سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی شەهیدکردنی 4 کورد بەهۆی ئاهەنگگێڕان و ئاگرهەڵکردن بەبۆنەی نەورۆز لە شارۆچکەی جندرێس لە عەفرینی کوردستانی سووریا پەیامێکی بڵاو کردەوە و دەڵێت، ئەم تاوانە سەرکۆنە دەکەین.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: ئێوارەی دوێنێ دووشەممە لە شارۆچکەی جندرێسی سەر بە شاری عەفرین، لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرشکرایە سەر ئاهەنگگێڕان و ئاگرهەڵکردن بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، لە ئەنجامدا بە داخێکی زۆرەوە، چوار هاووڵاتی کورد شەهید کران.
ڕاشیگەیاند: پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییەکان دەکەین و هاوخەمیانین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
سەبارەت بە ڕووداوەکەش سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش داوە کە بە توندترین شێوەش، ئەم تاوانە سەرکۆنە دەکەین و داوا لە بەرپرسانی ناوچەکە دەکەین، لێپرسینەوەی پێویست بکەن و ئەنجامدەرانی تاوانەکە بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.