Erbil 38°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 10:35

حه‌سه‌ن جزيرى ..خۆشخوان و ده‌نگێكى ڕه‌سه‌ن وپارێزه‌رى لاوك سترانى كوردى

(1917جزير و بۆتان _ 9/7/1983 زاخۆ)
کوردستان TV
100%

له‌ده‌ستپێكدا ده‌بێت هه‌موو كات ڕۆڵى ڕاديۆى كوردى به‌غدا و كارمه‌ند و هونه‌رمه‌نده‌‌ دڵسۆزه‌كانى له‌تۆماركردن و ئه‌رشيفكردنى ده‌نگى خۆش و به‌سۆزى هونه‌رمه‌ندانى گه‌له‌كه‌مان له‌سه‌ره‌تاى چله‌كانى سه‌ده‌ى پێشوو به‌رزبنرخێنين ،

ڕاديۆى كوردى به‌غدا له‌وسه‌رده‌مه‌دا به‌وپه‌ڕى دڵسۆزييه‌وه‌   بۆهونه‌رمه‌ندان له‌هه‌ربه‌شێكى كوردستانه‌وه‌ ڕوويان لێكردبێت باوه‌شى خزمه‌تكردن و په‌روه‌رده‌كردن و درێژه‌ دان به‌هونه‌رى بۆكردوونه‌ته‌وه‌،

گۆرانى( كاڤوكێ) ئه‌و گۆرانييه‌ كرمانجييه‌ يه‌ كه‌ به‌هه‌ست وزه‌ين و ڕۆحى زۆربه‌مان له‌ ڕووى ميلۆدى و تێكسته‌وه‌ ئاشنايه‌، ده‌نگى خۆش و پڕچێژى (حه‌سه‌ن جزيرى) يه‌ له‌ڕێي ئه‌و گۆرانييه‌وه‌ كاريگه‌رى له‌سه‌ر زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان داناوه‌و په‌لكێشى لاى ده‌نگ و هونه‌ره‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌ى خۆى كردوون،هه‌ندێك هونه‌رمه‌ند پێى سه‌رسام و ته‌نانه‌ت به‌ده‌نگى خۆيان  كاڤۆكێ یان دووپاته‌يان كردۆته‌وه‌.

هونه‌رمه‌ندى ده‌نگ زوڵاڵ و نابينا ( حه‌سه‌ن جزيرى) ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ى په‌روه‌ردگارى به‌خشنده‌ ، جوانترين و به‌نرخترين هه‌ستى لێسه‌ندۆته‌وه‌ ئه‌ويش( بينينه‌)، به‌ڵام ميهره‌بانى په‌روه‌ردگار له‌لايه‌كى ديكه‌وه‌ پاداشتى كردۆته‌وه‌ و هه‌ستى زياترى پێبه‌خشيوه‌، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌نى جزيرى  به‌داخه‌وه‌ كه‌نابينا بووه‌ ، به‌ڵام له‌ ‌چاوى دڵه‌وه‌  ڕوانيويه‌تييه‌ ژيان و گه‌شه‌ى به‌هونه‌ره‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌ى داوه‌و،  ده‌يان به‌رهه‌مى ناوازه‌ى تۆماركردووه‌ و گه‌نجينه‌ى مه‌قام و لاوك و سترانى كوردى پێ ده‌وڵه‌مه‌ندكردووه‌ .

 هونه‌رمه‌ندى لاوك و سترانبێژ (حه‌سه‌ن جزيرى ) له‌ جزير و بۆتانه‌وه‌ بۆ شارى به‌غدا .

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن جزيرى( حه‌سه‌ن فه‌تاح ئه‌حمه‌د)  له‌گه‌رمه‌ى شه‌ڕى يه‌كه‌مى جيهانى له‌مه‌ڵبه‌ندى تژى له‌ لاوك و ستران له‌ ساڵى (1917) له‌جزير و بۆتان له‌ خانه‌واده‌يه‌كى نه‌دارو كه‌مده‌رامه‌ت و هونه‌ردۆست به‌دنيا هاتووه‌، هونه‌رمه‌ند له‌نێو دنياى هونه‌ردا به‌ (حه‌سه‌ن جزيرى) ناسراوه‌ .

باوكى هونه‌رمه‌ند( فه‌تاح ئه‌حمه‌د) له‌به‌رئه‌وه‌ى خاوه‌نى ده‌نگێكى خۆشبووه‌و له‌ژێر كاريگه‌رى ده‌نگبێژان و لاوكبێژانى ده‌ڤه‌ره‌كه‌يدابووه‌، كاريگه‌رى ده‌نگى به‌سۆزى (سه‌عيدئاغاى جزيرى ) له‌سه‌ر هه‌بووه‌ ،خۆشيي كه‌سێكى چالاك و زيره‌ك بووه‌ و له‌ڕێي ده‌نگ و چڕينى لاوكه‌وه‌ له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا خۆى ناساندووه‌‌،

دواى ئه‌وه‌ى خواى گه‌وره‌(حه‌سه‌ن ) ده‌به‌خشێته‌ خانه‌واده‌ى (فه‌تاح محه‌مه‌د) ده‌ستكورتى و هه‌ژارى و سه‌ختى ژيان بارگه‌ى پێ ده‌پێچێته‌وه‌ و ڕووده‌كاته‌ باشوورى كوردستان له‌گه‌ڵ  هاوسه‌ر و سێ كوڕوكچه‌كه‌ى  به‌ناوه‌كانى ( حه‌سه‌ن ، محى الدين و چاچان و كچه‌كه‌ى  ئايا)  له‌ (زاخۆى ده‌لال) نيشته‌جێ ده‌بن ، هێشتا حه‌سه‌ن منداڵه‌ كه‌ (شه‌مسه‌ حه‌ميد) ى دايكى ده‌چێته‌ به‌ردلۆڤانى په‌روه‌ردگارى مه‌زن(*1)

 حه‌سه‌نى منداڵ له‌سۆز و ئامێزى دايك بێ به‌ش ده‌بێت، بۆمه‌به‌ستى ئاگاداربوون له‌ ژيان په‌روه‌ردكردنى منداڵه‌كانى  باوكى خاتوو

( حه‌ليمه‌ ) ده‌كاته‌ هاوسه‌رى خۆى ، حه‌سه‌ن جزيرى هونه‌رمه‌ند ده‌بێته‌ خاوه‌ن باوه‌ژه‌ن.

باوكى هونه‌رمه‌ند ( فه‌تاح ئه‌حمه‌د) بۆ دابينكردنى بژێوى ژيانى خۆيي و منداڵه‌كانى له‌ ديوه‌خانى( حازم به‌گى شه‌مزين ئاغا) ده‌بێته‌ چايچى وقاوه‌چى و درێژه‌ به‌و كاره‌ى ده‌دات تا ماوه‌ى (20) ساڵ ژيان به‌وشێوه‌يه‌ ده‌گوزه‌رێنێ ، له‌ديوه‌خانى ئاغا و به‌گه‌كانى كوردستان نه‌ريت وابووه‌ به‌هۆى نه‌بوونى ڕاديۆ و ته‌له‌فزيۆن ، زۆربه‌ى شه‌وان كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ى دۆستان و يارانى ئاغاكان، ده‌نگخۆش و سترانبێژه‌كان به‌ده‌نگه‌ پڕ سۆزه‌كانيان ستران و لاوكيان چڕيوه‌، فه‌تاح ئه‌حمه‌ديش له‌به‌ر ئه‌وه‌ى زاده‌ى ناوچه‌يه‌كى ده‌وڵه‌مه‌ندبووه‌وشاره‌زاييه‌كى زۆرى له‌ فۆلكلۆردا هه‌بووه‌و هه‌روه‌ها له‌ژێركاريگه‌رى ستران و لاوكه‌كانى سه‌عيدئاغاى جزيرى بووه‌ ،زۆربه‌ى شه‌وان له‌وديوه‌خانه‌ لاوك و سترانى چڕيوه‌، ئه‌و ژيانه‌ كاريگه‌رى زۆرى له‌سه‌ر حه‌سه‌نى جزيرى داناوه‌و ده‌نگخۆشيي باوكى و ستران و لاوكى ناوچه‌كه‌و ديوه‌خانه‌كه‌ بوونه‌ته‌ هه‌وێن و فێرگه‌يه‌كى به‌سوود بۆ هونه‌رمه‌ند، حه‌سه‌ن جه‌زيرى له‌گه‌ڵ باوكيدا به‌وشێوه‌يه‌ ده‌مێنێته‌وه‌و ڕۆژانه‌ خه‌رمانى هونه‌رى خۆى ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌كات ،

حه‌سه‌ن جزيرى به‌دواى كاردا وێڵه‌و ئازادى له‌باوكى وه‌رده‌گرێت و ده‌بێته‌ شاگردى (وه‌ستا برايمى مسگه‌ر) سه‌رقاڵى سپىيكردنه‌وه‌ى مه‌نجه‌ڵ و سينى و قاپى مس ده‌بن كه‌له‌وسه‌رده‌مه‌دا زياتر ئه‌و كاڵا مسانه‌ بۆ ئاماده‌كردنى خۆراك به‌كارده‌هات .

حه‌سه‌ن جزيرى  له‌گه‌ڵ وه‌ستا برايمدا گوند و ئاوايي ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ ته‌ى ده‌كه‌ن بۆ سپيكردنه‌وه‌ى ئه‌و كاڵايانه‌ و به‌ده‌ستهێنانى بژێوى ژيان ، ئه‌و گه‌ڕان و كێوماڵ كردنه‌وه‌ده‌بێته‌ ئه‌زموونێكى زێده‌تر بۆ حه‌سه‌نى مێرمنداڵ و زياتر ئاشنابوون به‌لاوك و سترانه‌كانى ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ و پاشخانى هونه‌رى خۆى ده‌ڵه‌مه‌ندتر ده‌كات ،

حه‌سه‌ن جزيرى هونه‌رمه‌ند، به‌داخه‌وه‌ له‌ته‌مه‌نى (10) ساڵاندا دووچارى نه‌خۆشيي چاو ده‌بێت ، دياره‌ له‌وسه‌رده‌مه‌دا چاره‌سه‌ر و زانستى پزيشكى به‌وشێوه‌يه‌  پێشكه‌وتووه‌ نه‌بووه‌ ،پێده‌چێت هونه‌رمه‌ند دووچارى نه‌خۆشيي( ته‌راخوما)ى چاو بووبێت به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌نه‌توانراوه‌ چاره‌سه‌رى بكه‌ن، ئه‌و نه‌خۆشييه‌ له‌گه‌ڵيدا گه‌وره‌ ده‌بێت وته‌شه‌نه‌ده‌كات وڕۆژانه‌ چاوه‌كانى ڕوو له‌كزى ده‌كه‌ن، ته‌مه‌نى تاده‌گاته‌ (18) ساڵى كه‌لوتكه‌ى گه‌نجى و چێژوه‌رگرتنه‌ له‌ژيان،  به‌داخه‌وه‌ به‌يه‌كجارى له‌دنياى بينين بێ به‌ش ده‌بێت و، ئيتر ڕۆشنايي به‌چاوه‌كانى دا نامێنێت، به‌ڵام له‌ڕێگه‌ى هه‌ست و چاوى دڵه‌وه‌ درك به‌ڕۆشنايي ژيان ده‌كات.

ڕاديۆى كوردى به‌غدا و بڵاوبوونه‌وه‌ى ده‌نگ و سه‌داى حه‌سه‌ن جزيرى ...

 هونه‌رمه‌ندى ده‌نگخۆش و نابينا له‌ته‌مه‌نى (24) ساڵيدا واته‌ (1941) خولياى ستران و لاوكچڕين ده‌يخاته‌ سه‌ر ڕێگايه‌كى دوورو درێژى خۆويست و ئاره‌زوو مه‌ندانه‌ ئه‌ويش شارى به‌غدايه‌و  هێشتا ڕه‌به‌نه‌و له‌ميوانخانه‌يه‌ك ده‌گيرسێته‌وه‌،

به‌ڵام ڕايه‌كى جياواز له‌و ساڵه‌دا(1941) دا هه‌يه‌ ئه‌ويش نووسه‌ر و ڕۆشنبير و بێژه‌ر و پێشكه‌شكارى به‌رنامه‌ ( كه‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د1942_2018) ده‌ڵێت ( پێموايه‌ زووتر هاتبێته‌ به‌غدا له‌نێوان ساڵى 1930 بۆ 1931 ، له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د عارف جزيرى پێكه‌وه‌ سترانى ( گر سيرا بسيرا ) يان بۆ مريه‌م خان  سه‌ندۆته‌وه‌) (*2)

په‌يوه‌ندييه‌كى برايانه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ له‌نێوان هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند (محه‌مه‌د عارف جزيرى و حه‌سه‌ن جزيرى) دا هه‌بووه‌ ماوه‌يه‌كى زۆر پێكه‌وه‌ گوند و ديوه‌خانه‌كانى ده‌ڤه‌رى زاخۆ گه‌ڕاوون و لاوك و سترانيان خوێندووه‌،ته‌نانه‌ت پێكه‌وه‌ گه‌شتيان كردووه‌ بۆ (حه‌له‌ب و قاميشلۆ) ،له‌ساڵى (1933) يه‌كه‌م گۆرانى (كوردى _ عه‌ره‌بى) له‌سه‌ر (گرام _ سه‌فحه‌ _قه‌وان) به‌ناوى ( جاء مطر بدرب قاميشلو) له‌حه‌ڵه‌ب له‌لاى كۆمپانياى ( سۆداڤا Sodwa) تۆماركردووه‌ .(*3)

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن جزيرى له‌شارى به‌غدا به‌هۆى ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌يه‌وه‌، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند (عه‌لى مه‌ردان1904_24/7/1981) پێى ئاشنا ده‌بێت و به‌هۆى عه‌لى مه‌ردانه‌وه‌ ده‌چێته‌ ڕاديۆى به‌غدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هونه‌رمه‌ند خاوه‌نى ده‌نگێكى به‌سۆزو خۆش وشاره‌زابووه‌ له‌چڕينى لاوك و ستراندا وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكى لێهاتوو له‌ڕاديۆ په‌سه‌ندكراوه‌ و هه‌فتانه‌ كاتێكى به‌شێوه‌ى ڕاسته‌وخۆ بۆ ده‌ستنيشان كراوه‌ تا به‌رهه‌مه‌كانى پێشكه‌ش بكات ، له‌ساڵى (1942)وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكى ديار له‌ڕاديۆى كوردى به‌شێوه‌ى فه‌رمى ده‌ست به‌كارده‌بێت ، يه‌كه‌م لاوك و ستران به‌ناوى ( ياركه‌ ورى _ لاوك) ، ( بابى سيرو _ ستران) تۆمارده‌كات و بڵاوده‌بێته‌وه‌،(*4)

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن جزيرى ، هونه‌رمه‌ندێكى به‌ئاگا و لێهاتوو و شاره‌زا بووه‌ له‌خوێندنى لاوك و ستران داو دركى به‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ پێويسته‌ هونه‌رمه‌ند شاره‌زا بێت له‌ژه‌نينى يه‌كێك له‌ئامێره‌ مۆسيقي يه‌كان، هونه‌رمه‌ند له‌ساڵى (1958) خۆى فێرى ئامێرى ( عود) ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى هاوكارى بێت له‌كاتى دانانى ئاواز وچڕينى لاوك و سترانه‌كانيدا.

مامۆستا باكورى  ياده‌وه‌رييه‌كى خۆيي و هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن جزيرى سه‌باره‌ت به‌ژه‌نينى عوده‌كه‌ى جزيرى ده‌گێڕێته‌وه‌ و ده‌ڵێت ( ئاهه‌نگى سه‌رى ساڵى 1956 بوو من و هونه‌رمه‌ندان حه‌سه‌ن جزيرى و نه‌سرين شيروان له‌كۆمپانياى نه‌وتى كه‌ركوك ده‌عوه‌ت كرابووين،ده‌سته‌ى به‌رێوه‌بردنى يانه‌ى فه‌رمانبه‌رانى ئه‌وێ ، ئاهه‌نگێكيان سازكردبووهه‌رسێكمان به‌شداربووين ، حه‌سه‌ن عودى لێ ئه‌دا، ئه‌گه‌رچيش كه‌مێك (ناساز _ ناشاز) ى ده‌كرد و منيش به‌كه‌مانچه‌ ، منيش هه‌رزۆر باش نه‌بووم له‌كه‌مانچه‌ ژه‌نين به‌ڵام ناچارى بوو، خه‌ڵكه‌كه‌ش زۆر هه‌ستيان به‌مه‌ نه‌ده‌كرد له‌به‌ر گۆرانى و لاوكه‌ خۆشه‌كانى حه‌سه‌ن جزيرى و (نه‌سرين شێروان1922_10/10/1990) و به‌سته‌ تازه‌كانى من) (*5) 

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن جزيرى  ماوه‌ى (20) ساڵ له‌ شارى به‌غدا به‌ ڕه‌به‌نى له‌ ميوانخانه‌ ژيان به‌سه‌ر ده‌بات و به‌ڵام له‌تێكۆشان و به‌خششى هونه‌رى به‌رده‌وامه‌ و په‌يوه‌ندييه‌ كۆمه‌ڵايه‌تيه‌كانى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانى ڕاديۆ فراوانتر و پته‌وترده‌كات، په‌يوه‌ندى برايانه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ى له‌ته‌ك  مامۆستا (عه‌لى مه‌ردان 1904_24/7/1981) و( تايه‌ر تۆفيق1922_20/10/1987) و

 (حه‌سه‌ن زيره‌ك1921_26/6/1972)  و( محه‌مه‌د عارف جزیری 1912_17/12/1986) و

 (نه‌سرين شيروان1922_10/10/1990) و

( ڕه‌سوڵ گه‌ردى1922_17/10/1994) دا درێژه‌ پێده‌داو سه‌رساميش بووه‌ به‌ده‌نگ و هونه‌رى ئه‌و هاوڕێ هونه‌رمه‌ندانه‌ى.

له‌گه‌ڵ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند عه‌لى مه‌ردان ومحه‌مه‌د عارف جزيرى له‌ساڵى (1961) گه‌شتيان كردووه‌ بۆ شارى كرماشان وميوانى هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زيره‌ك ده‌بن و له‌ڕاديۆى كرماشان هونه‌رمه‌ند لاوك وستران تۆمارده‌كات .

له‌هه‌مان ساڵدا واته‌ (1961) كۆتايي به‌ژيانى ڕه‌به‌نى دێنێت ، له‌گه‌ڵ خاتوونێكى عه‌ره‌ب به‌ناوى ( سوعاد ئيبراهيم ) ژيانى هاوسه‌رى پێكدێنێت و ده‌بنه‌ خاوه‌نى دووكچ و كوڕێك به‌ناوه‌كانى ( ئه‌مسال و سوندس و فه‌لاح)  .

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن جزيرى  له‌ماوه‌ى (33 بۆ 34) ساڵ  مانه‌وه‌و خزمه‌تكردن به‌ مه‌قام و لاوك و ستران له‌ڕاديۆى كوردى به‌غدا، واته‌ له‌ساڵى (1942 بۆ 1975) تاخانه‌نشين ده‌بێت ، هونه‌رمه‌ند نزيكه‌ى (308) مه‌قام و لاوك و سترانى ڕه‌سه‌نى تۆماركردووه‌ ، ده‌كاته‌ ماوه‌ى ( 30) كاتژمێر تۆمارى ده‌نگى لاوك و سترانی هه‌یه‌.

به‌پێى ڕيزبه‌ندى تۆماركردنى ڕاديۆى كوردى به‌غدا، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن جزيرى به‌پله‌ى سێيه‌م دێت دواى هونه‌رمه‌ندان (مامۆستا عه‌لى مه‌ردان ، 60كاتژمێر ) و ( ڕه‌سوڵ گه‌ردى 40كاتژمێر ) (*6)

خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت به‌ده‌نگه‌ زوڵاڵه‌كه‌ى ئه‌و هه‌موو به‌رهه‌مه‌ى خستۆته‌ سه‌رخه‌رمانى لاوك و سترانى كوردى كه‌ بۆهه‌ميشه‌ جێي ستايش و به‌رزنرخاندنى كه‌سايه‌تى و هونه‌رى ڕه‌سه‌نى هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌نى جزيرى يه‌ ،هه‌روه‌ها له‌ساڵى (1967) به‌دواوه‌  چه‌ند گۆرانييه‌كى ده‌نگ و ڕه‌نگى له‌ته‌له‌فزيۆنى كه‌ركوك تۆماركردووه‌.

دواى خانه‌نشين بوونى و هه‌ڵكشانى ته‌مه‌ن و سۆزو خۆشه‌ويستى و غوربه‌تى بۆ وڵات و نيشتمان، له‌كۆتايي ته‌مه‌نيدا به‌ جه‌سته‌يه‌كى نه‌خۆشه‌وه‌ بڕيارده‌دات به‌ خێزانه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان و ئه‌و ته‌مه‌نه‌ى ماويه‌تى له‌ناو هاوزمان وژينگه‌ و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و هونه‌رى ڕه‌سه‌نى نه‌ته‌وه‌كه‌يدا به‌سه‌ر ببات ، له‌ساڵى (1982) بۆ دواجار شارى به‌غدا به‌جێدێڵێ و له‌زاخۆى ده‌لال له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و منداڵه‌كانيدا نيشته‌جێ ده‌بن .

به‌هۆى نه‌خۆشيي درێژخايه‌ن و وه‌ستانى هه‌ردوو گورچيله‌ى  له‌ ته‌مه‌نى (66) ساڵيدا وله‌ڕێكه‌وتى ( 9/7/1983) هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن جزيرى  كۆچى دوايي ده‌كات وخوداحافيزيي له‌ هونه‌ر و لاوك و ستران و كوردستان ده‌كات ، له‌ گۆڕستانى زاخۆ ئه‌سپه‌رده‌ى خاكی كوردستان ده‌كرێت،

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌ندێك هونه‌رمه‌ند و هونه‌ردۆست باسى لێوه‌ ده‌كه‌ن ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌كاتى سپاردنى به‌خاكى پيرۆزى كوردستان، گرنگى به‌گڵكۆكه‌ى نه‌دراوه‌ و له‌ماوه‌ى ئه‌و چه‌ندين ساڵه‌دا ، گڵكۆكه‌ى شێواوه‌و هيچ شوێنه‌وارێكى لێ به‌جێ نه‌ماوه‌ ، به‌داخه‌وه‌ ده‌توانين بڵێين هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن جزيرى تا له‌ژياندا بووه‌ نه‌دارو كه‌م ده‌رامه‌ت و كرێچى ماڵان بووه‌، له‌ كۆچكردنه‌كه‌شيدا هه‌ر هه‌ژار و هونه‌رمه‌ندێكى گڵكۆ وون بووه‌....؟!

له‌ياد و ياده‌وه‌ريي خاوه‌ن ده‌نگێكى ڕه‌سه‌ن وبولبولى خۆشخوانى ئاواز ولاوك و سترانى كورديدا حه‌سه‌ن جزيرى ، وێڕاى سڵاو و چه‌پكه‌ گوڵى كوردستان بۆسه‌ر گڵكۆى وونى ، ده‌بێت ڕێز له‌هونه‌ر و ده‌ست و په‌نجه‌ى هونه‌رمه‌ندانى ژه‌نيارى به‌ر‌هه‌مه‌كانى هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن جزيرى بگرين كه‌ هاوكار و پشتيوانى به‌رهه‌مه‌كانى هونه‌رمه‌ند بوون.

هه‌ندێك له‌به‌رهه‌مه‌پڕ چێژ و به‌ناوبانگه‌كانى هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن جزيرى  :

 ( لاوكى عه‌بدالى  ، لاوكى مه‌ترانۆ ، لاوكى بلبۆ ، به‌سته‌ى كاڤوكێ ، لاوكى ساڵحۆ ، ئه‌حمه‌دى مالا موسا و لێ لێ دينێ ،هه‌ى لۆ دلان به‌هاره‌ و ئه‌ز نه‌خۆشم  ......چه‌ندينى تر )

جه‌مالى ده‌لاك  19/1/2021 هه‌ولێر

سه‌رچاوه‌:

(*1) كتێبى گۆرانيبێژه‌ نه‌مره‌كان ،،، به‌شى يه‌كه‌م  ،،باكوورى  ،،لاپه‌ڕه‌ (101)

(*2و3) كتێبى مێژووى ڕاديۆى كورديي به‌غداد،،1939_1958 ، به‌رگى يه‌كه‌م /جزمى يه‌كه‌م ، لاپه‌ڕه‌ (620)

(* 4 و 6)سايتى گلگامش ،،ذكرى الفنان حسن جزراوي ، عه‌بدولكه‌ريم عه‌بدولڕه‌حمان ...29/7/2007

(*5) كتێبى گۆرانيبێژه‌ نه‌مره‌كان ،،، به‌شى يه‌كه‌م  ،،باكوورى  ،،لاپه‌ڕه‌ (101)

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.