Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 21:49

وته‌كانی مه‌سرور بارزانی له‌ ئاهه‌نگی ئه‌مڕۆی نه‌ورۆز له‌ شاری هه‌ولێر

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ دووشه‌م بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە باڵیۆز و دیپلۆماتکاران و هاووڵاتییان، لە ئاهەنگێکی جەماوەریدا لە شاری هەولێر، ئاگری نەورۆز هەڵکرا.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له‌ میانه‌ی ئاهه‌نگه‌كه‌دا وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و ڕایگەیاند "لە ماوەی رابردوو، زۆر هەوڵیاندا ئابووری کوردستان هەرەس بهێنێت و سەقامگیرییەکەی تێک بچێت، بەڵام نەیانتوانی، هەروەها هەوڵیاندا ئیرادەی ئێمە بشکێنن، نەیانتوانی، لەبەرئەوەی پشتمان بە خوای گەورە بەهێزە و خاوەنی سەرۆک بارزانین و پشتمان بە خەڵک بەستووە".

ئەمەی خواره‌وه‌ دەقی گوتاره‌كه‌ی سەرۆکی حکوومەته له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌دا‌:

ئامادەبووانی هێژا

میوانانی بەڕێز

باڵیۆزەکان و دیپلۆماتکارەکان

هەمووتان زۆر زۆر بەخێربێن

سوپاسی ئامادەبوونی هەر هەمووتان دەکەم

ڕێگەم پێ بدەن بەناوی هەر هەمووتانەوە، بەخێرهاتنێکی گەرمی سەروەر و ڕابەر و مەرجعمان سەرۆک بارزانی بکەم.

نەورۆز لە جەنابی سەرۆک و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدەکان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست پیرۆز بێت.

بەڕێزان

نەورۆز یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێیە، کەواتە سروشتیش نوێ دەبێتەوە، لێرەدا هەموومان لە کوردستان شایەتی ئەوەین کە لەم رۆژانە کوردستان سروشتی رۆژ بە رۆژ جوانتر دەبێت و من لێرە دوو داواکاریم لە ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست هەیە.

یەک: هیوادارم کە دەچنە سەیران و ئەم سروشتە جوانە دەبینن، هیوادارم بیپارێزن و بە پاکی و خاوێنی رایبگرن.

دوو: داواتان لێ دەکەم پابەندی رێنماییەکانی هاتووچۆ بن، بۆ ئەوەی خۆتان و کەسوکارتان بپارێزن.

بەڕێزان

نەورۆز هێمای ئازادییە، نەورۆز ئاماژەی ئەوەیە کە میلـلەتێکی ستەملێکراو بەسەر ستەمکاردا سەرکەوت، ئازادی و رزگاری گەلێکی چەوساوەیە، نەورۆز روحییەتی تەحەدای لە گەلی ئێمەدا بەهێزتر کردووە، هەر لە سەرەتای دەستپێکی نەورۆزەوە تاکو ئێستا ئێمە هەمیشە رووبەڕووی تەحەدییات بووینەتەوە، بەڵام قەت کۆڵمان نەداوە.

بەڕێزان

لەو ماوەی رابردوو، ئێمە ڕووبەڕووی چەندین تەحەدییات بووینەتەوە، زۆر هەوڵیاندا کە کوردستان هەرەس بهێنێت، ئابووری کوردستان هەرەس بهێنێت، نەیانتوانی، هەوڵیاندا سەقامگیری کوردستان تێک بچێت، نەیانتوانی، هەوڵیاندا ئیرادەی ئێمە بشکێنن، نەیانتوانی، لەبەرئەوەی پشتمان بە خوای گەورە قایمە و خاوەنی سەرۆک بارزانین، هەروەها پشتمان بە ئێوەی خۆشەویست بەستووە.

لەو ماوەیە ئێمە هەموو هەوڵێکمانداوە بۆ ئەوەی کێشەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی چارەسەر بکەین و ئیرادەیەکی بەهێزمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و گرفتانە، هەنگاوی باشیش هاوێشتراوە، بۆ ئەوەی ئەو کێشانە چارەسەربکرێن، ئێمە لەگەڵ سەرۆک وەزیران توانیومانە هەنگاوی باش بهاوێژین و رێککەوتنی سەرەتایی بکەین لەسەر زۆربەی ئەو بابەتانە، هیوادارم هەموو ئەو بابەتانەیتریش کە ماون لە ماوەیەکی نزیکدا چارەسەر بکرێن.

ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە ئەوەی بەیەکەوە دەتوانین بیکەین، بەجیابوونەوە و سەنگەرگرتن ناتوانین، بۆیە هیوادارم هەر هەموومان بەیەکەوە هەموو هەوڵێك بدەین بۆ خزمەتکردنی خەڵکی خۆمان لە کوردستان و لە هەموو عێراقدا.

خوشک و برایانی بەڕێز

لەسەر دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش، ئێوە بینیتان ماوەیەکە هەندێک کێشە هەبووە، بەڵام ئەگەر ئیرادەی باش هەبێت ئێمە دەتوانین ئەو کێشانەش چارەسەر بکەین، من ئەمڕۆ لە پەیامەکەشمدا داوام کرد بۆ ئەوەی بەڕێزان تیمی یەکێتی بگەڕێنەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، من دیسان لێرە دووپاتی دەکەمەوە کە بگەڕێنەوە و هەر هەموومان لە ئاستی ئەو بەرپرسیارییەتە و ئەو متمانەیە بین کە پێتان داوین، ئەوەی لەسەر ئێمە واجبە ئەوەیە کە خزمەتی ئێوە بکەین، ئێمە بەڵێنمان بە ئێوە داوە و سوێندمان خواردووە کە خزمەتکارێکی راستەقینەی ئێوە بین. هیوادارم خودا یارمەتیمان بدات کە بەردەوام لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویست دابین.

جارێکتر نەورۆزی هەمووتان پیرۆز بێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.