مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای کەرکووک – گەرمیان لە 32 ساڵەی ڕزگارکردنی کەرکووک دڵنیایی دەداتە خەڵکی شارەکە کە هیچ هێزێک نییە بتوانێت کەرکووکی دڵی کوردستان لە کوردستان و پارتی جیا بکاتەوە.
مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای کەرکووک – گەرمیان ڕاگەیەنراوێکی بە ناونیشانی "نەورۆز و کەرکووک، سیمبولیزمی خەبات و کۆڵنەدان و ئازادی" بڵاو کردۆتەوە و تێیدا هاتووە: ئازادکردنی شارەکە لە 20ی ئاداری 1991، لە ئێوارەی جەژنی نەورۆزدا، داستانێک بوو، تیایدا مێژوو خۆی دووبارە کردەوە، بە سەرکەوتنێکی نوێ بە ئازایەتیی گەلەکەمان و پێشمەرگە، و خۆنەویستیی سەرکردایەتیی کورد لە دژی خۆبەزلزانینی دەسەڵاتداران، بۆ ئەوەی کەرکووک هەمیشە وەک سیمبولی خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی گەلی کوردستان لەپێناو ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانە بمێنێتەوە.
دەقی ڕاگەیەنراوەکەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای کەرکووک – گەرمیان:-
نەورۆز و کەرکووک، سیمبولیزمی خەبات و کۆڵنەدان و ئازادی
بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و یادی (32) ساڵەی ئازادکردنی کەرکووک لە ڕاپەڕینی بەهاری 1991 پیرۆزبایی لە خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستان و کوردستانییان دەکەین. بە بۆنەی هەڵاتنی ڕۆژێکی نوێ، ڕۆژی سەرکەوتنی هەق و ڕەوایەتی بەسەر ستەمکاران ... ئەو ڕۆژەی گەلی کورد داستانی کۆڵنەدان و قارەمانێتیی دژی ستەمکاران تۆمار کرد، لە هەڵمەتی کاوەی ئاسنگەر و قوربانیدانی گەلەکەمان لەپێناو ژیانێکی سەربەرزانەدا، خۆری ئازادی هەڵات و ساڵێکی نوێ و پڕ شادیی کورد دەستی پێکرد، تیایدا چیاکانی کوردستان بە بەهاری ئازادی وسەربەرزی و شکۆ باڵاپۆش بوون...
هەروەها لەم ڕۆژەدا کە پڕە لە واتاکانی خەبات و کۆڵنەدان، یادی سی و دووەمین ساڵڕۆژی ئازادکردنی کەرکووک دەکەینەوە، کاتێک شەپۆلی ڕاپەڕینی گەلەکەمان لە بەهاری 1991 گەیشتە لووتکەی سەرکەوتن، بە بەدیهاتنی ئەو خەون و هیوا لەمێژینەیەمان کە خوێنێکی زۆری بۆ ڕژا و، کاروانێکی درێژی شەهیدان ڕەنگڕێژی کرد، کەرکووکیش لە بەندی سەردەمانێک لە ستەم و بێدادی و دەیان ساڵ داگیرکردنی گەل و خاک ئازاد کرا و، کەرکووک ئازاد و سەربەرز بوو و، تیایدا مەشخەڵی ئازادی هەڵکرا، مەشخەڵی نەورۆز داگیرسا و، هەموو گەلەکەی ئاهەنگی سەرکەوتنیان بە سەر دیکتاتۆریەتدا گێڕا.
لەم ڕۆژە پڕ شانازی و شکۆیەدا، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی ڕاپەڕین و شەھیدانی ئەنفال وگشت شەهیدانی کورد و کوردستان دەکەین و، پیرۆزبایی لە هەڤاڵی تێکۆشەر سەرۆک کاك مەسعود بارزانی و سەرجەم هاووڵاتییانی کوردستان دەکەین، بەتایبەت هاووڵاتییانی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، جەژنی شکۆداری نەورۆز و ساڵیادی ئازادکردنی شارە ئازیزەکەمان، کەرکووکی دڵی کوردستان، وەک سەرکردەی نەمر و باوکی ڕۆحیی نەتەوەی کورد، مستەفا بارزانی، ناوی نا ، پیرۆز دەکەین و، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی و بۆ گیانی کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد دادەنەوێنین.
داستانی ئازادکردنی کەرکووک بەری خەباتێکی درێژ و سەخت بوو دژی دڕندەترین دەسەڵاتی دیکتاتۆری کە لەو چەند دەیەیەی دەسەڵاتی ڕژێمی لەناوچووی بەعسدا گەیشتە لووتکەی ستەم و شەڕانگێزی. بڕیاری ئازادکردنەکە بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەیی و نیشتمانی بوو سەرکردایەتیی کورد و گەلەکەمان بە هەموو ڕەنگەکانیەوە لە ئەستۆیان گرت. لەبەر ئەوە، خەباتی گەلەکەمان لە سەختترین هەلومەرج و کاتدا بەردەوام بوو و، بەرەنگاری داگیرکاری و، ئۆپەراسیۆنەکانی کوشتنی بەکۆمەڵ (جینۆساید) و، ئەنفال و ڕاگواستنی زۆرەملێ بوو و، داستانی ئازادی نەخشێنرا بە خوێنی شەهیدان و خۆبەختکردنی کەسوکاری قوربانیان و، ئیرادەی بەرەی کوردستانی، کە لە کوردستان و لە شەڕە مەیدانییەکانی ڕاپەڕیندا سەرۆک مەسعوود بارزانی سەرۆکایەتیی دەکرد و، زنجیرە سەرکەوتنە درەوشاوەکانی گەلەکەمان و هێزی پێشمەرگەی قارەمان لە ڕاپەڕینی بەهاری 1991 بە ئازادکردنی شاری سەربەرزی و فیداکاری - کەرکووک گەیشتە لووتکە. ئەم ئازادییەیش شکستی هەموو پلان و پیلان و سیاسەتە شۆڤێنییەکانی سەلماند کە ڕاستییەکانی سەبارەت بە ناسنامەی کوردستانییانەی کەرکووکیان دەشێواند و، سەلماندی کەرکووک خاکێکە بە ناڕەوا و زۆرداری لە خاکی ئازیزی کوردستان دابڕێندراوە. ئازادکردنی شارەکە لە 20ی ئاداری 1991، لە ئێوارەی جەژنی نەورۆزدا، داستانێک بوو، تیایدا مێژوو خۆی دووبارە کردەوە، بە سەرکەوتنێکی نوێ بە ئازایەتیی گەلەکەمان و پێشمەرگە، و خۆنەویستیی سەرکردایەتیی کورد لە دژی خۆبەزلزانینی دەسەڵاتداران، بۆ ئەوەی کەرکووک هەمیشە وەک سیمبولی خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی گەلی کوردستان لەپێناو ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانە بمێنێتەوە.
ئەمڕۆیش کە جەژنی ئازادی - جەژنی نەورۆز - و ساڵیادی ئازادکردنی کەرکووکی شاری ئازادی دەگێڕین، ترسناکیی ئەو دۆخە نائاساییەمان لە بیر نەکردووە کە خەڵکی کەرکووک بە پێکهاتە جۆراوجۆرەکانیانەوە تیایدا دەژین، لە ژێر دەسەڵاتی میلیشیا و گرووپە چەکدارەکان و بە هۆی گەڕانەوەی سیاسەتی شۆڤێنیی بەعارەبکردنی بەرنامەڕێژ و، ڕاگواستنی زۆرەملێ و، دەستبەسەرداگرتنی زەوی و دەستدرێژ کردنە سەر سادەترین مافەکانی هاووڵاتیبوون و ئازادی، لە ئەنجامی خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەرە، کاتێک خیانەتکاران لەگەڵ داگیرکەران و بریکارانی ئەجێندای چەپەڵی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەستیان تێکەڵ کرد و، کەرکووک داگیر کرا و کەوتە ژێر دەسەڵاتی گرووپێکی سەپێندراو کە ڕەتیدەکەنەوە وانە لە مێژووی خەباتی گەلەکەمان و خۆڕاگری و کۆڵنەدانی وەرگرن و، بە پیادەکردنی سیاسەتی زۆرەملێ و لاساییکردنەوەی سەردەمانی ڕژێمی دیکتاتۆری لەناوچوو دەیانەوێت بەرەو پێشەوە هەڵبێن. بۆیە لە ساڵیادی پیرۆزی ئازادیدا داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەین جێبەجێکردنی مادەی (140) لە کەرکووک و سەرجەم ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کارا بکاتەوە، دیمەنەکانی سەرکەوتنەکانی ڕاپەڕینی گەلەکەشمان لە بەهاری 1991دا دوور نین لێمان. هەر بۆیە دەبێت دەستبەرداری سیاسەتەکانی دواخستن و فێڵکردن ببن، کە تەنیا مکوڕی و خۆڕاگریی گەلەکەمانیان زیاتر کردووە. هەروەها پێویستە هەوڵەکانمان چڕتر بکەین بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاشتەوایی و بناغەکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک، بەبێ گوێدانە مەزهەب و نەتەوە و بیروباوەڕیان.
لە جەژنی نەورۆز و ساڵیادی ئازادیی پیرۆزدا، جەماوەری خۆمان لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە و وەک پێشتر ڕامانگەیاند، هیچ هێزێک نییە بتوانێت کەرکووکی دڵی کوردستان لە کوردستان و لە پارتی دیموکراتی کوردستان جیا بکاتەوە. داگیرکەران ئەوەیان تاقی کردەوە، بەڵام سەریان دای لە بەردی خۆڕاگری و ئازایەتیی ڕۆڵەکانمان و هێزی پێشمەرگە و، هەموو جارێک بە شکستخواردوویی گەڕاونەتەوە.
هەروەها بە تەواوی بڕوا و قەناعەتی پتەوەوە پەیمان دەدەین کە کۆتایی بەو دۆخە نائاساییە دەهێنین و، بە گرتنەبەری هەموو ڕێگە یاسایی و سیاسی و دەستورییە بەردەستەکان لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ کۆتاییهێنان بە لاپەڕەی ئاژاوە و نادادپەروەری و دەستدرێژی لە کەرکووک و گشت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و، ئەم ناوچە و شارە ئازیزانە دەکەینەوە بە چرای ئازادی و برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و دیموکراسییانە بۆ ئەوەی تەواویی پێکھاتەکان ، لە سایەی ئاسایش و ئازادی و خۆشگوزەرانیدا بژین.
جەژنی نەورۆز لە هەموو گەلی کوردستان پیرۆز بێت... ساڵیادی ئازادکردنی کەرکووکمان لێ پیرۆز بێت...
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕینی شکۆداری بەهار و هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان ...
سڵاو لە هێزی پێشمەرگەی قارەمان، پارێزەرانی دەستکەوتەکانی کوردستان و سیمبوڵی خەبات و قوربانیدان...
دکتۆر کەمال کەرکووکی
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.