی (کەرکووک-گەرمیان)ـی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و لە ڕێگەی ئەوەوە داوایەکیان ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19ـی 03ـی 2023 جووتیارانی گوندی تۆپزاوە سەردانی د. کەمال کەرکووکی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی (کەرکووک-گەرمیان)ـی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد.
ڕاگەیاندنی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی (کەرکووک-گەرمیان)ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: جووتیارانی گوندەکە داوایان کرد کە ڕێگە نەدرێت و پارتی دیموکراتی کوردستان و بەتایبەت سەرۆک بارزانی ھەوڵ بدەن ئەو زوڵمانەی لە کورد و تورکمان کراوە لە کاتی ڕژێمی بەعس بە داگیرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بە بڕیاری ئەنجوومەنی شۆڕشی ھەڵوەشاوەی بەعس، گرینگە ئێستا مافەکانیان بۆ بگەڕێننەوە و زوڵمیان لێنەکرێت، چونکە ئەو زەوییانە موڵکی حەقیقی خۆیانن.
ڕاشیگەیاند: ئێستا بەبڕیاری پارێزگاری کەرکووک و بە پلانی بەڕێوەبەری شارەوانی وکشتوکاڵی کەرکووک لە ھەوڵدان بە ڕێگەی وەزارەتی نیشتەجێبوون و شارەوانی بەغدا لەسەر ئەو موڵکانەیان شار دروست بکەن.
ڕاگەیاندنی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی (کەرکووک-گەرمیان)ـی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا کە "لەپاش گوێگرتن لە داواکاری و پێشنیازەکانیان، د. کەمال کەرکووکی جەختی کردەوە کە ئەوان بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵ دەدەن ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە، ئەو زەویانە بە پێی ماددەی 140 ناوچەی کێشەلەسەرە بۆیە داوا دەکەن لە وەزیری نیشتەجێبوون و شارەوانی و حکوومەتی محەمەد شیاع سوودانی ئەو بابەتانە ڕابگیرێت، تاوەکوو چارەنووسی ناوچەکە یەكلادەبێتەوە و ستەملێکراوەکان بە مافی خۆیان دەگەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.