Erbil 38°C شەممە 04 کانوونی دووەم 02:18

لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان نرخی كەلوپەل و خۆراك لە هەرێمی كوردستان دابەزیوە؟

کوردستان TV
100%

ساڵانە لەگەڵ ھاتنی مانگی رەمەزان، ھاووڵاتییان بەگشتی ئامادەكاری دەكەن لە رووی دابینكردنی كەلوپەلی پێوست و خۆراك و بازاڕەكان جمەیان دێت.
ئەمساڵ كە یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان ھاوكاتە لەگەڵ سێیەم رۆژی جەژنی نەورۆز، ھەر بۆیەش ئامادەكارییەكان لە هەرێمی كوردستان كەمترن بەراورد بە ساڵانی پێشوو، چونكە بەشێكی خەڵك بەھۆی جەژنی نەورۆزەوە، بازاڕكردنی پێشوەختەیان بۆ مانگی رەمەزان كردووە.
بەشێك لە ھاووڵاتییانیش بە مەبەستی بازاڕكردن لە دوكانەكانی فرۆشتنی خۆراك دەبیندرێن و خاوەن دوكانێكیش ئاماژە بەوە دەكات كە بەھۆی بەرزبوونەوەی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار، ئەوا نرخی كەلوپەل و خۆراك دابەزیووە بەراورد بە چەند مانگ پێش ئێستا.
لەوباریەوە خاوەن ماركێتێك بەناوی ئارام محەمەد لەبارەی ئامادەكارییەكان و نرخەكانی خۆراك لە مانگی رەمەزاندا گوتی: ئەمساڵ جیاوازییەكەی ئەوەیە كە جەژنی نەورۆز و هاتنی مانگی رەمەزان بەیەكەوە بوون و خەڵك كەلوپەل و پێداویستییەكانی بۆ نەورۆز و رەمەزان بەیەكەوە كڕیووە، هەروەها بەهۆی ئەوەی كە نرخی دۆلار دابەزیوە كۆمپانیاكانیش كەلوپەل و بەروبوومەكانییان ھەرزانتر دەفرۆشن، دەتوانین بڵێین نرخەكان سەدا 10 دابەزیووە.
لەبارەی خواستی هاووڵاتییانیش لەسەر كەلوپەل و بابەتە خۆراكییەكان، گوتی: بەهۆی ئەوەی لە پارشێوان زیاتر بابەتەكانی گوێز و باوی و هەنگوین لەسەر سفرەكان دەبینرێن هەر بۆیەش خواستی خەڵك زیاتر لەسەر ئەم بابەتانەیە.
هەروەها دوكاندار، كەمال تەها گوتی: ئەمڕۆ زیاتر خواست لەسەر خواردەمەنییە سەرەكییەكانە بەهۆی مانگی رەمەزانەوە كە خەڵك بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازی لێ دەكات.
كەمال تەها لەبارەی نرخەكانیشەوە گوتی: بەشێوەیەكی گشتی نرخەكان روو لە دابەزینن، چونكە بەشێك لە خاوەن كۆمپانیاكان بەھۆی مانگی رەمەزانەوە رەچاوی دۆخی دارایی هاووڵاتییانییان كردووە.
سەبارەت بە هۆكاری چۆڵی بازاڕیشەوە، گوتی: چۆڵی بازار دەگەڕێتەوە بۆ جەژنەكانی نەورۆز و ئادار، پێشبینی دەكرێت ھەفتەی داھاتوو بازاڕ قەرەباڵغتربێت و خەڵك بۆ دابینكردنی پێداویستییەكان سەردانی بازاڕەكان بكەن.
ئەمە لە كاتێكدایە كە چەند رۆژێك بەر لە ئێستا حكوومەتی عێراق بڕیاریدا كە چوار بابەت بۆ لە پێدانی بەشە خۆراك زیاد بكات ئەوانیش بریتیین لە یەك تەبەقە ھێلكە، پێنج كیلۆ ئاردی سفر، یەك كیلۆ شەعرییە و نیو كیلۆ نیشاستە بۆ ھەر خێزانێك و بڕیاریشە لەم مانگەوە بڕیارەكە بچێتە واری جێبەجێكردن و هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.
 

کوردستان ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.